لەم رۆژانەی جێژندا کە سروشت بە لەبەر کردنی پۆشاکی سەوز و پژاندنی عەتر کۆتایی زستان ڕادەگەیەنێ، خەڵکیش بە لە بەرکردنی جلوبەرگی نوێ و هاو هەنگاو لەگەڵ سروشت دەست دەکەن بە دەربڕینی شادی. ئەم نوێ بوونەوە و شادمانیە، بە تایبەت لەوێدا کە لە منداڵدا دەبینرێت شادمانیەکەی دوو هێندە دەکات. بەڵام بە داخەوە، بەملیۆن منداڵ، منداڵانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، منداڵانی کار، منداڵانی کار و خیابان، بێبەشان لە خوێندن و ژیانێکی گونجاو و پڕ لە ڕیفاه لەم شادی و خۆشیە بێبەشن. ئەوان ئەم رۆژانە تەنانەت بێبەشی و هەژاری خۆیان زیاتر هەست پێدەکەن و زەمین و زەمان نێفرین دەکەن.
بەڵام ئەم نەفرەتە دەبێ شاملی حاڵی سەرانی ستەمکار، جەنایەتکار و دزی کۆماری ئیسلامی، کاربەدەستانی و سەرمایەدارانی جێی پشتیوانی ئەوان بکرێت. لەبەر ئەوەی ئەوان لەگەڵ نیزامی دژی ئینسانی و ئابووری سەرمایەدارانەیان بوونەتە هۆی ئەوەی کە لە ئێرانی رۆنیشتو لەسەر سەروەت و سامانێکی گەورەی سروشتی و ئێرانی خاوەنی هێزی کاری داهێنەرانەدا لانیکەم ٤٥ ملیۆن ژن و پیاو و منداڵ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
منداڵان لە ئێران لە بێ ماف ترین و ستەمدیتو ترین بەشی کۆمەڵگان. بەڵام سەهمی سەرەکی ئەم ستەم و بێ مافیە بە نیسیبی منداڵانی بنەماڵە کرێکاری و کەم داهاتەکانە. هەژاری بنەماڵە لە هەمان کاتەوە کە منداڵ لە ڕەحەمی دایکیدا گەرا دەگرێ و بەر لە هاتنە دنیا گیرۆدەی دەبێت. کاتێک دایک لە دەورانی دووگیانیدا لە خواردنی تایبەتی جێی پێداویستی بۆ پەروەردە کردنی سالمی منداڵ لە ناخیدا بێ بەشە، کاتێک دایکێک پێویستی بە چاودێری تایبەتی پزیشکی لە دەورانی دوگیانیدا هەیە و دەستی نایگاتێ، کاتێک دایکێک بەردەوام لە دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە نیگەرانی بۆ داهاتوی منداڵە هێشتا لە دایک نەبووەکەی دایە، هەژاری و کەمایەتییەکانی ژیانی بە کردهوە دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەڵەکەی نێو ڕەحەمی.
لەگەڵ هاتنە دنیای منداڵەکە موسیبەتە تازەکان دەست پێدەکەن. لە ئاکامی گرانی رۆژ لە رۆژ زیاتری شیر و مادە خۆراکیە پێویستەکان، شیری دایک بە تەنیایی دەبێتە تەنیا سەرچاوەی خۆراکیی منداڵ. بەڵام دایکێک کە خۆی توشی بەد خۆراکیە و مەوادی پێویستی باش ناگاتە جەستەی، چۆن دەتوانێ پێداویستیە خۆراکیەکانی منداڵی روو لە گەشەی لە ڕێگای شیری خۆیەوە دابین بکات؟ بەم جۆرە کەمبوونی ویتامینەکان و مادە خۆراکیەکان کە دایک لێی بێبەشە ڕاستەخۆ دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ. ڕێژەی مەرگ و میری منداڵانی ژێر ٥ ساڵ تهمهن لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری بەرزە و بەپێی ئامارە ڕەسمیەکان نزیکەی ٣ لەسەدی منداڵان لە ئێران قەت دەرفەتی گەیشتن بە وەها تەمەنێکیان نییە.
مندالێک کە لەم تەمەنەدا لە چنگی مەرگ ڕزگاری بووە ئەمجار شەریکی هەژاری و نەداریی بنەماڵەکەیەتی و بەکردەوە لەگەڵ گشت موسیبەتەکانی سەرچاوە گرتوو لێەوە دەست و پەنجە نەرم دەکات. نەبوونی باخچەی ساوایان، رۆژانە ئاگاداری لە منداڵان بە گشتی دەکەوێتە ئەستۆی دایک و باوک و ئەندامانی بنەماڵە. بەڵام ئەوان کە خۆیان گیرۆدەی کار و دابین کردنی پێداویستیەکانی رۆژانەی بنەماڵەکانیانن، نە تەنیا دەرفەتیان نابێت وڵامی پێداویستیەکانی جەستەیی و رۆحی بەردەوام روو لە زیاد بوونی منداڵ بدەنەوە بەڵکو ماندویەتی و هیلاکی و جەنگی ئەعسابی رۆژانە لە کێشمەکێشی ژیاندا دەگوازنەوە بۆ منداڵەکان. منداڵی کە قۆناغی گەشە و هەڵدانی جستەیی و دەروونی ئینسانە. بەڵام پێویستی بەهرەمەند بوون لەم ئیمکاناتی گەشە و هەڵدانە بەهرەمەند بوونە لە بێهداشت و خۆراکی گونجاو، ئاموزش و دابین بوونی کۆمەڵایەتی و باقی مافە ئینسانیەکان. یاری و تەفریح و بەرهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی پێویست بۆ بە شادی ژیان لە نێو ماڵدا، کە لە مافە سەرەتاییەکانی منداڵە، بۆ زۆربەی منداڵانی بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان لە شار و دێهاتەکان ئاواتێکی دوورە دەستە. لە وەها بارودۆپخێکدا منداڵ بەناچار دەڕواتە نێو کۆڵان و شەقام و تێکەڵی هاو تەمەنە هاوچارەنووسەکانی دەبێت و جەستەی ئاسکی دەکەوێتەبەر مەترسی هەموو جۆرە نەخۆشیەک.
دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پڕ لە مەینەتیە، ئەوکات تەمەنی چوونە قوتابخانە دەگات. کەم نین بنەماڵەی زەحمەتکێش لە شار و دێهاتەکان کە ناتوانن ئیمکاناتی چوون بۆ قوتابخانەیان دابین بکەن و منداڵەکانیان بەرەو فێربوونی کارێک بۆ دابین کردنی داهاتویان پاڵ پێوەدەنێن. کەم نین ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ١٠- ١٢ ساڵیدا دەبێ لەبیری نان پەیدا کردن و تێر کردنی سکی خۆیاندا بن و تەنانەت بشبنە نان ئاوەری بنەماڵەش. لەم تەمەنەدا ئەنجامدانی بەشێک لە کارەکانی ماڵەوە و یان مەزرا لە دێهاتەکان لە ئەستۆی منداڵانە. کاری تەون، کار لە کارگا چکۆلەکاندا، کار لە مەزراکان، دەست فرۆشی، بۆیاغ کردنی کەوش و هیتر لە دیاردە زۆر باوەکان لە کۆمەڵگای سەرمایەداری ئێراندان.
بەڵام لە قوتابخانەش کۆمەڵێک بەڵای تر چاوەڕوانیانە. کچانی منداڵ لە هەمان رۆژی یەکەمەوە دەبێ مەقنەعە لەسەر بکەن و لە کوڕەکانی هاو تەمەنیان جیا بکرێنەوە. فێر دەکرێن تا هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان بە کارێکی خراپ بزانن. لەگەڵ حیجاب و بێبەش بوون لە یاریکردنی کچان و کوڕان بەیەکەوە ئاموزشی مەزهەبی دەست پێدەکات. کتێبی دەرسی پڕ لەم ئاموزشانەیە و منداڵان لە سەرەتای منداڵیەوە ناچار دەبن داب و نهریتی مەزهەبی بەڕێوەبەرن و لە مەڕاسمە مەزهەبیەکاندا بەشداری بکەن. بەم جۆرە ئیجازە بە منداڵان نادەن تا بەدوور لە باوەڕ و خورافاتی مەزهەبی ئاموزش ببینن و زانیاری و زانست بە دەست بێنن و ئیمکانی ئەوەیان هەبێت لە داهاتودا بیر و باوەڕ و ڕێگای خۆیان وشیارانە هەڵبژێرن. منداڵان لەو کلاسانەدا کە گەلێکیان بەرتەسک و بەبێ هەوای سالم و فەزای گونجاون، بە ڕێز دادەندرێن. ئەوان دەبێ گوێ بدەنە قسەی ئەو مامۆستایانەی کە زۆربەیان لەبەر خاتری کێشە و گرفتی بەڕێچوونیان حاڵ و حەوسەلەی پێویستیان بۆ سەروکەلە لێدان لەگەڵ منداڵیان نییە و لە چاوەڕوانی تەواو بوونی کاتدا چرکەکان دەژمێرن.
لەپاڵ گشت ئەم بێبەشی و بێ مافیانەدا لە ئێرانی ژێر دهسڵاتی کۆماری ئیسلامی هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن شەرعی و یاساییە. کەم نین ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە توانایی دابین کردنی ژیانی کچە کەم تەمەنەکانیان نییە و لەگەڵ هاوسەرگیری ئەوان لەگەڵ کەسانی گەلێک بەتەمەنتر لە خۆیان ڕازی دەبن. ئەو کچانەی کە لە تەمەنی تازەلاویدا تەنانەت دەبنە خاوەنی منداڵێش. وەها بارودۆخێکی پڕ لە شەرمەزاری کە گەلێک لە وڵاتانی دنیا بە واتای دەست درێژی بۆسەر منداڵانی دەبینن و وەک تاوانێکی گەورە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، لە ئێرانی ئەمرۆدا، بابەتێکی یاسایی و باوە.
روون و ئاشکرایە کە منداڵان خۆیان توانایی گۆڕینی ئەم بارودۆخە وەحشەتناکەیان نییە و هیچ ئینسانێکی شەریف نایەوێ منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لەوەها بارودۆخێکی فەلاکەتباردا ببینن و خوازیاری گۆڕینی نەبن. ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسی چارهەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لەم چارەنووسە ڕێگایەک بێجگە لە دەست دانە دەستی یەکتر و تێکۆشان لەدژی ڕژیمێک، لەدژی نیزام و مناسباتێک کە منداڵانی بێ تاوانمانیانی تێدا بەم شێوەیە بێ ڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان بێبەش کردوە، بوونی نییە.