به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە ماوەی پێنج ساڵە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان ڕاگیراوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیرانەکەی میدیایی نەبووەتەوە، مانی لەخواردن گرتووە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، “ئیسماعیل موریدی” لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەوه، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە ئازادی مەرجدار و یان پێدانی مرەخەسی بە ناوبراو، لە زیندانی دێزڵ ئابادی کرماشان مانی لەخواردن گرتووە. جێگهی ئاماژهیه، ئیسماعیل موریدی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ساڵی ٩٥ لەلایەن هێزەکانی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشان دەستبەسەر و دواتر لە لایەن لقی چواری دادگای ڕژیم له شاری کرماشان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یهكێك له حیزبه نهیارهكانی ڕژیم” حوکمی ١٠ سال بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئهم حوکمه سهرلهنوێ نێردراوە بۆ دیوانی باڵای وڵات و دواجار لە لایەن لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی ئۆستانی کرماشان وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.