کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتن قوتابخانەی خەباتی چینایەتی کرێکاران

مانگرتن لای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی حەرەکەتێکی پێچەوانەی قانونە. لە ماوەی ساڵانێک حاکمەیەتی ئەم ڕژیمەدا گەلێک جار یاسای کار نوسراوەتەوە و تەبسەرە و ئیسلاحیەی جۆراو جۆری بۆ زیاد کراوە و یان لێی کەم کراوەتەوە، بەڵام لە هیچکام لە ڕەش نووسەکاندا و لە هیچکام لە دەقە پەسند کراوەکاندا تەنانەت جارێکیش وشەی مانگرتنی تێدا بەکار نەهاتووە. هەر ئەڵێی وەها حەرەکەتێک لە کۆمەڵگای ئێراندا لەبنەڕەتدا بوونی نییە. بەڵام سەرەڕای ئینکار و داپۆشینی ڕژیم، مانگرتنی کرێکاری کابوسێکی بەردەوامی دەزگا سەرکوتگەرە ڕاستەوخۆکان لە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا، فەرمانداران و ئوستاندارانەوە تا ناوەندەکانی سەرکوتی نا ڕاستەوخۆی وەک رێكخراوه‌ دژی کرێکاریەکانی خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکان و تریبونەکانی نوێژی هەینی و هیتری کارابووە.
مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێکی جیانەکراوەی مەوجودیەتی چینێکە کە سەروەت و نێعمەتە کەڵەکە کراوەکان لەم کۆمەڵگایەدا بەرهەمی کار و ڕەنجی ئەوە. حه‌قده‌ستێك کە سەرمایەداران ئەیدەن بە کرێکاران، تەنیا بەشی ژیانێکی مەمرەو مەژی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکات تا بتوانن سبەینێ دیسان بچنەوە سەرکار و سەرلەنوێ بچەوسێنەوە و سەروەت بەرهەم بێنن. بەڵام کرێکاران لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە زاڵمانەیەدا تەسلیم و بێ ئیرادە نین. ئەگەر سەرمایەداران هەموو هەوڵی خۆیان بەکار دێنن تا بە دانی حقدەستی کەمتر بە کرێکاران، بە خۆ بواردن لە ئەنجامی ئەو تەعەهودانەی داویانە و تەوافوقیان لەسەر کراوە لە گەڵ کرێکاران، سود و قازانجەکانیان زیاتر بکەن، لە بەرانبەردا کرێکارانیش بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان مانگرتن وەک شێوازێكی کارا لەدژی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان بەکار دێنن.دەست پێکی مانگرتن سەرەتای خه‌باتی هەدەفمەندی کرێکارانە وەک چینێک لەدژی نیزامی سەرمایەداری. تا پێش له‌و شێوازه له‌‌ خه‌بات ‌کرێکاران تەنیا بەشێوەی فەردی لە کێشمە کێشەکانیدا لەگەڵ سەرمایەدارانی قازانج پەرست دەرگیر بووەن. بەڵام لەوە بەدواوە کرێکاران فێر دەبن کە چلۆن هێزی بە کۆمەڵی خۆیان لەم نەبەردەدا بەکار بێنن. کرێکاران فێردەبن کە خەباتی بە تەنیایان لەگەڵ سەرمایەداران بەهیچکوێ ناگات. کرێکاران لە جەریانی مانگرتندا لەژێر باری سوکایەتی پێکرانی هەموو رۆژەیان لەلایەن سەرمایەدارانی قازانج پەرستەوە پشت ڕاست دەکەنەوە و باوەڕ بەخۆبوون و کەرامەتی ئینسانی خۆیان بەدەست دێننەوە. لەگەڵ دەست پێکردنی هەر مانگرتنێکدا خاوەنکاران بۆیان دەردەکەوێ کە مەیدانداریی ئەوان لەدژی کرێکاران سنورێکی هەیە و ئەوان ئیتر حاکمانی بێ ئەملاو ئەولا بەسەر چارەنووسی کرێکارانەوە نین. کرێکارانیش دەزانن کە ڕێگایەک بۆ ڕزگار بوون لە فەلاکەتێک کە سەرمایەداران بەسەریاندا سەپاندون بوونی نییە و هیوا بە ڕزگار بوون لە ژیانی ژێردەستە بوون لە وجودیاندا چەکەرە دەکات.699
لە جەریانی مانگرتندا کرێکاران روو بە روو لەگەڵ سەرمایەداران وتووێژ دەکەن، مافەکانیان بە پشتیوانی هێزی یەکگرتوانەی خۆیان داوادەکەن، بەم جۆرە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بووە هەست دەکەن کە لەگەڵ سەرمایەداراندا لە ئاستێکی یەکساندان. لە رۆژەکانی مانگرتندا ئەوە کرێکارانن کە دەستور بە سەرمایەداران ئەدەن و بەسەریاندا فەرمان ئەکەن. ترس لە شکڵ گرتن و گشتگیر بوونەوەی وەها رۆحیەیەکە کە دەوڵەتانی پشتیوانی سەرمایەداران توشی وەحشەت دەکات و سەرلێشێواوانە ئامرازەکانی سەرکوتی ڕاستەخۆ و نا ڕاستەوخۆیان لەدژی کرێکاران بەکاردێنن. کاردانەوەی دەوڵەتەکان ئەوە فێری کرێکاران دەکات کە بۆ بەئاکام گەیاندنی ئەم نەبەردە دەبێ وشیارانە تر و ڕەزمەندە تر بێنە مەیدانی عەمەلەوە.
