له ئێرانی ئه‌مڕۆكه‌دا، منداڵان بێمافترین و ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگه‌ن. بەڵام بەشی سەرەکیی ئەم هەژاریی و بێمافییانه، بە منداڵی بنەماڵە کرێکاریی و کەمداهاتەکان ده‌بڕێت. هەژاریی بنەماڵە هه‌ر له‌و کاتەوە کە منداڵ لە سکی دایکیدا شکڵ دەگرێت و بەر لە له‌دایكبوونی، داوێنگیریەتی. کاتێک کە دایک لە قۆناغی دووگیانی‌دا لە خۆراکی تایبەت و پێویست بۆ پەروەردەبوونی سالمی كۆرپه‌ی ناو سکی بێبەشە، کاتێک دایکێک پێویستیی بە ئاگالێبوونی تایبەتی پزشیکیی هەیە و دەستڕه‌سیی پێی نییه، کاتێک دایکێک بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە نیگەرانیی بۆ داهاتووی منداڵە لەدایکنەبووەکەی دا ده‌ژی، هەژاریی و کەموکووڕییەکانی ژیانی، بەکردەوە دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەلەی ناو منداڵدانیشی.
لەگەڵ له‌دایكبوونی منداڵ، موسیبەتی تازە سەر هەڵدەدەن. لە ئاکامی گرانیی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتری شیر و مادەی خۆڕاکیی پێوست، ئه‌وه ته‌نها شیری دایکه كه دەبێتە تاكه سەرچاوەی خۆراکی منداڵ. بەڵام دایکێک کە خۆیشی تووشی كه‌مخۆراكیی و بەدخۆراکییە و مەواددی پێویست و باش ناگاتە جەستەی، چۆن دەتوانێ نیازەکانی خۆراکی منداڵە ڕوولەگەشەکەی بە شیری خۆی دابین بکات؟ بەمجۆرە کەمبوونی ویتامینەکان و ئەو ماددە خۆراکییانەی کە دایک لێی بێبەشە، ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ. ڕێژەی مەرگ و میری منداڵانی ژێر تەمەنی ٥ ساڵی لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتانی دواکەتووی سەرمایەداریی زیاترە و بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان نزیکەی ٣ لەسەدی منداڵان لە ئێران، هیچكات دەرفەتی گەیشتن بە وەها تەمەنێکیان نابێت.
ئەو منداڵانەی کە لەم تەمەنەدا شانسی ئه‌وه‌یان بووه و لە چنگی مەرگ ڕزگاریان هاتووه، ئەمجار ده‌بنه شەریکی هەژاریی و نەداریی بنەماڵەکانیانن و بەکردەوە گشت موسیبەتەکانی سەرچاوەگرتوو لێی یەخەیان دەگرێت. له‌ئه‌گه‌ری نەبوونی باخچەی منداڵان، ئاگاداریکردن لە منداڵ ڕۆژانە بەتەواویی دەكه‌وێته ئەستۆی دایک و باقی ئەندامانی بنەماڵە. بەڵام ئەوان کە خۆشیان گرفتاری دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بنەماڵەن، نەك هه‌ر دەرفەتیان نابێت وڵامی نیازی ڕوولەزیادبوونی منداڵ بدەنەوە، بەڵکوو شه‌كه‌تیی و هیلاکیی و جەنگی ئەعسابی ڕۆژانە، لەگەڵ کێشەکانی ژیان دەگوازنەوە بۆ منداڵه‌كه‌ش. منداڵیی قۆناغی گەشە و شکۆفابوونی جەستەیی و ڕەوانیی ئینسانە. بەڵام پێویستیی بە بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی ئەم گەشە و هەڵدانە، بەهرەمەندبوون لە بێهداشت و خۆراکی گونجاو، په‌روه‌رده و دابینكردنی کۆمەڵایەتیی و باقی مافە ئینسانییەکانە. گه‌مه، یاریکردن، تەفریح و بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی پێویست بۆ دڵخۆشیی و شادیی ژیان لەنێو بنەماڵەدا، کە لە زومرەی مافە سەرەتاییەکانی منداڵە، بۆ زۆربەی منداڵانی بنەماڵە کرێکاریی و زەحمەتکێشەکانی شار و گونده‌كان، ئاواتێکی دووره‌ده‌سته. لە وەها بارودۆخێکدا منداڵ بە ناچاریی وێڵی کۆڵان و سەرشەقام و تێکەڵاوی کەسانی هاوچارەنووسی دەبێت و جەستەی شلک و ناسکی دەکەوێتە بەر مەترسیی هەموو جۆرە نەخۆشییەک.
دوای تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە پڕ لە دژوارییە، ئیتر تەمەنی چوونە مەدرەسە دەگات. کەم نین ئەو بنەماڵە زەحمەتکێشانەی شار و گونده‌كان کە ناتوانن ئیمکاناتی چوونەمەدرەسەی ڕۆڵه‌كانیان دابین بکەن و به‌ناچار ڕۆڵه‌یان بەرەو فێربوونی کارێک بۆ دابینکردنی ژیانی ئێستای بنه‌ماڵه و داهاتوویان پاڵ پێوەدەنێن. کەم نین ئەو منداڵانەش کە لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٢ ساڵیدا دەبێ خۆیان لەبیری نان پەیداکردن و تێرکردنی سکی خۆیاندا بن و تەنانەت ده‌بنه نانئاوری بنەماڵەکانیشیان. لەم تەمەندا ئەنجامدانی بەشێک لە کارەکانی بنەماڵە یان مەزرا لە ئاواییه‌كان، لە ئەستۆی منداڵانە. کاری فه‌رش چنین، کارکردن لە کارگه چکۆلەکان، کارکردن لە مەزرا، دەستفرۆشیی، واكسکردنی کەوش و …. و ئه‌مانه، لە دیاردە باوه‌كانی ناو کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریی ئێرانن.
