ڕۆژی سێشه‌ممه ١٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، حه‌سه‌ن ڕووحانی ڕایگه‌یاند كه قۆناغی چواره‌می هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی پێبه‌ندبوونی كۆماری ئیسلامی به ڕێكه‌وتنی به‌رجام له ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ر به كرده‌وه ده‌ردێت. له‌م قۆناغه‌دا سانتریفیوژه‌كانی “فۆردۆ” له ده‌ورووبه‌ری قۆم كه به پێی ڕێكه‌وتنی به‌رجام بڕیار بوو ببنه ناوه‌ندێكی لێكۆڵینه‌وه، گازیان تێده‌كرێته‌وه. ڕووحانی هۆكاری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی بۆ پێبه‌ند نه‌بوونی یه‌كیه‌تی ئۆرووپا به‌و ڕێكه‌وتنه بانكی و نه‌وتیانه گه‌ڕانده‌وه كه به مه‌به‌ستی ئاسان كردنه‌وه‌ی موعاملاتی بانكی و فرۆشی نه‌وتی ئێران ئه‌نجام درابوون. هاوكات ڕووحانی كه نیگه‌رانی هه‌ڵوێستی زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌داری به تایبه‌ت یه‌كیه‌تی ئۆرووپا بوو، ئه‌و متمانه‌یه‌شی پێدان كه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ڕژیم بۆ هێنانه خواره‌وه‌ی ئاستی پێبه‌ندبوون به به‌رجام قابیلی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی كه ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌كیه ئۆرووپاییه‌كان له‌وانه فه‌ڕانسه، ئاڵمان و بریتانیاش پێبه‌ندی ڕێكه‌وتنه‌كه بن. هه‌ڵبه‌ت ڕووحانی له گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌كه‌شدا له‌بیری نه‌چوو خۆی هه‌ڵكێشێ و وتی: “با دونیا بزانێ كه میلله‌تی ئێران هه‌م خۆڕاگره و هه‌م ئه‌هلی وتووێژ”.
له لایه‌كی دیكه‌وه ڕۆژی دووشه‌ممه عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ڕژیم له درێژه‌ی ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌دا و له هه‌وڵێكی نه‌مایشیدا ئامار و داتایه‌كی وردی له پێشكه‌وتنه‌كانی كۆماری ئیسلامی له بوار وزه‌ی هه‌سته‌ییه‌وه پێشكه‌ش كرد، تا به قسه‌ی خۆی نیشانی دا كه كۆماری ئیسلامی “توانا و ئیراده”ی به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی به‌رنامه‌كانی خۆی هه‌یه و به‌مجۆره یه‌كیه‌تی ئۆرووپا به‌ره‌و هێنانه‌گۆڕی ڕێگاچاره‌یه‌كی ماڵی بۆ ڕژیم هان دات. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه میدیاكانی ناوخۆی ڕژیم ئاماژه‌یان به قه‌باره و هێزی سانتریفیوژه تازه‌كان كرد و په‌ره‌یان به‌مجۆره ته‌بلیغاتانه دا. به‌ڵام كۆماری ئیسلامی خۆی باش ده‌زانێ كه یه‌كیه‌تی ئۆرووپا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆر بۆ پێكهێنانی “ئێس پی وی” یان كا‌ناڵی تایبه‌تی مكانیسمی ماڵی بۆ ڕژیم، نه‌یتوانیوه هیچ بانكێك له ترسی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا ڕازی كات تا به‌رپرسیاره‌تی ئه‌م مكانیسمه بگرێته ئه‌ستۆ.
پاش وته‌كانی ڕووحانی و ساڵحی، دژایه‌تێكی زۆر له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا. ڕۆژی سێشه‌ممه كۆمیسیۆنی ئۆرووپا ڕایگه‌یاند كه ئه‌م كرده‌وه‌یه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ڕێكه‌وتنی به‌رجام. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه‌ش ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی ڕژیمی به پێشێلكردنی ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی به‌رجام له قه‌ڵه‌م دا و ڕایگه‌یاند كه پاریس و شه‌ریكه ئۆرووپاییه‌كانی بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره چاوه‌ڕێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌بن. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمانیش ڕایگه‌یاند كه وه‌كار خستنی سانتریفیوژی نوێ و پیتاندنی ئۆران‌یۆم له لایه‌ن ئێرانه‌وه قه‌بووڵ ناكرێت. ته‌نانه‌ت وته‌بێژی سه‌رۆك كۆماری ڕووسیه‌ش نیگه‌رانی خۆی له‌م كرده‌وه‌یه‌ی ڕژیم ده‌ربڕی و وتی كه ئێمه ئاگاداری ئاڵوگۆڕه‌كانین. هه‌روه‌ها، وته‌بێژی “فێدریكا موگرینی” له بروكسێل هه‌ڕه‌شه‌ی له كۆماری ئیسلامی كرد كه: “یه‌كیه‌تی ئۆرووپا ئاگاداری هه‌وڵه‌كانی ئێرانه. داوا له ئێران ده‌كه‌ین كه ده‌ستبه‌جێ پاشه‌كشه له‌م هه‌وڵانه‌ی بكات. ئه‌گه‌ر ڕژیم به ڕێكه‌وتنی به‌رجام پێبه‌ند نه‌مێنێت، یه‌كیه‌تی ئۆرووپاش چیتر پشتیوانی له‌م ڕێكه‌وتنه ناكات”.
ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی یه‌كیه‌تی ئۆرووپا سه‌رچاوه گرتوو له بڕگه‌ی ٣٧ی ڕێكه‌وتنی به‌رجامه كه به پێی ئه‌م بڕگه‌یه، هه‌ر یه‌ك له سێ وڵاتی سه‌ره‌كی یه‌كیه‌تی ئۆرووپا له‌كاتی پێشێلكردنی ڕێكه‌وتنی به‌رجام له لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه ده‌توانن سازوكاری چاره‌سه‌ری كێشه یان “مكانیسمی ماشه” به‌كار بێنن و ڕاپۆرته‌كه بده‌نه شۆرای ئه‌منیه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و له ماوه‌ی ٦٥ ڕۆژدا هه‌موو گه‌مارۆكانی پێشوو به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێننه‌وه. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ئاژانسی نێونه‌نه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی له دوایین ڕاپۆرتی دا ڕایگه‌یاند كه “كۆماری ئیسلامی سانتریفیوژی نوێی له جۆری (ئای ئاڕ ٩)ی درووست كردووه و به پیتاندنی ئۆران‌یۆم له ڕێگه‌ی سانتریفیوژی پێشكه‌وتۆوه‌وه، بۆ جارێكی دیكه ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی (٤+١) ناوه‌ته ژێر پێ.
سه‌ران و به‌رپرسانی ڕژیم له وه‌ها باروودۆخێكدا نه‌زانانه ئیدعا ده‌كه‌ن كه گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا كاریگه‌ریه‌كی وای نه‌بووه و ئه‌م قۆناخه‌ش تێده‌په‌ڕێنن. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ڕه‌وتی ڕوو له نزمبوونی ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وت كه به‌شی هه‌ره زۆری بوودجه‌ی ڕژیم دابین ده‌كات، هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. تا جێگه‌یه‌ك كه ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كۆماری ئیسلامی له مانگی ئۆكتۆبردا تا ئاستی ١٢٥ هه‌زار بۆشكه له ڕۆژدا هاته خواره‌وه. بێ گۆمان درێژه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه، ئابووری ڕژیم له‌ناو ده‌بات. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له جیات ئه‌وه‌یكه ده‌ست له سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه و زێده‌خوازی و ده‌ست تێوه‌ردان له وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌رنامه‌ی پڕ هه‌زینه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌ڵگرێ، له ناوچه‌ی كه‌ندئاو دستی داوه‌ته جم و جۆڵی نیزامی و به‌ره به‌ره ڕێكه‌وتنی به‌رجام پێشێل ده‌كات. به‌ڵام نه هێنانه خواره‌وه‌ی ئاستی پێبه‌ندبوونی ڕژیم به به‌رجام له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوو و نه گرتنه‌به‌ری سیاسه‌ت و جم و جۆڵی نیزامی نه‌یتوانیوه سه‌ره‌نجی ده‌وڵه‌تانی خوازراوی ڕژیم به‌ره‌و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی ڕاكێشێ. به پێچه‌وانه‌وه مانۆڕی چواره‌می پێبه‌ند نه‌بوونی كۆماری ئیسلامی به به‌رجام، دژایه‌تی زۆری ده‌وڵه‌ته‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی به‌ناو دۆستی كۆماری ئیسلامی واته ڕووسیه ناڕه‌زایه‌تی خۆی له ئاست ئه‌م كرده‌وه‌یه ده‌ربڕیوه. په‌نابردنی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌مجۆره مانۆڕانه خۆی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئابووری ڕژیم له‌سه‌ر لێواری له‌ناوچوونه. به‌ڵام ڕژیم به گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته كۆنه‌په‌رستانه و دژه مرۆییانه گۆشاری گه‌مارۆ ئابووریه‌كان ده‌خاته سه‌ر گوشاری ئابووری قه‌یران لێدراوی سه‌رمایه‌داری ئێران و به‌مجۆره باروودۆخێكی فه‌لاكه‌تبارتری بژێوی به‌سه‌ر كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران داده‌سه‌پێنێ. له وه‌ها باروودۆخێكدا ڕۆژ به ڕۆژ به‌شێكی به‌رینتر له كرێكاران و توێژه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئیسلامی‌دا پێداگرتر له جاران و دژبه گشت ده‌سه‌ڵات دێنه مه‌یدانی خه‌بات و ئه‌م ڕه‌وته بێ گومان هێوابه‌خشی وه‌ڕێكه‌وتنی شه‌پۆلێكی خرۆشانن كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له گۆڕه‌پانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێران ده‌سڕێته‌وه.