“مێهدی محه‌ممه‌دی فه‌رد” لاوی ته‌مه‌ن ١٨ ساڵی خه‌ڵكی نه‌وشه‌هری مازه‌نده‌ران كه له ڕه‌وتی شۆڕشی “ژینا” ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی سارییه‌وه به دوو جار ئێعدام مه‌حكووم كراوه و ئه‌گه‌ری له سێداره‌دانی له داهاتوویه‌كی نزیك دا له ئارادایه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، “مێهدی محه‌ممه‌دی فه‌رد” له كاتی خۆپێشاندانه‌كانی شاری نه‌وشه‌هر له ڕێكه‌وتی ٨ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠١ له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و دواتر له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی سارییه‌وه به “افساد فی الارض” و “موحاره‌به” مه‌حكووم كرابوو. جێگای ئاماژه‌یه كه ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم ئه‌و لاوه‌ی وه‌كوو لیدری ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ناوبردووه و چه‌ندین تۆمه‌تی وه‌كوو “ته‌بیلغ دژی نیزام”، “له‌ناوبردن و سووتاندنی ئه‌مواڵی ده‌وڵه‌تی”، “بێڕێزی به ڕێبه‌ری” و “ئیجماع و ته‌بانی به مه‌به‌ستی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” خستۆته پاڵ دۆسیه‌كه‌ی و وێڕای سه‌پاندنی سزای ئێعدام، ناوبراوی به ٧ ساڵ و نیو زیندان مه‌حكووم كردووه.