سۆشیال میدیا خۆجێییەکان لە سیستان و بەلوچستان بڵاویانکردەوە کە چالاکی ٢٤ کاتژمێری وێستگەی خۆڕسکی یارمەتییە جەماوەرییەکان بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە نزیک کەمپی غەدیر لە زاهیدان هەروا بەردەوامە لە چالاکییە مرۆییەکانی خۆی. وێستگەکە کە ٢٤ کاتژمێر چالاکە، ئەرکی کۆکردنەوە و پاکەتکردن و دابەشکردنی کەرەستە سەرەکییەکانی وەک ژەمە خۆراکی گەرم، نان، ئاوی خواردنەوە، خورما، شیری وشک و دایبی منداڵ، پەنیر و تەماتە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکەی لە ئەستۆیە. بەشێک لەو کەلوپەلانە لە نزیک ئەو پاسانەی کە ئامادەن بۆ ناردنەوەی کۆچبەران بۆسەر سنوور، بەسەر خێزانەکاندا دابەش دەکرێن، ئەوانی دیکەش دەگوازرێنەوە بۆناو کەمپی غەدیر.
یارمەتییە جەماوەرییە خۆڕسکەکان بۆ کۆچبەرانی ئەفغانستان کاتێک دەستی پێکرد کە خەڵکی ناوچەکە درکیان بە بارودۆخی نامرۆڤانە و سەختی کەمپی غەدیر لە زاهیدان کرد، جێگایەکی کە هەزاران کۆچبەری ئەفغانستانی بەبێ ئیمکاناتی تەندروستی و لەژێر گەرمای تاقەت پروکێندا و بەبێ خوراک و ئاوی خواردنەوە ڕاگیرابوون.
هاوکارییە جەماوەرییە خۆڕسکەکان بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە کاتێکدا بەردەوامە کە بەپێی ڕاپۆرتە خۆجێییەکانی دوێنێ، تیمێک لە کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامی لە بنکەیەکی فریاگوزاری گشتی بۆ کۆچبەرانی ئەفغانستان لە نزیک کەمپی ئەلغەدیر لە زاهیدان ئامادە بوون و دەستیانکردووە بە وێنەگرتنی ئەو شوێنە. سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحیدی تاران و دەوروبەر، وەک بەشێک لە چینی کرێکاری ئێران و جیهان، کۆچبەران، پەناخوازان و پەنابەران بە بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی ئینسانی و کرێکاریی هەر وڵاتێک دەزانێت. ئەوان نووسیویانە کە زۆر گرنگە هەموو ڕێکخراوە کرێکاری و مەدەنییەکان پابەند بن بەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە ڕوون و هاوبەشە و لە هیچ بارودۆخێکدا نەکەونە ژێر کاریگەری کەشوهەوای گەنیوی دژە کۆچبەریی و ڕەگەزپەرستانە. “هێرشکردنەسەر کۆچبەران، هاوپشتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی لاواز دەکات و خزمەت بە بەرژەوەندی حکوومەتەکان و سیستەمی سەرمایەداری دەکات. ڕەگەزپەرستی و تاوانبارکردنی کۆچبەران جێگای ئیدانەکردنە و زیانێکی زۆر بەو هاوپشتییە نێونەتەوەییە دەگەیەنێت کە کرێکارانی ئێران و ناوچەکە و جیهان پێویستی زۆریان پێیەتی. کۆچبەرانی ئەفغانستان سەرەڕای دەیان ساڵ لە ئامادەبوون و بەشداری ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات، لە زومرەی بێمافیترین و لاوازترین توێژەکانی کۆمەڵگان. پێشکەشکردنی پاڵپشتی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و بەدواداچوون بۆ بەیاساییکردنی پێگەی ئەوان، هەنگاوێکی پێویستە بەرەو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هاوپشتی، کە دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و کەرامەتی مرۆڤایەتی پێک بێت نەک بەپێی جیاوازی نەتەوە، ڕەگەز، یان باری نیشتەجێبوون. بە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە قووڵە ئینسانییەی کرێکاران و مرۆڤدۆستان، لە کۆمەڵگادا لەگەڵ مشتێک قەڵەم فرۆشی ڕەگەزپەرست، چەوسێنەرانی کرێکارانی ئەفغانستانی، ستەرکوتگەرانی حکوومەتی و هەندێک خاوەن خانووی کرێی بێ ئینساف بەرەوڕووین.
وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٤ی گوڵانی ١٤٠٤ ژمارەی ئەو ئەفغانستانیانەی کە ساڵی ١٤٠٣ لە ئێران دەرکراون، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس ڕاگەیاند. ئەم ژمارەیە لەو مرۆڤانەی کە بە کەمترین حەقدەست، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبووندا هەبووە، “ژمارە” نیین. ئەمانە کەسانێکن کە مەئموورانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی دیپۆرتکردنەوەدا جۆرێک هەڵسوکەوتیان بە تایبەت لەگەڵ منداڵاندا کردووە و دەیکەن، کە هەر مرۆڤێکی خاوەن وێژدان ئازار دەدات. شانبەشانی بەرپرسانی حکوومەتی، لەگەڵ تۆڕێکی ڕێکخراو لە درۆ و پڕوپاگەندە لە دژی ژنان و پیاوانی ئەفغانستانی بەرەوڕووین. هەواڵ و زانیارییەکانی ئەم تۆڕە بەربڵاوە بۆتە خۆراکی میدیاکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕژیم. مەئموورانی دەستپەروەردەی ئەم تاوانبارانە، دەستیان هەیە لە تاڵانکردنی ئەفغانستانییە بەدیلگیراوەکان و تەنانەت منداڵان و بەلووچە ئێرانییەکانی بێ ناسنامە و دوای تاڵانکردن دیپۆرتیان دەکەنەوە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک لە خاوەنکاران حەقدەستە وەدواکەوتووەکان و هەندێک لە خاوەن خانووەکانیش ڕەهن و کرێی پێشەکی کۆچبەرە ئەفغانستانییە بەدیلگیراوەکانیان نەداوەتەوە.
دوای شکستی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ڕێژیم دەستی کردووە بە تۆڵەسەندنەوە لە تێکۆشەران و نەیارانی خۆی. مەئموورە ئەمنییەتییەکانی ئەم حکوومەتە دژە خەڵکە، لەسەر ئەم بەستێنە ژمارەیەک لە ئەفغانستانییەکانیان بەبێ هیچ بەڵگەیەک بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار کردووە، لە کاتێکدا دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەوانە سی ئای ئەی و موساد، دەستیان بەو زانیاریانە گەیشتووە کە تەنها لەبەردەستی بەرپرسانی باڵای ڕژێمدا بوون.
ژنان و پیاوانی کرێکاری ئەفغانستانی لە زومرەی هەرزانترین هێزی کاری ئێرانن. ئەوان بەردەوام لە ژێر چاودێری و بێبەشی و سووکایەتی پێکردندا بوون بۆ ئەوەی ژێردەستەیی خۆیان قبوڵ بکەن. بێبەشبوون لە مافی بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، بێبەشبوون لە مانەوە و نیشتەجێبوون لە زۆرێک لە پارێزگاکان، نمایشکردنیان لەناو قەفەسدا و دیپۆرتکردنەوەیان بەشێوەیەکی توندوتیژ لە کاتی دەستگیرکردندا، تەنها بەشێکی کەمن لەو ئازارانەی کە بەسەر ئەفغانستانییەکاندا هاتووە. لەو هەلومەرجە سەختەی کە ئەمڕۆ پەنابەرانی ئەفغانستان لە ئێران لەگەڵیدا بەرەوڕوون، لە پەنای دژایەتیکردن لەگەڵ سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانی کۆماری ئیسلامی، کردەوەی ئینسانی و مرۆڤدۆستانەی وەک ئەوەی لە ئۆردوگای غەدیر لە زاهیدان بەڕێوە چووە، ئەرکێکی ئینسانییە کە دەبێ وەک نموونە وەربگیرێت. پەنابەرانی ئەفغانستان دەبێ بە ڕوونی لەوە تێبگەن کە لە نێوان هەڵسوکەوتی خەڵکی ئێران و هەڵسوکەوتی ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێراندا جیوازییەکی ئێجگار زۆر هەیە و دەبێ بە هەستی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازارچێشتووی ئێران بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.