ڕۆژی دووشەممە ٤ی مانگی ڕێبەندان بە ئیبتکاری ڕووسییە و هاوکاریی تورکییە، کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی ڕژیمی سورییە و هەیئەتێک پێکهاتوو لە نوێنەرانی ههندێ لە لایەنەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی ئەم وڵاتە، لە ئاستانەی پێتەختی قەزاقستان بەڕێوەچوو. لەم وتووێژانەدا دێمیستۆرا، نێردەی ئاشتیی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ شەڕی سورییە و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی، فەڕانسە، ئامریکا و یەکێتیی ئۆرووپا ئامادەن. ئەم کۆبوونەوەیە قەرارە ڕۆژی سێشەممەش لەپشت دهرگا داخراوەکاندا درێژەی هەبێت. ئەم موزاكراته لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچن کە هێزەکانی ڕژیمی ئەسەد، حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامیی درێژە بە بۆمبارانی ههندێک ناوچە دەدەن لە ناوخۆی سورییەدا کە نەیارانی تێدا جێگیرن. پێویست بە ئاماژەیە کە دوای داگیرکرانی بەتەواوەتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب لە دێسامبری ساڵی ڕابردوو، پووتین پێشنیاری ئهوهی کرد کە موزاكره لە نێوان لایەنە دەرگیرەکان بەئامانجی بەردەوامیی و چەسپاندنی ئاگربهسی سەرتاسەریی لە سوورییە بەڕێوەبچێت و وڵاتی قەزاقستانیشی بۆ بهڕێوهچوونی دیاریكرد.ئەوە نیازەکانی ڕووسییەیە کە هاوتەریب نییە لەگەڵ بەرژەوەندی لایەنەکانی دیكه. لە یەکەم ڕۆژی موزاكراتدا، سەرەڕای مەیلی ڕووسییە و گوشاری توركییه بۆ سهر هێزەکانی ڕژیمی ئەسەد، حیزبوڵڵا و سپای پاسداران و جەخت کردنهوه لەسهر بهشداریی گرووپە ئۆپۆزۆسیۆنەکان لهم موزاكراته، لایەنەکان سەرلەنوێ لەسەر داخوازییەکانیان پێداگرییان کرد. نوێنەرانی ڕژیمی سوورییە، ئامانجی ئەم موزاكراته و درێژەی ئاگربهسیان بە دەرفەتێک بۆ جیاکردنەوەی هێزە تێرۆریستەکان لە ناتێرۆریستەکان باسکرد و دەستور جەلەسەکەشیان بە ناڕۆشن وەسف کرد. لایەنی نەیاریش، موزاكرهیان هێنایهسهر باس لهسهر قۆناغی گواستنهوهی دهسهڵات، به جۆرێك کە ببێتە هۆی لاچوونی ئەسەد و له ههمان كاتیشدا جهختیان لهسهر دەرکرانی هێزەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا لە سوورییە کردهوه. کۆماری ئیسلامیی لە وەها بارودۆخێکدا هاتنەئارای ئاگربهس و ئاڕاستەی موزاكرهكان بە زیانی خۆی دەبینێ. کۆسپ و تهگهرهخستنهكانی ئەم ڕژیمە، لەوانە پێشێلکردنی ئاگربهس، له ڕێگهی درێژەدان بە هێرش بۆسەر پێگەی ئۆپۆزۆسیۆن یاخود داخوازیی بەشدارینەکردنی ئامریکا لەم موزاكراته دا کە بەرەوڕووی کاردانەوەی نهرێنیی ڕووسیە بۆوە، ههتا ئاستێک کە دەوڵەتی ڕووسییە ڕایگەیاند کە بەبێ بەشداریی ئامریکا، کارێکیان بۆ ناکرێت و داوای لە ئامریکاش کرد كه بەشداری ئەم موزاكراته بێت.
