کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مردنی ٤٠ هه‌زار كه‌س له‌ ساڵدا، به‌ هۆی پیسبوونی هه‌وا له‌ ئێران

thumbs b c 05172dba85830a99fa1b60b3e6942852

ئه‌م بارودۆخه‌ بۆهه‌موو ته‌مه‌نه‌كان مه‌ترسیدار ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. دوابه‌دوای تووندتر بوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی پیسبوونی هه‌وا و ئه‌وه‌یكه‌ تاران كه‌وته‌ بارودۆخیبنه‌وشه‌وه‌نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ده‌رمانییه‌كانی پێته‌خت، كه‌وتنه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌ باشیه‌وه‌.

حه‌سه‌نلوو به‌رپرسی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی پیسبوونی هه‌وای تاران سه‌باره‌ت به‌ ستانداردی كه‌یفییه‌تی هه‌وا له‌ ئێران، وتی: له‌ماوه‌ی یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئێران ته‌نیا وڵاتێك بووه‌ كه‌ نه‌ته‌نیا ڕاده‌ی ستانداردی میللی كه‌یفییه‌تی هه‌وای كه‌م نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌هۆی ده‌ست پێڕانه‌گه‌یشتن به‌ كه‌یفییه‌تی هه‌وای گونجاو، ته‌نانه‌ت ڕاده‌ی ستانداردی، به‌رزتر كردۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ئیبڕاهیمی ڕه‌ئیسی ڕۆژی ٢١ی پوشپه‌ڕ، له‌ دانیشتنی وه‌زیرانی ژینگه‌ی وڵاته‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژئاوای ئاسیا وتبووی، ئێران ئاماده‌یه‌ ئه‌زموون و زانسته‌كانی خۆی له‌ بابه‌ت كه‌مكردنه‌وه‌ی پیسبوونی هه‌وا، له‌ ئیختیار وڵاته‌كانی جیهاندا دابنێ.

به‌ پێی ئاماره‌ حكوومه‌تییه‌كان له‌ ئێران به‌ هۆی پیسبوونی هه‌وا ڕۆژانه‌ ١١٠ كه‌س، گیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن كه‌، بێگومان ئاماره‌ ڕاسته‌قینه‌كان پتر له‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ واتای مه‌ردنی ٤٠ هه‌زار كه‌س له‌ ساڵدا به‌ هۆی نالایقبوون و به‌رپرسیارنه‌بوونی حكوومه‌تی ئیسلامی له‌ ئاست گیان و ژیانی خه‌ڵك و هه‌روه‌ها بڕیاره‌ كاره‌ساتبار و نازانستییه‌كانی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیی و ژینگه‌یییه‌.

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، مامناوه‌ندی ڕێژه‌ی مه‌رگ و میر له‌ ئێران، وێنایه‌كی كاره‌ساتبار له‌وه‌یكه‌ له‌ ئێران ده‌گوزه‌رێت نیشانده‌دات. مردن به‌هۆی پیسبوونی هه‌وا، به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌ سرووشتییانه‌ی كه‌ ده‌كرێت پێشیان پێ بگیردرێت، مردنی منداڵان به‌هۆی گرفتی خۆراك و ده‌رمان، مردن به‌هۆی كرۆنا و به‌هۆی به‌كار نه‌هێنانی خێرای واكسیناسیۆن و دووپات بوونه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژه‌ی مردن و گیان له‌ده‌ستدانی مرۆڤه‌كان، به‌جۆرێك ئاسایی بۆته‌وه‌ كه‌ وه‌ك بڵێی ڕووداوێكی بچووكن و خه‌ڵك له‌گه‌ڵ دووپات بوونه‌وه‌كه‌یان ڕاهاتوون.

پیسبوونی هه‌وا بابه‌تێكی جیهانییه‌ و به‌ ڕه‌چاوكردنی سیاسه‌تی درووست و زانستیی و ژینگه‌یی، به‌ سه‌رمایه‌گوزاری كردن له‌ بواری وزه‌ی خاوێن، به‌ پێكهێنانی تۆڕی ئه‌من و هه‌رزانی گواستنه‌وه‌ی گشتی، هاندان و ئاسانگرتنی دامه‌زراوه‌ جه‌ماوه‌ری و دانشگاییه‌كان، به‌كار هێنانی كارناسانی خاون ڕا و پسپۆڕ، له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی ژینگه‌ی ته‌ندرووست و ڕاهێنانی خه‌ڵك و به‌كارهێنانی ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌ گشتییه‌كان، ده‌كرێت به‌ر به‌ پیسبوونی هه‌وا بگیردرێت و كێشه‌ و گرفته‌كانی سه‌رچاوه‌ گرتوو له‌ پیسبوونی هه‌وا تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بكرێته‌وه‌.