بەڵام لە مەدرەسەش کۆمەڵیک بەڵای دیكه چاوەڕوانیانە. کچانی کەم تەمەن لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە مەقنەعەیان به‌سه‌ردا ده‌كرێت و لە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان جیا ده‌کرێنەوە و به‌وه به مێشكیاندا ده‌كرێت كه هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان کارێکی نه‌شیاوه. وێڕای داسه‌پاندنی حیجاب و بێبەشبوون له گه‌مه و كایه‌ی هاوبه‌شی کچان و کوڕان، ئه‌مجار ئاموزشە مەزهەبییەکان دەست پێدەکه‌ن. کتێبه دەرسییه‌كان پڕ كراون لەم ئاموزشانە و منداڵ هه‌ر لە سه‌رده‌می منداڵییەوە ناچار دەکرێت ئاداب و ڕەسمی مەزهەبیی ئەنجام بدات و لەم ڕێوڕەسمانەدا بەشداریی بکات. بەمجۆرە ڕێگه بە منداڵان نادەن کە بەدوور لە باوەڕ و خوڕافاتی مەزهەبیی، په‌روه‌ده بن و فێری زانیاریی ببن و ئیمکانی ئەوەیان پێ‌نادرێت كه باوەڕبه‌خۆبوونیان تێدا به‌هێز بێت و لە داهاتوودا ڕێگه‌ی ژیانی خۆیان ئاگاهانە هەڵبژێرن. منداڵان لەو کلاسانەدا کە زۆربەیان بەرتەسک و پڕجەمعییەت و هەوایه‌كی پاک و فەزایه‌كی گونجاویشیان نییه، بە ڕیز دادەندرێن. ئەوان دەبێ گوێڕایه‌ڵی قسەی ئەو ئاموزگارانە بن کە زۆربەیان لەبەر گرفتاریی بەڕێچونی ژیانیان، حاڵ و حەوسەلەی پێویستیان بۆ سەر و کەللەلێدان لەگەڵ منداڵان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام په‌له‌په‌لی ئەوەیانه كه هەرچی زووتر كلاسه‌كان کۆتای‌یان پێ بێت.
لەپاڵ گشت ئەم بێبەشیی و بێمافیانەی ناو ئێرانی ئێستای ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی‌دا، هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن به پاڵپشتی ڕێسای شه‌رعیی، به‌یاسایی كراوه. کەم نین ئەو بنەماڵانەی کە توانای دابینکردنی ژیانی کچانی کەم تەمەنی خۆیان نییە و ڕازیی دەبن بە هاوسەرگیریی کچە کەم تەمەنەکەیان لەگەڵ کەسانی بەتەمەنتر و جاریواشه به‌ساڵاچوو. كچانێك کە لەو تەمەنه كه‌مه‌دا، تەنانەت منداڵیشیان دەبێت. بەم دواییانە سێمینارێک کە لەژێر ناوی “ئیزدواجی كوده‌ك” بەڕیوەچوو، مودیری بەشی موتالعاتی ژنانی ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی ئێران ڕایگەیاند كه ئاماری به‌شوودانی منداڵان لە ئێران بە بەراورد له‌گه‌ڵ ساڵی پار، ١٠ هەزار کەسی دیكه‌شی پێوه زیاد بووە و ته‌ڵاق و جیابوونەوەش له‌م ته‌یفه‌دا، ڕەوتێكی روو لە زیادبوونی هەیە. “شەهلا ئەعزازیی” ئەندامی هەیئەت عیلمیی دانیشگای تەباتەبایی، لەم سێمینارەدا باسی لە هه‌بوونی ٤٣ هەزار حاڵه‌تی به‌شوودانی کچانی تەمەن ١٠ بۆ ١٥ ساڵان لە ئێران کرد کە لەم ژمارەیە و هه‌ر له‌و ماوه زه‌مه‌نییه‌دا، دوو هەزار حاڵه‌تیان به‌ره‌و جیابوونە چووه. وه‌ها باردۆخێکی پڕ لە شەرمەزاریی کە هه‌ر ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەواتای دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان و به‌تاوانی جەنایی قورس بە ئه‌ژمار دێت، لە ئێرانی ئەمڕۆدا، كراوه به‌شتێكی یاسایی و باو.
ئاشکرایە کە منداڵان خۆیان توانای گۆڕینی ئەم بارودۆخە مەترسیدارەیان نییە و هیچ مرۆڤێكی شه‌ریفیش ناخوازێ كه منداڵانی ئەم کۆمەڵگه‌یە لە وه‌ها بارودۆخێکی فەلاکەتباردا ببینێ و ناتوانێ خوازیاری گۆڕینی نەبێت. ئەوەیکە ئەمڕۆ لە ئێران‌دا ڕوو دەدات چارەنووسی چاره‌هەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگه‌یە لە وەها چارەنووسێک، ڕێگایەک نییه، بێجگە لە ده‌ست خستنه ناو ده‌ستی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و سته‌مدیتووی ئێران و په‌ره‌پێدانی خه‌بات له‌دژی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئیسلامیی نه‌بێ. ڕژیمێك کە ماوه‌ی ٣٨ ساڵی ڕه‌به‌قه، خۆمان و منداڵانی بێتاوانی ئێمه‌ی وه‌ها بێڕەحمانە، لە مافە سەرەتایی و ئینسانییه‌كان بێبەش كردووه.