کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتن و ناڕەزایەتیی واقعیەتێکی زیندووی هەموو رۆژه‌ی کۆمەڵگەی ئێران

ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە ئێران دەرێژەی هەیە، هیچ روژێک نییە کە باسێک لە ناڕەزایەتیی و مانگرتنێکی کرێکاری لە ئارادا نەبێت. تەنیا بۆ نمونە دەکرێ ئاماژە بە مانگرتنی چەند رۆژەی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە بۆ وەرگرتنی حەقدەستی دواخراو، مانگرتنی کرێکارانی لاستیکی پارس لەدژی بێکار سازی، کۆبوونەوەی نارەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتی گواستنەوە و گەیاندنی نێونەتەوەیی کەنداوی فارس بۆ وەرگرتنی حەقدەستی نەدراویان، بەرپا کرانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی کارخانەی چێو و کاغەزی مازندەران بۆ وەرگرتنی حەقدەستەکان، کۆبوونەوەی سەدان کەس لە کرێکارانی فازەکانی ١٥ و ١٦ی شیرکەتی گازی پارسی جنوبی لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی حەقدەستەکانیان، مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی فەرئاوەرشی پیتروشیمی بەندەری خومەینی بۆ وەرگرتنی حقوق و دەرماڵەی پێوەندیدار بە دژواری کار، ناڕەزایەتیی و مانگرتنی یەک لەدوای یەکی کرێکارانی ماشێن سازی هێپکۆ و ئازەرئابی ئەراک، پلی ئەکریل، بۆڵبرینگ سازی، لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی حقوق و حەقدەستی دواخراو و ڕێپێوانی بەرینی کرێکارانی بێکار لە خوزستان لە دوو سێ مانگی ڕابردوودا ئاماژە بکرێت.

لە ڕاستیدا دەکرێ بوترێت گۆڕان و ئاڵوگۆڕێک کە سەرمایەداری ئێران لەم دوو، سێ دەیەی دواییدا بە خۆیەوەی بینیوە، شەپۆلی دووهەمی هاتنی زەحمەتکێشانی دێهات بەرەو شارەکان، درێژەی رەوتی سەنعەتی بوون و چەند بەرابەر بوونی جەمعیەتی ئەو کرێکارانەی کە لە بەشی پیشەسازیدا خەریکی کارن تا ئیستا ڕەنگدانەوەی لە پەرەگرتنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە کارخانەکان و ناوەندە پیشەسازی گەورەکاندا نیشان داوە. چەند بەشێک لە ناوەندەکانی پیشەسازی بوونەتە کانونی مانگرتنە کرێکاریەکان. واتە ئەگەر لێکەوتەکانی ئیسلاحاتی ئەرزی و شەپۆلی بە پیشەسازی بوونی ئێران لەو دەورەیەدا سەرئەنجام ڕەنگدانەوەی خۆی لە پەرەگرتنی خەباتی کرێکاری لە دەیەی ٥٠ و خۆدەرخستنی بەهێزی چینی کرێکار لە شۆڕشی ٥٧دا نیشان دا، لەژێر کاریگەری ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سێ دەیەی دواییشدا ئێستا ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریانە لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێناندان کە فەزای سیاسی کۆمەڵگەیان خستتۆتە ژێر کاریگەرییەوە و هاوسەنگی هێزیان بە قازانجی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی گۆڕیوە. ئێرانی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ئێرانی دەیەی ٥٠ بۆتە سەرزەمینی مانگرتنە کرێکاریەکان. دەرێژەی خەبات لەم ناوەندە گەورانەدا جگە لەو كاریگەریەی لەسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگە و گەشەی چینی کرێکار هەیەتی، دەتوانێ بەشەکانی دیکەی چینی کرێکاریش وەجوڵە بخات. بەملیۆن کرێکاری بێکار و ئەو کرێکارانەی کە لە کارگا چکۆلەکاندا خەریکی کارن و بە هۆی نەبوونی رێکخراوبوون ئیمکانی خۆ دەرخستنیان نییە، لەژێر کاریگەری دەرێژەی ڕەوتی خەباتی ئێستادا دەتوانن بەم بەشە لە ناڕەزایەتیەکانەوە پەیوەست بن.

