کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مه‌حكووم كردنی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ له‌ قووڵایی خاكی كوردستانی عێراق

157841920

وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركییه‌ باسی له‌ هێرشی ئاسمانیی به‌رینی ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته‌ دژبه‌ پێگه‌كانی به‌وته‌ی خۆیان حیزبی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ باریكه‌ی سنووری كوردستانی عێراق و ئێران، له‌ ناوچه‌ی “ئا‌سۆس” كرد. به‌ پێی ڕاپۆرته‌ بڵاوكراوه‌كانی سایتی “وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركییه‌”، به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٢ی مانگی خه‌رمانانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هێزی ئاسمانیی ئه‌م وڵاته‌ ٢٠٠ كیلۆمیتر هاتوونه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و ٢٨ ئامانجیان له‌ ناوچه‌ی “ئاسۆس” بۆمباران كردووه‌ و به‌ ئیدیعای خۆیان “زه‌ره‌به‌یه‌كی قۆرس“یان له‌ پێگه‌كانی حیزبی كرێكارانی كوردستان داوه‌. ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ درێژه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ “٢٠ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی توركییه‌ و درۆنه‌كانی ئه‌م وڵاته‌، ئه‌نباره‌كانی چه‌كوچۆڵ و حاشارگه‌كانی په‌كه‌كه‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج“. به‌ پێی وێنه‌ی و گرته‌ ویدیۆ بڵاوكراوه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شی توركییه‌وه‌ ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ له‌لایه‌ن “خلووس ئاكار” وه‌زیری به‌رگریی توركییه‌ به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هیدایه‌ت و ڕێبه‌ری كراوه‌. هه‌موو ئیدیعاكانی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ خه‌ڵكی دانیشووی ناوچه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌ حزووری هێزه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ نه‌بیندراوه‌.  هه‌ر له‌م بواره‌دا زانا عه‌بدوڵڕه‌حمان فه‌رمانداری شارستانی “پێنجوێن” له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ سایتی “شارپرێس” ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌م بۆمبارانه‌ كاتژمێر ٦ و ٣٠ ده‌قیقه‌ی به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌ ئاوه‌دانه‌كان و گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ری شاری “پێنجوێن“ی سه‌ربه‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ پێنج ده‌قیقه‌ له‌ شاری پێنجوێن دوورن. ناوبراو هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ “ئه‌م بۆمبارانه‌ خه‌ساری گیانیان لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ده‌یان ملیۆن دینار زه‌ره‌ری ماددیی له‌ باغ و له‌وه‌ڕگه‌ و دارستانه‌كانی ناوچه‌كه‌ داوه‌”. شاره‌داری پێنجوێن هه‌روه‌ها ده‌شڵێ كه‌ “٣ ناوه‌ندی سه‌ره‌كیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی هه‌رێم و پارله‌مانی خۆجێیی هه‌تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان له‌ خۆیان نیشان نه‌داوه“‌. ڕێكخراوی “سی پی تی“ی ئه‌مریكاییش ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ “بۆمبارانه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی پێنجوێن و له‌ ده‌ورووبه‌ری ٨ گوند ئه‌نجام دراوه‌ و بۆ ماوه‌ی ٢٠ خوله‌ك درێژه‌ی بووه‌.”

خه‌ڵكی ناوچه‌ی پێنجوێن و گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ر پاش هێرشی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ مه‌هواره‌یی و میدیا كورد زمانه‌كانی ناوچه‌كه‌، نیگه‌رانیی قووڵی خۆیان له‌ ئاست ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ “هێزه‌ چه‌كداره‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ حزووریان نییه‌ و توركییه‌ به‌ئانقه‌ست و به‌ ئامانجی ناسه‌قامگیر كردنی ناوچه‌كه‌ ده‌ست ده‌داته‌ ئه‌نجام دانی ئه‌مجۆره‌ هێرشانه‌”.

شایانی باسه‌ هه‌تا ئێستا به‌ ده‌یان جار درۆن و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌  له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان و‌ ده‌ورووبه‌ری شاری “ڕانییه‌”، “قه‌ڵادزێ” و تا شاره‌كی “ماوت” و كێوه‌كانی “ئاسۆس” ده‌ستیان داوه‌ته‌ بۆمباران و له‌ناو بردنی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌وه‌‌ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ له‌م ئاسته‌ به‌رینه‌دا به‌ ٢٠ فڕۆكه‌ی جه‌نگی و درۆنی نیزامی، له‌ ده‌ورووبه‌ری شاری پێنجوێن و له‌ ٢٠٠ كیلۆمیتریی سنووری توركییه‌، به‌ بیانووی له‌ناوبردنی پێگه‌كانی حیزبی كرێكارانی كوردستان هێرشی نیزامییان ئه‌نجام داوه‌.

