کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منداڵانی بێبەش لە خوێندن، منداڵانی بێ ناسنامە، منداڵانی کار

4 7

سبەینێ یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنە لە ئێران. نزیکەی ١٧ ملیۆن قوتابی و چوار ملیۆن خوێندکار خۆیان بۆ چوون بۆ قوتابخانە و زانکۆکان ئامادە دەکەن. ئەم ڕۆژانە، جۆش و خرۆش و دڵەڕاوکێ و بێ سەبریی ئەو تازەلاو و گەنجانەی کە دەرفەتی چوون بۆ دامەزاوە پەروەردەییەکانیان بۆ ڕەخساوە، سیمایەکی نوێی بە کەشوهەوای کۆمەڵگا بەخشیوە. وردبوونەوە لە داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، دەریدەخات کە لە ماوەی ساڵی خوێندنی ڕابردوودا ٩٢٩ هەزار و ٧٩٨ کەس لە ئاستە جیاوازەکاندا وازیان لە خوێندن هێناوە و ئەم ژمارەیە ئەمساڵ گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. هەر به پێی ئەو سەرچاوەیە، ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە ئێران لە خوێندن بێبەش دەبن، هەروا بەردەوامە. ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی ئێرانی، بەبێ ناسنامە ژیان بەسەر دەبەن. ئەوان یان دایک و باوکیشیان ناسنامەیان نییە، یان لە بوونی دایک و باوک بێبەشن. یەکێک لە دیارترین بێبەشیەکانیان ئەوەیە کە منداڵێک کە ناسنامەی نەبێت، مافی ناونوسین لە قوتابخانەی نییە و هەر بەم هۆیەوە لە مافی خوێندن و پەروەردەش بێبەش دەکرێت، ئەوان تەنانەت مەرگیشیان تۆمار ناکرێت، وەک ئەوەی کە هەرگیز بوونیان نەبووبێت. منداڵانی بێبەش لە خوێندن، ناسنامەیان ببێت یان نا، دەچنە ناو بازاڕی بێبەزەییانەی کارەوە. بە ملیۆنان منداڵ لە کارگە و کورەخانە و مەزرا و لەناو ماڵەکاندا، شانیان داوەتە بەر کارکردن بۆ ئەوەی پاروە نانێک بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان پەیدا بکەن. هەروەها نزیکەی ملیۆنێک منداڵی سەر شەقام کە لە پڕۆسەی خوێندن دوور کەوتوونەتەوە، بە جل و بەرگی کۆن و دڕاوەوە، لە چوارڕێیانەکاندا تەنیا بۆ ئەوەی پاکەتێک دەسماڵ کاغەزی بفرۆشن یان شووشەی ئۆتۆمبێلێک خاوێن بکەنەوە، تەواوی ڕۆژەکە لەناو دوکەڵی ژەهراوی ئۆتۆمبێلەکاندا بەسەر دەبەن یان لەناو زبڵدانەکاندا خەریکی کۆکردنەوەی پلاستیک و کاغەز و کارتۆن دەبن. ئەو منداڵانە ئەگەر لە چنگ مەئموورانی شارەوانی به سڵامەت دەرچووبێتن، شەوانە لە گۆشەی شەقامەکان، لە ژێر پردەکان یان لەناو کاناڵە ئاوە وشکبووەکاندا، چاو لێک دەنێن. لەم نێوەندە دا برینی منداڵانی کۆچبەری ئەفغانستانی گەلێک لەوەش بە ئازارترە. بەشێکی زۆریان، بەهۆی نەبوونی ناسنامە یان لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە دەوڵەتییەکان، لە کارگە و کۆگا و ژێرزەمینە شێدارەکاندا، بە ترس و دڵەڕاوکێ لەوەی کە نەکا گرفتاری دەستی مەئموورەکان بن، تەمەنی مناڵی و تازەلاویی خۆیان لەپێناو حەقدەستێکی زۆر کەمدا دەفرۆشن.

ئەو قوربانیانەی کە بە هۆی ناڕوونی باری کەسێتی و نەبوونی ناسنامە لە ئێران، بە پێی یاسای بنەڕەتی ڕێژیم لە مافی ژیان و لە سەرەتاییترین ئیمکاناتەکانی وەک بێهداشت و دەرمان و پەروەردە کە لە زومرەی سەرکەکیترین پێداویستییەکانی ئەم خەڵکە هەژار و بێناو و نیشانەن، بێبەش کراون. بەپێی ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، تاران، خۆراسان، قوم و گوڵستان، خاوەنی زۆرترین ژمارەی منداڵانی بێ ناسنامەن کە زۆربەیان لە پەراوێزی شارەکان و ناوچە بێبەشەکاندا دەژین. منداڵانی بێ ناسنامە، هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان لەبەردەمدا نییە و بێگومان هەموویان دوای ئەوەی لە قوتابخانە دوور دەخرێنەوە، بە ناچاری بۆ یارمەتیدان بە بژێوی بنەماڵە هەژارەکانیان، پێدەنێنە ناو بازاڕی بێبەزەییانەی کاری ڕەشەوە. ئەو منداڵانەی کە لەبری چێژوەرگرتن لە تەمەنی منداڵی، ناچارن لەگەڵ سەختی و دژواریەکانی ڕۆگاردا دەست و پەنجە نەرم بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن شەو ڕۆژی خۆیان تێبپەڕێنن. ئەوان لە منداڵیی خۆیان دادەبڕێن بۆ ئەوەی بتوانن بە هەر ڕەنج و مەینەتییەک بێت پارەوە نانێک بەدەست بهێنن. باری قورسی کێشە ئابوورییەکان زیاتر لە هەمووان پشتی ئەوان دەچەمێنێتەوە و بەرەو ئایندەیەکی لێڵ و نادیاریان دەبات. منداڵانی بێ ناسنامە، هەرگیز ئیزنی خوێندنیان پێنادرێت و بەم شێوەیە، داهاتوویەکی سەخت لەبەردەمی خۆیاندا بەدی دەکەن. ئەوان تەنیا لە قوتابخانە و خوێندن بێبەش نابن، بەڵکوو تەنانەت لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی بێهداشتی و دەرمانیش بێبەش دەکرێن. پەرەسەندنی بەردەوامی ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە ناسنامەیان نییە و پێویستی ئەوان بە کارکردن، بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە منداڵانی ئەو بنەماڵانە، ڕووبکەنە شارە گەورەکان و ژیانی سەر شەقام هەڵبژێرن. منداڵێکی کە لەبری ئەوەی خۆی لەناو پۆلەکانی خوێندندا ببینێتەوە و وەک قوتابی پێناسە بکرێت، بەهۆی نەبوونی ناسنامە، وەک مناڵی کار و  سەرشەقام دەناسرێت. هەبوونی ناسنامە و بەڵگەنامەی کەسێتی، بەهرەمەندبوون لە زۆرترین ئیمکانات و خزمەتگوزاری بێهداشتی و دەرمانی و هەروەها مافی کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی خوێندن و پەروەردە، قوتابخانە و چالاکییە وەرزشی و فەرهەنگییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی و هەڵاواردن بە هۆکارگەلێکی وەک ڕەنگی پێست، زمان، ڕەگەز، جنسییەت، ئایین، نەتەوە و هتد، لە زومرەی مافە سەرەتاییەکانی منداڵانە کە لە سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ڕێژیمی ئیسلامیدا، بۆتە خەون و خولیا، بۆ منداڵانی بێ ناسنامە لە ئێران.