منداڵان، بێ پەناترین قوربانیانی شەڕ
ئەو شەڕە جینایەتکارانەی کە چوار هەفتەیە بەردەوامە، خەڵکی سڤیلی ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی لە چەندین لایەنەوە خستووەتە ژێر گوشارەوە. ئابووریی داڕماو، ئاوارەیی، نەبوونی ئەمنییەت و دەیان کارەساتی دیار و شاراوەی دیکە. بەڵام لەم نێوەندەدا، دەکرێ بوترێت کە منداڵان لاوازترین قوربانیی ئەم شەڕەن، ئەو قوربانییانەی کە نە لە بڕیاری دەستپێکردنی شەڕدا دەستیان هەبووە، نە زمانی دەربڕینی ناڕەزایەتییان هەیە و نە توانای خۆ دەربازکردن.
شەڕ بەر لەوەی لە زمانی سیاسییەکان و فەرماندەکانەوە پێناسە بکرێت، لە چاوی پڕ لە ترس و نیگەرانی منداڵێکدا دەبینرێت، لە دەستە لەرزۆکەکانیدا، لە خەبەربوونەوەکانی نیوەشەو بە دەنگی مووشەک و تەقینەوە، لە خۆ کروشمە کردنەکانی لە باوەشی دایکدا و لەو پرسیارە سادە و بەئازارە هاوبەشەی کە لە زاری منداڵانی ئێرانی، ئیسرائیلی، عێراقی و لوبنانییەوە دەبیسترێت: “ئایا ئێمەش دەمرین؟“
ئەم شەڕە جگە لە زیانی دەروونی، گیانی منداڵانیش دەستێنێت. کارەساتی “میناب“مان فەرامۆش نەکردووە، ئەو ۱۶۰ منداڵە قوتابییەی کە بوونە ئامانجی یەکەم شەپۆلی بۆردومانەکان و ئێستا دەرکەوتووە کە ئەم تاوانە بە مووشەکی ئەمریکایی ئەنجامدراوە. ئەمانە لە زومرەی ئەو منداڵانە بوون کە لە پۆلەکانیاندا دانیشتبوون. لەو سەری سنوورەکانیشەوە، منداڵانی ئیسرائیلی و لوبنانی لە ژێر ئاگری موشەکەکاندا بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە، چ بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، یان لە وەڵامی ئەودا بێت. کۆماری ئیسلامیش لە بەکارهێنانی منداڵان وەک “قەڵغانی مرۆیی” خۆی نەبواردووە. جێگیرکردنی دامەزراوە سەربازییەکان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و لە تەنیشت قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، هەموویان نموونەی ئەو تاوانانەن کە ئێستا لە ئارادان.
ئەم شەڕە بۆ ئەو منداڵانەی کە بە زیندویی دەمێننەوە، واتە ترس، نائەمنی و تێکچوونی هەموو ئەو شتانەی کە ژیانێکی منداڵانە پێکدەهێنن. ماڵ و قوتابخانە نائەمن دەبن، یاری، خەوی ئارام، پێکەنین و هەست بە پارێزراوبوون لە ژیانی منداڵاندا نامێنێت.
منداڵ دەبێت جیهان وەک شوێنێک بۆ دۆزینەوە، یاری و گەشەکردن بناسێت. بەڵام ئەم شەڕە، جیهانی لەبەرچاوی ئەودا کردووە بە شوێنێکی مەترسیدار و نادڵنیا. ئەو منداڵەی کە هەموو ڕۆژێک دڵەڕاوکێ لە ڕوخساری باوک و دایکیدا دەبینێت، بە دەنگی تەقینەوە ڕادەچڵەکێت، هەواڵی مەرگی دراوسێ و غایببوونی هاوپۆلەکەی دەبیستێت، چیتر وەک ڕابردوو سەیری دنیا ناکات. بەشێک لە منداڵییەکەی، زۆر زووتر لە کاتی خۆی، لێ زەوت دەکرێت.
یەکێک لە بەئازارترین کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە، ئەو برینەیە نادیار و هەتاهەتاییەیە کە دەکەوێتە سەر دەروونی منداڵان. منداڵان لە تاران، حەیفا، بەیروت و بەغدا ڕەنگە شەوانە خەونی ناخۆش ببینن، لە تاریکی بترسن، نەدوێن و گۆشەگیر ببن، یان بەپێچەوانەوە، شەڕەنگێز و نائارام. هەندێکیان تووشی (میزەچۆڕکێی شەوانە) دەبن. هەندێکیان بێدەنگ دەبن. هەندێکیان چیتر پێناکەنن. شەڕ تەنانەت ئەگەر جەستەی منداڵ بریندار نەکات، ڕۆحی ئازار دەدات.