ههتا ئەو جێگهیەی كه ههڵدهگهڕێتهوه سهر تورکییە، نیازی زۆر و خواستی ئەم دەوڵەتە بۆ باشتربوونی مۆناسبات لەگەڵ ڕوسییە و دهربڕینی ئامادیی ئەم وڵاتە بۆ هاوکاریی، له چەند مانگ پێشتر و لە لایەن ڕوسییەوە قەبوڵ کرا. بەڕێوەچوونی موزاکراتی “ئاستانە” ئەو دەرفەتە بۆ تورکییە دهڕهخسێنێ ههتا بە گوشارخستەنەسەر گرووپە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی ژێر نفوز و پشتیوانی خۆی، لهڕێگهی ناچارکردنیان بە قەبوڵکردنی بەشداربوون لە موزاكراتی ئاستانە، زەرفییەتەکانی بۆ هاوکاریی لەگەڵ ڕووسییە بەکار بێنێ. ئەمەش ڕووسییەی ناچار کرد ههتا لهڕێگهی پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە تورکییە لەم موزاكراتهدا، لەم زەرفیەتەی دەوڵەتی تورکییە کەڵک وەربگرێت. ئەم کارەش ناڕەزایەتیی ڕژیمەکانی سورییە و کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە. بەڵام ڕووسیە گوێی پێنەدان. لە وهڵام بەم ناڕەزایەتییانە بوو کە پووتین وەبیری هێنانەوە کە ئەگەر ڕووسییە دهخاڵەتی نەکردبایە، حکومەتی ئەسەد لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا دەڕووخا و وتەبێژی “کرێملین”یش هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی کە کۆسپ نەخاتە سهر ڕێی موزاكراتی ئاستانە.
هەروەک ئاماژەی پێدرا دهخاڵەتی ڕووسیە لە سورییە لە بارودۆخێکدا دەستی پێکرد کە حکومەتی بەشار ئەسەد خەریکبوو دەڕووخا. ئەم هەنگاوەی ڕووسیە بەدوای داگیرکرانی کریمەدا، دووهەم جووڵە بوو کە بۆ پیشاندانی توانای نیزامیی خۆی و بەشخوازیی و قایمکردنی پێگەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ باقی هێزە سەرمایەدارییە جیهانییەکان ئەنجامیدا. ئەم جێگهوپێگهیهی ئێستا لە هاوسەنگیی هێزی نێونەتەوەییشدا قەبوڵ کراوە. لە وهها بارودۆخێکدا ڕووسیە لە تەوافوق لەگەڵ ئامریکادا دەیهەوێ لهڕێگهی دامەزراندنی ئاگربهس و موزاكراتی ئاشتیی لە ئاستانە و ژنێڤ، بچێته شوێن سیاسەت و ئامانجەکانی دواتری لە سوورییە. بە مهبهستی چەسپاندنی ئەم پێگەیەشی، دەیهەوێ پایەگای نیزامیی خۆی لە سورییە بەرینتر بکات. لەم پێوەندەدا دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕاسپێردراوه كه قەرادادێک لەگەڵ ڕووسیەدا واژۆ بكات و بەو پێیه، ڕووسییە دەتوانێ بۆ ماوەی ٤٩ ساڵ لە پێگە نیزامییەکانی لە تهرتوس کەڵک وەربگرێت.
بەمجۆرە بەڕێوەچوونی موزاكراتی ئاستانە و دامهزرانی ئاگربهسی بەردەوام لە سەرتاسەری سوریە و درێژەی موزاكراتی ژنێڤ بۆ گەیشتن بە تەوافوق لە نێوان بەشار ئەسەد و ژمارەیەک لە تاقمه ئۆپۆزۆسیۆنەکان لە لایەن ڕووسییەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سوورییە هەنگاوێکی دیكهیه به ئاراستهی بەرەوپێشبردنی ئیستراتێژیی ڕووسیە لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا. ئایا ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو دەبن؟ ئایا سێبەری نەحسی شەڕێکی جێگرهوهی خوێناویی و وێرانگەری ٦ ساڵە لە سورییە لە کۆڵ خەڵکی ئەم وڵاتە دەبێتەوە؟ ئایا لهوانهیه ئەو لایەنانەی کە خۆیان لە بەرپاکردن و درێژەدانی ئەم شەڕە رۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبووە، بتوانن وەک ناوبژیوان و بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ دەرکەون؟ بە سەرنجدان بە پێکهاتە و جۆراوجۆربوونی لایەنە بەرژەوەنددارهكان و دهخاڵەتی دەوڵەتانی جیهانیی و ناوچەیی، ناکرێ بە ئهنجامهكانی ئەمجۆرە موزاكراته خۆشبین بین. سوریە بۆتە ناوەندی بەرەوڕووبوونەوە و حیساب لێک دەرکردنی ئەم دەوڵەتانە و هەرکامەو لە هەوڵدایە لهڕێی بهكارهێنان و پشتیوانیکردن لە بەشێک لەو هێزانەی كه لە مهیدان دان، بەرژەوەندییەکانیان دەستەبەر بکەن. ناکۆکیی نێوان دەوڵەتی تورکییە و دەوڵەتی سوریە، ناکۆکیی نێوان دەوڵەتانی عەڕەبیی و کۆماری ئیسلامیی، ناکۆکیی نێوان بەرژەوەندییەکانی تورکییە و کۆماری ئیسلامیی، ههر ههمووی ئەمانە و بهدەیان ناکۆکیی بەرژەوەندیی دیكه، کۆمەڵیک ناکۆکیی ئاڵۆزن کە گرفتی جیددیی دەخەنە سەر ڕێگهی سەرکەوتنی وتووێژەکانی ئاستانە یان هەر موزاکراتێکی دیكه لە پێوەند لەگەڵ سوورییەدا.
