ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٢ی مانگی جۆزه‌ردان، بازاڕییانی ئه‌راك و تاران، له ناڕه‌زایه‌تی به چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی باجی ساڵانه، گرانی و هه‌ڵاوسان، دووكانه‌كانیان داخست و به‌وتنه‌وه‌ی دروشم دژ به به‌رپرسانی باڵای ڕژیم، خۆپێشاندانێكی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. هه‌روه‌ها دانیشتووانی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی تاران له‌ناڕه‌زایه‌تی به گرانی به‌رق و هه‌ڵاوسانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی ئه‌و ناوچه، كۆبوونه‌وه. به پێی دوایین هه‌واڵ بازاڕییانی شاری كازروونیش ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه په‌یوه‌ستی مانگرتنی بازارییانی شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران بوون.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، دانیشتووانی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری تاران به وتنه‌وه‌ی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ ده‌وڵه‌تی خه‌ڵك خڵه‌تێن” و “ئاو، به‌رق، ژیان، مافی سه‌ره‌تایی خۆمانه”، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ئاست گرانی به‌رق و هه‌ڵاوسان نیشاندا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه بازاڕییانی سێ‌ڕێیانی “ئه‌مین حزوور” و چوارڕێیانی “جومهووری” تاران مانیانگرت و خۆپێشاندانێكی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ره‌و مه‌یدانی “به‌هارستان” و مه‌جلیسی كۆماری ئیسلامی به‌ڕێوه‌برد به‌ڵام له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم به‌ره‌وڕووبوونه‌وه. له شاری ئه‌راكیش بازاڕییان به داخستنی دووكانه‌كان و وتنه‌وه‌ی دروشم، خۆپێشاندانێكی گه‌وره‌یان به‌ڕێوه‌برد و خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی باجی ساڵانه و دابه‌زینی هه‌ڵاوسان و گرانی بوون.