بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوویی نەناس و دێرینی کۆمەڵە کاک “کامیلی ڕەسوڵیان” ناسراو بە “کامیلی حاجی غەریب” بە هۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە دوێنێ چوارشەممە ٣ی مانگی ڕهشهممه، لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران گیانی ئازیزی بەخت کرد وبەجێی هێشتین.
هاورێ کامیل پێشمەرگەیەکی جەسوور و لێهاتووی ناو رێزەکانی کۆمەڵە و هەڵسووراوێکی ماندوویی نەناس و کەسایەتیەکی خۆشناو و ناسراو و باوەڕ پێکراوی شاری بانە و دەور وبەربوو. هاورێ کامیل ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە شاری بانە لە دایک بووە و هەرلەو شارەش گەورە بووە وهەر لە تەمەنی منداڵیەوە خەریکی کرێکاری بووە وبە رەنج ومەرارەت گەورە بووە . لە ساڵی ١٣٥٤ وە تا تا پاییزی ساڵی ١٣٥٧ لە زیندان بووە کە شەش مانگی ئاخری زیندانیەکەی لە زێندانی شاری سنە بهسهر بردووه . هەرلەوێ لەگەڵ هاورێ فوئادی مستەفا سوڵتانی ئاشنا دهبێت .بە ئاشنا بوون لەگەڵ هاورێ فوئاد بە کۆمەڵە و بیری چەپ ئاشنا بووە و هەر لەدوای زێندان لە سەرەتای دەست پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵەکانی ١٣٥٧ و ٥٨ پێوەندی بەریزەکانی کۆمەڵەوە کرد و وەک پێشمەرگە دەستی بە فعالیەت کردوە و تاساڵی ١٣٦٢ پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو و لە دەیان چالاکی سیاسی و نیزامی بەشداری کرد. ساڵی ٦٢ی هەتاوی بۆ یارمەتی بنەماڵەی گەرایەوە بانە، بەڵام هیچ کات لە رێبازی کۆمۆنیستی کۆمەڵە دوور نەکەوتەوەوە و تا دوایین ساتەکانی ژیانی بەو رێبازی وەفادار مایەوە .