بەڵام مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ناوەندە گەورەکاندا سەرەڕای بەریناییەکەی، بە هۆی نەبوونی رێکخراوی جەماوەری و چینایەتی سەربەخۆ لە دەوڵەت، خەباتی کرێکاران هێشتا زیاتر بەبێ پێوەندی بەیەکەوە بەڕێوە دەچن و هێشتا هاوکات و یەک پارچە و سەرتاسەری نەبوونەتەوە. لە ئێستادا واوەتر چوون لە بارودۆخی ئەم سەردەمە و زاڵ بوون بەسەر پڕژوبڵاوی خەباتی کرێکاراندا بۆتە یەکێک لە کۆسپ و گرفتەکانی بزوتنەوە کرێکاریەکان. لە بارودۆخێکی نەبوونی رێکخراوە جەماوەرییە کرێکاریەکان و لە حاڵێکدا کە سەرمایەداران و دەوڵەتی حاکم بە ئیمکانات و پیلانی جۆراوجۆر بۆ دروستکردنی چەند بەرەکی و لەت کردنی خەباتی کرێکاران هەول ئەدەن، بە ئامانجی یەکگرتن و سەرتاسەری کردنەوەی خەباتی کرێکاران پێویستە بە دوو ئاڕاستەی سەرەکیدا هەنگاو بندرێت. یەکەم پیویستە هەڵسوراون و پێشڕەوانی کرێکاری لەو ناوەندە گەورە پیشەسازی و خزمەتگوزاریانەدا کە لە جەریانی خەباتی ئێستادا بوونەتە سیمای جێی متمانەی کرێکاران، پێوەندی و ئیرتیباتێکی ڕێکوپێکیان بە یەکەوە هەبێت، دووهەم ئەوەی کە ئەم هەڵسوراوە کرێکاریانە هەوڵبدەن کە کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکان لەدەوری داخوازی و دروشمی یەکدەستی خەباتکارانە لە یەکتر نزیک بکەنەوە. بە یەکەوە پەیوەست بوونی هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە کارخانە و دامەزراوە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێناندا دەتوانێ گۆشەیەک لە کەلێنی نەبوونی رێکخراوی جەماوەری کرێکاران پڕ بکاتەوە. هاوڕابوونی کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ناوەندە پیشەسازیەکان لەدەوری داخوازی و دروشمەکان، هەنگاوێکی گرنگە لە ئاست دروستکردنی وەحدەتی خەباتکارانەدا. ئەم سادەترین شێوازی وەحدەتە لە ڕێگای داخواز و دروشمی وەک یەکەوە، ئیمکان ئەدات بە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری تا رۆحیەی هاوپشتی و ئاگاهی چینایەتی، رێکخراوبوون و متمانە بەخۆیی و ئیمان بە هێزی چینی کرێکار لەنێو کرێکاراندا بەرز بێتەوە.

تەنیا بۆ نمونە، ئێستا کە سەرجەم کرێکاران لەگەڵ گرفتی حەقدستە دواخراوەکانی نزمتر لە هێڵی هەژاری، نەدرانی لە کاتی خۆیدای حەقدەستەکان و دەرکران و بێکار سازییە بەرینەکان و بەهرە وەرنەگرتن لە بیمە کۆمەڵایەتیەکاندا بەروڕوون، ئەگەر بکرێت لەم بوارانەدا کۆمەڵیک دروشمی وەک یەک بچەسپێنین، ئەگەر بکرێت داخوازی زیادکرانی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ نرخی تەوەڕومی واقعی و دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، و داخوازی بیمەی بێکاری بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دەرکردنەکان بەرینە نێو کرێکارانەوە، ئەو کاتە ناڕەزایەتیی لە هەر کارخانەیەکدا لەسەر ئەم داخوازیانە دەتوانێ ببێتە داخوازیەکی گشتی و چینایەتی و بهێندرێتە گۆڕێ و سەرجەم کرێکاران بانگهێشت بکرێن بۆ دەخاڵەت کردن لەم خەباتە و بۆ پشتیوانی لێکردنی و هاتنە مەیدان. ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتیە لە ئاست یەکگرتوو کردنی خەباتی کرێکاراندا و ئیمکانی ئەوە ئەدات تا لەدەوری دروشمێکی وەک یەک هێزی پڕژوبڵاوی کرێکاران کە هەرکامە و لە چوارچێوەی کارخانەیەکدا بە تەنیا سەرفی خەباتێکی پڕژوبڵاو بۆ داخوازیەیکی جۆراو جۆر دەکرێت چڕ بکەینەوە و وەجوڵەی بخەین. یان لە بارودۆخی ئیستادا بە لەبەرچاو گرتنی بێکاری ملیۆنی وەڕیخستنی حەرەکەتێکی ڕیکخراوی کرێکاری لەدژی بێکاری و بۆ دابین کردنی بیمەی بێکاری کە لە زەمینەی عەینی و مەقبوڵیەتی کۆمەلایەتی بەهرەمەندە، ئەمانە بەگشتی دەتوانن بابەتی هاوکاری هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بن.

یەکێکی تر لە گرنگترین کۆسپەکانی بەردەم بزوتنەوەی کرێکاری لە بارودۆخی ئیستادا نەبوونی تەحزوب یابی کومونیستی هەڵسوراوان و پێشڕەوانی کرێکارییە. هەڵسوڕوان و ڕێبەرانی کرێکاری بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ سوڵتەی هێژمونی بۆرژوازی پێویستە کە لە حیزبی سیاسی خۆیاندا خۆیان ڕێکبخەن. لە ئێران نە تەنیا گەشەی نا هاوسەنگی چینی کرێکار، بەڵکوو، بوونی تەیفێکی بەرین لە هەڵسوڕاون و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری کە هاوئاهەنگی چالاکیەکانیان گرنگی کرداری پەیدا کردوە، تەحزوب یابی کومونیستی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری دەتوانێ مۆری چینایەتی خۆی لە ئاڵوگۆرە سیاسیەکانی داهاتوو بدات. لەم روەوە بەشێکی بەردەوام لە ئەرکەکانمان ڕاکێشانی سەرنجی کرێکارانی پێشڕەو و سۆسیالیسته‌ بەرەو ستراتیژی و سیاسەتەکانی حیزبی کومونیستی ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-