ئاماری هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن و ئەو خەسارە کۆمهڵایەتیانەی بە شوێنیەوە بووە، وەها کارەساتێکی بەخۆیەوە گرتوە کە لەگەڵ تەرحی ئەم گرفتە لە لایەن هەڵسوڕاوانی کۆمهڵایەتی دیفاع لە مافی منداڵانەوە، لە کۆتاییدا هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیم بکەونە هەوڵی پەسند کردنی یاسایەک سەبارەت بە قهدەغە بوونی هاوسەرگیری منداڵان. ئەوان تەرحی ئیسلاحی قانونی مادەی ١٠٤٠ی قانونی مەدەنیان هێناوە بۆ مەجلیس و رۆژی ٤ی مانگی ڕەزبەری ١٣٩٧، مەجلیس یەک فەوریەتی تەرحی ئیسلاحیەی پەسند کرد. ئەم تەرحە تەمەنی هاوسەرگیری کچانی ١٦ ساڵ و کوڕانی ١٨ ساڵی دیاری کردوە و هاوسەرگیری کچانی ژێر ١٣ ساڵی قەدەغە کردبوو. لە ئێستادا تەمەنی هاوسەرگیری کچان ١٣ ساڵە و کچانی کەم تەمەن تر بە ئیجازەی دادگا دەتوانن هاوسەرگیری بکەن. ئەم تەرحە دراوە بە کوموسیۆنی حقوقی و قەزایی مهجلس. وێڕای ئەوەی کە هەڵسەنگاندنی لە سەحنی عەلەنی مەجلیس لە ئارادا بوو، وتەبێژی کوموسیۆن رۆژی ٥ی مانگی بەفرانبار ڕەد کرانەوەی ئەم تەرحەی لە لایەن کۆموسیۆنەکەوە ڕاگەیاند. لە هەمان مانگی ڕەزبەرەوە قسە و باسێکی بەرین لە نێوان داکۆکی کاران و نەیارانی ئەم تەرحە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، و ڕاگەیەنەرەکاندا هاته گوڕێ. بەر لە چوونە سەر ئیستدلالەکان و ناوەرۆکی جەدەلی لایەنەکان پێویستە چاوێک لە خودی کێشەکە بکەین.
هەر چەند کە لە ئێران سەبارەت بە هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناکرێت ئامارێکی ڕاستەقینە بەدەست بێنی، بەڵام هەر ئەم ئامارانەی هەن پەردە لە سەر ئاستی کارەساتێک هەڵدەماڵێت کە سەدان هەزار منداڵی کردۆتە قوربانی سوونهت و یاسا و سیاسەتی دژی ئینسانی ئەم ڕژیمە. دەوترێت کە ١٧ لەسەدی هاوسەرگیریەکان لە ئێران پێوەندی بە کچانی ژێر ١٨ ساڵیەوە هەیە. لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە تەمەنی منداڵی ١٨ ساڵە و هەر هاوسەر گیریەکی زوتر لەم تەمەنە، وەک منداڵ هاوسەری دەبیندرێت. دەوترێت ئەگەر لە ساڵی ٩٠ دا تەنیا ٤ و نێو لەسەد واتە نزیک بە ٩٨ هەزار منداڵ لە دایکانی ژێر ١٩ ساڵ لە دایک بوون کە لەم نێوانەدا هەزار و ٥١١ کەس لە ژێر ١٥ ساڵیدا بوون. دەوترێت بەپێی ئاخرین سەرژمێریەکان، ژمارەی ٩٥ هەزار تەلاقی ژێر ١٩ ساڵ لە مەودای ساڵەکانی ٩٠ تا ٩٤ دا روویانداوە.
تەییبە سیاوشی ئەندامی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ڕژیم لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە جەریانی باسەكانی مەجلیسدا وتبووی کە هەر ئێستا ئاماری هاوسەرگیری کچانی ژێر ٩ ساڵ زیاتر لە ٣٠٠ کەس و ئاماری کچانی تەمەن ژێر ١٣ تا ١٤ ساڵ لە نێوان ٣٠ تا ٤٠ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە. هەڵبەت ئەو ئامارە هی ئەو بەشە تۆمارکراوەی ئەم مناسباتە تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستانە و دژی ژنەی مەجود لە کۆمەڵگادایە. ئەوەندە بەسە کە ئاماری شاراوهی ئەو کچانەی کە لە قاڵبی منداڵانی کار لە ئاستی ملیۆنیدا کراوەنەتە کۆیلە و لە گەلێک لە حاڵەتەکاندا بوونەتە ئامرازی دەستدرێژی بە ئاشکرا و شاراوەی خاوەنانی کار و ئەو پیاوانەی کە ترسێکیان نییە ئاخرین پاشماوەکانی هەستی ئینسانی لەو منداڵانە بڕفێنن.