خاڵێکی گرنگی دیكه کە ئیمکانی سەرکەوتنی ئەم موزاكراته و پڕۆژهی هاوشێوەی ئهمه، دەباتە ژێر پرسیار، ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتانە بەشێوەی دەستەبژێر و بژارده، هێزە بەناو ئۆپۆزۆسیۆنەکانی سوورییە بۆ ئەم موزاكراته بانگهێشت دەکەن کە نە ڕۆڵیکی ئەوتۆیان لە شەڕدا هەیە و نە خاوەنی پێگەی جەماوەریشن لە ناو خەڵکی سوورییەدا. لە بەرانبەردا ئەو هێزانەیکە بەشیوەی واقێعیی لە مەیدانی نەبەردان، لە بەشداربوون لەم موزاكراتهدا کە گوایا قەرارە لهسهر چارەنووسی سوورییە بكرێت، بێبەش دەکەن. یان ئەوەیکە لەم موزاكراتهدا هێزێکی کاریگەریی وەک “پهیهده” و باڵی چەکدارییەکەی واته “یهپهگه” و “یهپهژه”، لەسەر ویستی دەوڵەتی تورکییە بانگهێشتی موزاكراتی ئاستانە یاخود ژنێڤ ناکرێن. لە حاڵێکدا کە ئەوان هێزێکی بێلقووە و بیلفێعلن کە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا لە مەیدانەکانی نەبەردا بەکردەوە نیشانیان داوە کە توانای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێزه وهحشییهكانی وەک داعش و باقی هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکییە، عەڕەبستانی سعودی و قەتەریان لە خۆیان نیشانداوە. ئەوان بۆ یەکجار تامی تاڵی شکستێکی گەورەیان بە داعش چەشت و حەماسەی کۆبانێیان بەناوی خۆیانهوه لە مێژوودا تۆمار کرد. ئەوان چەندینجار هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکانی بەناو ئەڕتەشی ئازادی سەر بە تورکیەشیان تێکشکاندووە. ئەوان توانیویانە ناوچەی ژێر نفوزی خۆیان بپارێزن و تێیدا حاکمیەت و دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەرێتی دێمۆکڕاتیک دامەزرێنن.
بۆ ڕزگاربوونی خەڵکی ستەمدیتووی سورییە لە چنگ سیاسەتی پاوانخوازانه و شەڕهنگێزانەی دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئیسلامیی و غەیرە ئیسلامیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و ڕهوته دژه مرۆییه ئیسلامییهكانی سەر بە ئهوان، بێجگهله پشت بەستن بە هێزی یەکگرتووی خۆیان و خەباتێکی ڕێکخراو بە ئیستراتیژی و ئاسۆی ڕوونی سۆسیالیستییەوە، ڕێگایەکی دیكه بهدی ناكرێت. لەم خەباتەدا دیفاع و پشتیوانیی ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئینسانە ئازادیخواز و ههق تەڵەبەکان و حیزب و ڕێكخراو و ناوەندە ئینساندۆستەکان لە خەڵکی سووریە و بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان، ئەرکێکی هەنوکەیی و حەیاتییە.