به پێی ڕاپۆرتهكان، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی شاری سنە لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمهوه حوکمی زیندانی بە سەردا سەپا.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شاری سنەوە حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە. بەپێی ئەو حوکمە، کامران ساختمانگەر بە تۆمەتی “ئەندام بوون له یهكێك حیزبه نهیارهكانی دژ به ڕژیم” حوکمی ٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی “پڕووپاگەندە دژی نیزام” حوکمی ١ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زۆرترین حوکم واتە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت. کامران ساختمانگەر ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خەرمانانی ئهمساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە نزیک شاری سەقز دەستبەسەر و پاش ٣ مانگ بەندکران ڕۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز بە قهراری وهسێقهی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.