بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە هاوڕێ کیومەرس شەریفی، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی پێشوویی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە هۆی نەخۆشییەوە، لە ڕۆژی سێشهممه ٢١ی ڕێبهندانی ١٤٠٤ی ههتاوی له وڵاتی سوئێد، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ کیومەرس شەریفی لە تەمەنی تازە لاویەتیدا ڕووی لە چالاکی سیاسی کرد و لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٩ له ئێران دژی دەسەڵاتی پادشایەتی بەشداریکرد. دواتر خەباتی سیاسی خۆی گرێدا بە کۆمەڵەوە و وەک پێشمەرگەیەکی چالاک درێژەی بە هەڵسوڕان دا. لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا هاوڕێ کیومەرس لە گوردانەکانی شاهۆ، ئارێز و شوان دەوری بەرچاوی نواند و لە نێو هاوڕێیانیدا بووە جێگای متمانە. فیداکاری و لەخۆ بوردوویی هاوڕێ کیومەرس لە ئاستێکدا بوو کە لە یەکێک لە شەڕەکان دژی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامیدا بریندار بوو، بەڵام ورەی خەبات و تێکۆشانی هەروا بەردەوام مایەوە. لە گۆڕەپانی خەباتی پێشمەرگانەدا هاوڕێ کیومەرس ئازاری لەدەستدانی خوشکی ئازیزی، واتە هاوڕێ ئازیتا شەریفی، بە ورەیەکی بەرزەوە تەحەمول کرد. هاوڕێ ئازیتا پێشمەرگەی قارەمانی کۆمەڵە بوو کە بە داخەوە لە مەیدانی خەباتدا گیانی بەخت کرد. بەداخەوە هاوڕێ کیومەرس لە یەکساڵی ڕابوردوودا گیرۆدەی نەخۆشی شێرپەنجەبوو و سەرەڕای هەوڵی زۆری پزشکەکانی نەتوانرا چارەسەر بکرێت و سەرەنجام ڕۆژی ١٠ی فورییەی ٢٠٢٦ ماڵئاوایی لە ژیان کرد و هاوڕێیان و بنەمەڵەکەی تووشی غەم و پەژارەیەکی بێ سنوور کرد.