قسەکانی وتەبێژی کۆمیسیونی حقوقی و قەزایی مەجلیس ئەوپەڕی ڕەزالەت و بێ شەرمیە. ئەو لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ هەڵسەنگاندنی لایەحەکە پێکهاتبوو دەڵێ:” کچانی ١٥ ساڵان کە منداڵ نین و ئامادەیی وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی ژیانیان هەیە و ئێمە دەبێ بۆ کچانی خوازیاری مێرد بیرێک بکەینەوە نەک ئەوەی کە بەر بە هاوسەرگێرییان بگرین”. یەکێک لە لایەنگرانی تەرحەکە بە دروست پرسیاری لێ کرد کە:” ئەگەر کچانی ١٥ ساڵ تەمەن منداڵ نین و ئامادەیی وەرگرتنی بەرپرسیاریەتیان هەیە چۆنە کە ئیجازەی کردنەوەی حیسابێکی بانکی و یان ڕێگای کڕین و فرۆشتن بە منداڵانی ژێر ١٨ ساڵی نادەیەت بەڵام ئیجازەی پێ ئەدەیت کە گرنگترین بڕیاری ژیانی بدات”. وتەبێژی کوموسیۆن ئەمجارە گۆپاڵی ” شەرع” ی بەرز کردەوە و بە لایەنگرانی تەرحەکەی وت بچن چاوێک لە شەرع و بۆچوونی مەڕاجع و فهقیههكانی دین سەبارەت بە هاسەرگیری بکەن و لە کۆتاییدا دەڵی:” هاوسەر گیری کچی پێغەمبەر لە نۆساڵیدا رووی داوە و خەبات لەدژی هاوسەرگیری نابەوەختی بە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ شەرع لەقەلەمدا”. ئایا پاساویک لەوە ئابروبەرانە تر و کۆنەپەرستانەتر لەم ئیستدلالە دەکرێ بۆ دیفاع لە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی بدۆزیتەوە. ڕەیشەهری وەزیری پێشوی ئیتلاعات و یەکێک لە ئامران و عاملانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ کچێکی ١١ ساڵ تەمەنی مشکینی سەرۆکی پێشوی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی هاوسەرگیری کرد. ئەم لیستە دەکرێت بە ناوی حەسەن روحانی، برایانی لاریجانی، ئەسەدواللە بادامچیان، ئەحمەد خومەینی و لە کۆتاییدا خودی خومەینی کامڵ بکرێت. گشتیان لەگەڵ کچانی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەندا هاوسەرگیریان کردوە.
بێجگە لە مەحدودیەتە ئیدئۆلۆژیکی و سیاسیەکانی لایەنگرانی تەرحەکە، لەوانە جیاوازیەک کە سەبارەت بە تەمەنی هاوسەرگیری کچان و کوڕان دایدەنێن، و بێجگە لەوەی کە دەست بۆلای هێندێک لە مەڕاجعی تەقلید بۆ چارەسەری بەناو کێشە شەرعیەکانی ئەم مەمنوعیەتە ڕادەدێرن و بێجگە لەوەی کە ژمارەیەکیان لەو ماوەیەدا کورتە نامەی هەڕەشە ئامێزیان بۆچووە، دەبێ بوترێت کە نەفسی تەرحی وەها بابەتێک لە کۆمەڵگادا بەر لە هەموو شتێک نیشاندەری خۆڕاگری و خەباتێکە کە ژنان لە ماوەی گشت ئەم ساڵانەدا لەدژی ئیدئۆلۆژی و یاسا دژی ژنەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجامیان داوە. ئەوانەی کە بێشەرمانە باس لە ئیحتیاجاتی جنسی منداڵان لەم تەمەنەدا دەکەن ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە ئاماری ڕەسمی خۆیان و تەنانەت نەک ئامارە واقعیەکاندا بگێڕن. کاتێک کە سازمانی سەبت و ئەحواڵ وڵات لە ئاخرین ئاماری ساڵی ٩٤ دا دەڵێ لە ٣٧ هەزار هاوسەرگیری کچانی ژێر ١٥ ساڵ کە لەو سالەدا تۆمار کراون، ٣٠ هەزاریان لەگەڵ پیاوانی ٢٠ تا ٢٩ ساڵ تەمەن بووە و ٩٦٤ کەس لە کچانی ژێر ١٥ ساڵ لەگەڵ پیاوانی لە نێوان ٣٠ تا ٤٠ ساڵدا بووە، بەم جۆرە ڕەزالەتی لە ڕادەبەدەری پێویستە تا سەبارەت بەم دەست درێژیە ئاشکرا و وەحشیانەیە بۆسەر منداڵان باس لە نیازە جنسیەکانیان بکرێت.
له ڕاستیدا هاوسەرگیری منداڵان نەتەنیا توندوتیژی جنسی بهڵكوو ئاوێتەیەکە لە هەموو جۆرە توندوتیژەیەکی جسمی، ڕەوانی، و جنسی لەدژی منداڵان. ئهوان تەمەنی منداڵییان لەژێر باری بەرپرسیاریەتی ئەم هاوسەرگیریە نابوود دەبێت. ئەوان لە خوێندن بێبەش دەبن، ئەوان بەهۆی دوگیان بوونی نابەوەختەوە فڕێ ئەدرێنە گۆشەی ماڵەوە، جێگایەک کە ئەمجار توندتیژی خانەگی شێلاقی بێڕەحمی خۆی لە جەستەی ئەوان دەوەشێنێ. ئەوان بەم شێوەیە دهبنه کەرەسیەک کە لەژێر مالیکیەتی پیاودا، دەبێ لە چاوی نامەحرەم بە دوور بێت. ئەو دەبێ مل کەچی ئەو سوننەت و یاسایانە بێت کە ئەرکێکیان بێجگە لە منداڵ داری، ڕازی بوون بە دەست درێژی جنسی و کاری ماڵەوەی بێ حەق و حقوق بۆ ئەو بە ڕەسمی ناناسێت.
ئێمە دەڵێین ئەم ئیدئۆلۆژیە مۆمیایی کراوەی سەدەکان و دەورانی هەزاران ساڵ لەوەپێش لە بەستێنی ئاڵوگوڕی کۆمەڵگادا کە بەرەو روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە دەچێت، تێک دەشکێنین. ئەو کات ئیتر هیچ منداڵێک ناچار نابێت کە بە خاتری هەژاری بفرۆشرێت، لەبەر و تێر كردنی مەیلی جنسی کۆمەڵگای پیاوسالار ببێتە قوربانی و ئەو کات ئەو ئیتر شادی و نیشاتی منداڵی خۆی بە دەست دێنێتەوە.