کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق هۆشداریی دەدات لە داڕمانی دۆخى تەندروستی لە زیندانهكانی ئهم وڵاته بەهۆی ویرووسی کۆرۆناوە.
“عەلی بەیاتی” ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە: چەندین توشبوی کۆرۆنا لەنێو زیندانهکاندا هەن و ژمارەیەک كارمهندی چاکسازییەکانیش توشی ئهم ویرووسه بوون. ئاماژەی بەوەشکردووه کە مەترسی ئەوە هەیە ژمارەی توشبوان رو لە هەڵکشان بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە رێکارەکانی تەندروستیی لە نێو بەندکراوان جێبەجێ ناکرێت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دهبێ چەند رێکارێکی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی کە تێوەنەگلاون بە کردەی تیرۆریستی و ئەو تاوانانەی کە زیان بە ئاسایشی دەوڵەت دەگەیەنن.