هێرشی‌ نیزامیی جه‌نایه‌تكارانه‌ی ئه‌رته‌شی توركییه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ حاڵێكدا ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ژێر پۆشش و كۆنتڕۆڵی ئاسمانیی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی دایه‌. هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق به‌ پێی یاسای “ده‌وڵه‌تی فێدڕاڵ” له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان ئێران و توركییه‌ له‌ژێرناوی “سنووروانان” جێگیر كراون و له‌ به‌غدا مووچه‌ی مانگانه‌ وه‌رده‌گرن. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ ڕواڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م ناوچانه‌یه‌. به‌ڵام له‌شكركێشیی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆسه‌ر خاكی عێراق، له‌وانه‌ جێگیر كردنی هێزه‌كانی له‌ نزیكیی “مووسڵ” (به‌عشیقه‌) و درووست كردنی ده‌یان پێگه‌ و خاڵی نیزامی به‌ به‌رینایی ده‌یان كیلۆمیتر له‌ ناوچه‌ی سنووریی “بادینان و زاخۆ” له‌ناو خاكی كوردستانی عێراق، نیشانه‌ی هاوئاهه‌نگیی و چاوپۆشیی زیاتری لایه‌نه‌ ده‌رگیره‌كانی كوردستان و مه‌سه‌له‌ كورده‌ له‌ هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌. ئه‌م هێرشانه‌ به‌كرده‌وه‌ دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌ هه‌مان حاڵدا پشتیوانی و هاوئاراسته‌یی ئاشكرا و نهێنیی ده‌وڵه‌تانی ئێران، عێراق، سووریه‌ و ئه‌مریكاشی له‌گه‌ڵه‌‌.

له‌ ڕاستیدا كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی عێراق له‌وانه‌ نامۆ بوونی خه‌ڵك له‌ ده‌سه‌ڵات، گه‌نده‌ڵیی به‌رینی ماڵی و ئیداری، بێكاری، گرانی، كۆچ كردنی به‌رینی لاوان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، قووڵ بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، حزووری به‌رینی ئابووری و ئه‌منییه‌تیی ده‌وڵه‌تانی ئێران و توركییه‌ و بانده‌ تیرۆریسته‌كانیان له‌ خاكی عێراق به‌گشتی و له‌ ناوچه‌ی كوردستان به‌تایبه‌تتی، سیاسه‌تی قازانج په‌رستانه‌ و ئۆتۆریته‌ خوازانه‌ی ئه‌مریكا و نیگه‌رانی له‌ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق و كوردستان و دابین كردنی بوار بۆ ده‌خاڵه‌تی زیاتری ئێران و توركییه‌ له‌م وڵاته‌ و به‌تایبه‌ت له‌ كوردستان به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و یان له‌ لایه‌ن ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیان، له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی باروودۆخی ناڕوون، داهاتووی لێڵ و هێرشه‌كانی توركییه‌ و هێندێك جار كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستانی عێراقه‌. هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر ناوچه‌كانی هه‌ڵكه‌وتوو له‌ قووڵایی كوردستانی عێراق، زه‌وت كردنی ئه‌منییه‌ت له‌ خه‌ڵك و زیان گه‌یاندن به‌ زه‌وی و باغی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ بژێوی ڕۆژانه‌یان له‌م ڕێگه‌وه‌ دابین ده‌كه‌ن، كرده‌وه‌یه‌كی جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌ و مه‌حكوومه‌. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ قازانجبه‌ره‌كان چاوی خۆیان به‌سه‌ر  ده‌ستدرێژییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌ خاكی عێراق به‌ستووه‌، جه‌ماوه‌ری یه‌كگرتووی گشت ناوچه‌كه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی وشیار و ڕێكخراو و پشتیوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی هاوچاره‌نووس ده‌توانن دژبه‌م ده‌ستدرێژیانه‌ ڕاپه‌ڕن.