” مانگرتن چاوی کرێکاران نەتەنیا بە رووی ماهیەتی سەرمایەداران بەڵکو بە رووی ماهیەتی دەوڵەت و یاساکانیشیدا دەکاتەوە، هەر مانگرتنێک ئەم ڕاستیەی کە دەوڵەت دوژمنی کرێکارانە و چینی کرێکار دەبێ خۆی بۆ خەبات لەدژی دەوڵەت و بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی هەموو خەڵک ئامادە بکات وەبیر کرێکارانی دێنێتەوە. مانگرتن ئەوە فێری کرێکاران دەکات کە بەیەکەوە بن، نیشانیان ئەدات کە ئەوان تەنیا کاتێک کە یەکگرتوو بن دەتوانن لەدژی هەموو سەرمایەداران خەبات بکەن. مانگرتن فێری ئەوەیان دەکات کە بیر لە خەبات لەدژی حکومەتی پۆلیسی بکەنەوە و بۆ ئازادی هەموو خەڵک، سەرجەم ئەوانەی کە زەحمەت دەکێشن لەژێر کۆت و بەندی ئیستبداد خەبات بکەن.”
بەم جۆرە مانگرتن مەیدانەکانی خەباتی سیاسی بە رووی کرێکارانی پێشڕەو و ڕێبەرانی کرێکاریدا دەکاتەوە. فێریان دەکات کە ئه‌ركی گۆڕینی ئەم کۆمەڵگا پێچەوانەیەی کە چارەنووسی لەدەستی چینێکی زەروو سفەت دایە لە ئەستۆی ئەوانە. کرێکاران بە درێژەدان بەم خەباتە فێر دەبن کە سەرجەم هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، برسیەتی، قاتوقڕی، ستەمکێشی سەر ژنان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئیعتیاد، لەشفرۆشی، کاری منداڵان، منداڵانی خیابانی و سەرجەم فەسادێکی لەم کۆمەڵگایەدا هەیە بەرهەمی نیزامێکە کە له ‌باری مێژووییەوه‌ ته‌مه‌نی بەسەرچووە و بە دەستی پڕ توانای چینی کرێکار دەکرێ بگۆڕدرێت. بزوتنەوەی کرێکاری لە هیچ وڵاتێک مافی مانگرتنی لە ڕژیمە سەرمایەداریەکانی حاکم سواڵ نەکردوە، بەڵکو ئەم مافەی بە هێزی یەکگرتویی و خەباتی خۆی بەدەست هێناوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا ئەگەرچی ڕژیم وەها مافێکی قەت بۆ کرێکاران بەڕەسمیەت نەناسیوە بەڵام مانگرتن بەردەام یەکێک بووە لە ئامرازەکانی جەماوەری کرێکاران بۆ دەرکێشانی بەشێک لە مافەکانی لە گەرووی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان. مانگرتن ئامرازی خەباتی بەکۆمەڵی کرێکارانە. مانگرتن مەدرەسەیەکە بۆ ئاموزشی چینی کرێکار لە خەباتێکی چارەنووس سازدا کە خەریکە بەرەو پێشی ئەبات. مانگرتن دەرفەتێکە بۆ دەرکەوتن و پەروەردەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری. لە جەریانی مانگرتندایە کە کرێکاران هەست بە پێویستی ڕێکخراوبوون و یان نەزم دانی زیاتر بە رێكخراوه‌كانیان دەکەن. لە جەریانی مانگرتندایە کە کرێکاران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حەرەکەتی بەرەو پێشی خۆیان دەناسن و تەجروبەکانیان بۆ خەباتی چارەنووس سازی داهاتو دەوڵەمەند تر دەکەن. لە جەریانی مانگرتندایە کە هاوڕێیەتی و هاوپشتی کرێکاری بەهێز دەبێت. لە رۆژەکانی مانگرتندا بنەماڵە کرێکاریەکان زیاتر لە پێشو لەیەکتر نزیک دەبنەوە و لە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتی رۆژانەیاندا یارمەتی یەکتر ئەدەن.

هیچ ڕادەیەک لە خزمەتگوزاری و بیمەکان، هیچ ڕێژەیەک لە زیاد بوونی حەقدەست، هیچ باشتر بوونێک لە بارودۆخی ئیمنی کار، بەرهەمی بڕیاری دڵخوازانە و ئیختیاریی لە لایەن سەرمایەدارانەوە نەبووە . هەر مافێکی کە لەم بوارانەدا بەدەست هاتووە، تەنیا بەرهەمی خەباتی ڕاستەخۆی کرێکاران و یان ترسی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بووە لە کاردانەوەی توند و پەرەسەندنی زیاتری خه‌باتی کرێکاران. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان تا کاتێک کە لەگەڵ ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاران لە شێوازی مانگرتندا بەرو روو نەبنەوە، لەبەرانبەر تەرح و هاتنە گۆڕی خواست و داواکاری کرێکاران لە شێوەی دیکەی خەباتدا، خۆیان گێل دەکەن. بەڵام کاتێک کرێکاران پرۆسەی بەرهەمهێنان و کەڵەکە کردنی سودی سەرمایەیان ڕاگرت ئەوکاتەیە ترس لە گیانیان دەنیشێ و لێیان حاڵی دەبێت کە چلۆن شوشەی تەمەنی نیزامەکەیان لە دەستی ئەو بێبەشانە دایە کە تا دوێنێ کردبویاننە کۆیلە و سوکایەتیان پێدەکردن. مانگرتن قوتابخانەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە لەدژی نیزامی سەرمایەداری.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-