ڕەنج و ئازاری منداڵان تەنیا دەروونیی نییە. کاتێک کارەبا دەبڕێت، ئاو کەم دەبێتەوە، دەرمان نامێنێت و نەخۆشخانەکان دەکەونە ژێر گوشار، ئەوە منداڵانن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. کۆرپەڵەیەکی کە پێویستی بە ئامێری تایبەت هەیە، منداڵێکی کە دەرمانی تایبەت بەکاردێنێت، منداڵێکی کە تووشی بەدخۆراکی بووە، یان منداڵێکی کە نەخۆشە و چارەسەرەکەی بە نیوەچڵی دەمێنێتەوە، هەموویان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدان کە ڕەنگە هیچکات لە ئامارە فەرمییەکاندا ناویان تۆمار نەکرێت، بەڵام لە واقیعی ئینسانیدا زۆر قورسە.
شەڕ، منداڵ لە قوتابخانەش بێبەش دەکات. قوتابخانە تەنیا شوێنی خوێندن نییە، بەشێکە لە ژیان، هاوڕێیەتی، ئومێد و لە نەزمی ڕۆژانەی منداڵ. کاتێک پەروەردە پەکدەخرێت، منداڵ تەنیا لە وانەکانی دواناکەوێت، بەڵکوو لە بەشێکی ژیانی جێدەمێنێت. ئەو لەو ژینگەیەی کە دەیتوانی تێیدا گەشە بکات دادەبڕێت و لەبری دەفتەر و پێنوس و یاری، لەگەڵ دڵەڕاوکێ و نائارامی دەروونی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
گوشاری ئابووریی سەرچاوەگرتوو لەم شەڕە، شیرازەی بنەماڵەکانیش لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە. کاتێک پشتی بنەماڵەکان لەژێر باری گرانی، بێکاری، کورتهێنان و نائەمنیدا دەچەمێتەوە، ئەم گوشارە ڕاستەوخۆ گاریگەری لەسەر منداڵان دادەنێت. سفرە و خوانەکان بچووکتر دەبنەوە و دابینکردنی خۆراکی پێویست دەبێتە کێشەیەکی بەرچاو. منداڵێکی کە دەبێت لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەیدا گەشە بکات، بەبێ ویستی خۆی باری قەیرانەکە دەکەوێتە سەر شانی.
لە هەمووی تاڵتر ئەوەیە کە شەڕ دەتوانێت توندوتیژی بکات بە بەشێک لە ژیانی ئاسایی منداڵان. منداڵێکی کە بەردەوام وێنەی مەرگ، تەقینەوە، ئاوارەیی و ترس دێتە بەرچاوی، وردە وردە لەگەڵ جیهانێکی توندوتیژدا ڕادێت. ئەمە تەنیا کارەساتێکی ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو برینێکە کە سبەینێش جەستەی کۆمەڵگا ئازار دەدات. نەوەیەکی کە بە ترسەوە گەورە بێت، ئەو ترسە ساڵانێکی زۆر دواتریش لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و لە پەیوەندییەکان، لە سیاسەت و لە کولتووردا، سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێنێتەوە.
هەر بۆمبێکی کە دەکەوێتە خوارەوە، تەنیا باڵەخانەیەک وێران ناکات، بەڵکوو بەشێک لە منداڵیی منداڵێکیش وێران دەکات. هەر ڕۆژێک کە ئەم شەڕە بەردەوام بێت، واتە منداڵانێکی زیاتر بە ترسەوە دەخەون، بە دڵەڕاوکێوە وەخەبەر دێن و زووتر لەوەی کە پێویست بێت لەگەڵ ڕەنجدا ئاشنا دەبن. دەنگی ئەو منداڵانەی لە میناب، لە باشووری لوبنان، لە شارەکانی ئێران و لە ئیسرائیل لە ژێر سێبەری موشەکەکاندا گەورە دەبن، بەرزترین دەنگی شەرمەزارکردنی ئەم شەڕەیە، شەرمەزارییەکی کە هیچ پاساوێکی سیاسی یان ئیدئۆلۆژی ناتوانێت کەمڕەنگی بکاتەوە.