به‌ پلانی كورت ماوه‌، مامناوه‌ند و درێژماوه‌، هه‌روه‌ها به‌شداری چالاكانه‌ی خه‌ڵك به‌ پیشه‌ییی كردن و به‌ڕۆژ كردنه‌وه‌ی تكنۆلۆژیا له‌ بواره‌كانی پیشه‌یی، كشت وكاڵ، درووستكردنی فه‌زای سه‌وزی زیاتر و پێشگرتن به‌ له‌ناوچوونی دارستانه‌كان، ڕه‌خساندنی بواری گونجاو بۆ گرووپه‌كانی لایه‌نگری ژینگه‌، هه‌روه‌ها به‌ هاوكاری ناوچه‌یی و جیهانی، ده‌كرێت پیسبوونی هه‌وا به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر، كه‌م بكرێته‌وه‌. كارێكی كه‌ كۆماری ئیسلامی خرابترین نموونه‌ی له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی جیهاندا، له‌ خۆی نیشانداوه‌ و له‌ هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی دووژمنكارانه‌ و وێرانگه‌ر، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ كاری كردووه‌.

له‌ ئێران سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام هۆكاری وێرانبوون و پیسبوونی ژینگه‌ بووه‌. ڕژیم به‌ ڕێگه‌ پێدان به‌وه‌یكه‌ پاشه‌ڕۆكان بڕژێنه‌ ناو ڕووبار و ده‌ریاچه‌ و قامیشه‌ڵان و زۆنگاوه‌كان، زه‌ره‌ر و زیانێكی له‌ قه‌ره‌بوونه‌هاتووی، به‌ ژینگه‌ گه‌یاندووه‌. به‌ وردنه‌بوونه‌وه‌ له‌ داڕشتن وبه‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاله‌ی ٥ ساڵه‌ی ئابووری، به‌ درووست كردنی به‌نداوی ناكارناسانه‌، گۆڕینی ڕێڕه‌وی ئاوه‌كان و له‌ناوبردنی زه‌ویی و زاره‌كان، زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ ژینگه‌ی ئێران گه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی، له‌ پیسبوونی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌وا، ئاگرتێبه‌ربوونی دارستانه‌كان، درووست بوونی لافاو، وشكبوونی ڕووبار و ده‌ریاچه‌ و زۆنگاوه‌كان و هه‌روه‌ها ڕۆچوونی زه‌وی و له‌ كه‌ڵكه‌وتنی ساڵانه‌ی هه‌زاران هێكتار له‌ زه‌وییه‌ پڕپیته‌ كشتوكاڵییه‌كاندا، خۆی نیشانده‌دات.

واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گیان و ته‌ندروستی خه‌ڵك بۆ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ بایه‌خێكی نییه‌. ئه‌م بێ موبالاتی و نابرپرسیارێتییه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ كاره‌ساته‌ ژینگه‌ییه‌كان، زۆر به‌رچاوه‌. به‌رپرسیارێتی گه‌یاندنی زه‌ره‌ر و زیانێكی ئاوا قورس به‌ خه‌ڵك، له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتێكه‌ كه‌ تیایدا، گه‌نده‌ڵی، دزی و به‌رتیل وه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی ڕژیمدا جێگیربووه‌. ئه‌گه‌ر ته‌نیا به‌شێك له‌و به‌ ملیارد دۆلارانه‌ی كه‌ ساڵانه‌ خه‌رجی پڕۆژه‌ مووشه‌كی و ئه‌تۆمیه‌كان، به‌هێزكردنی هێزه‌ سه‌ركووتگه‌ره‌كان، ده‌ستێوه‌ردانه‌ ناوچه‌ییه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان، خه‌رجی ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ ئاینییه‌كانی په‌ره‌پێده‌ری خۆرافات و دواكه‌وتوویی ده‌كرێت، خه‌رجی پێشگرتن به‌ له‌ناوچوونی دارستانه‌كان و پیسبوونی هه‌وای شاره‌كان و هیتر ده‌كرا، شایه‌تی كاره‌ساتی مه‌رگی ٤٠ هه‌زار مرۆڤ له‌ساڵدا، به‌ هۆی پیسبوونی هه‌واوه‌ نه‌بووین.

پێشگرتن به‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی ڕژیم و خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ بۆسه‌ر ژینگه‌ و ته‌ندرووستی مرۆڤه‌كان ، چ له‌ ئێران و چ له‌ باقی وڵاته‌كانیتر، له‌ گره‌وی به‌هێزتربوونی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ژینگه‌ییه‌كان، له‌ هه‌موو شوێنك دایه‌. مافی هه‌ر مرۆڤێكی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ كه‌ له‌ هه‌وای ته‌ندرووست و ئاویی خاوێن و خۆارده‌مه‌نی پێویست به‌هره‌مه‌ند بێت. بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م مافه‌ پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو‌، دژ به‌ تاوانبارانی له‌ناو بردنی ژینگه‌، خه‌بات بكرێت