تەنیا چوار ڕۆژی ماوە بۆ ڕۆژی مێژوویی ٢٥ی خەرمانان. شەممەی هەفتەی داهاتوو ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و سەرەتای ئەو شۆڕشەیە کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، کۆمەڵگای ئێرانی خستە سەر ڕێگای ڕزگاریی لەدەست ڕژیمی ئیسلامی و بەدەستهێنانی ئازادی و ژیانێکی باشتر. ئەو بزووتنەوەیەی کە لە شاری سەقز لە کوردستان دەستیپێکرد، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زیاتر لە ١٥٠ شاری ئێرانی گرتەوە. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و تەواوی جیهانی خستە ژێر کاریگەری خۆی و ناوی مەهسا ئەمینی زۆر زوو بوو بە ئاشناترین ناوی خەڵکی جیهان. ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” درێژماوەترین ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چوار دەیەی ڕابردوو دژ بە کۆماری ئیسلامی بوو. ئەم بزووتنەوەیە لە یەکساڵدا هەموو ڕواڵەتی ئێرانی گۆڕی و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم کۆمەڵگایەدا پێکهێنا. حیجابی ئیجباری کە سیمبولی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمی ئیسلامی بوو، تووڕهەڵدرا و گەشتی بەدناوی ئیرشادی ئیسلامی لەئاست بوێری و خۆڕاگریی ژنانی ئێراندا بەچۆکداهات. نەریتی پیاوسالاریی کە پێشینەی چەند سەد ساڵەی لە کۆمەڵگادا هەیە، لەبەرامبەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی لاوان و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبدا تا ڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی پێکرا و جێگە و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا لە هەموو ئاستەکاندا بەرز بووە. ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا حیجابی زۆرەملێ و ئەم هێمای ئیدیۆلۆژییەی حکوومەتی ئیسلامی و ئامرازی سەرکوت و سووکایەتی پێکردن بە ژنانی بەتەواوی بردە ژێر پرسیار و یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەوڵەتی ئایینی تێکشکاند.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا پرسی نەتەوەییشی کردووەتە بابەتێکی سەراسەری و هەستی هاوسۆزی و هاوخەباتی نەتەوەیی تا ئاستێکی بەرچاو بەرزکردەوە. ئێستا ئیتر خەبات لەپێناو مافی یەکسان بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بابەتێکی جێکەوتوو و قبووڵکراوە. پێکهاتنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و بایەخدان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ستەم لێکراوەکان و هیوا بە شکڵگرتنی پێکهاتە یەکسانیخوازەکان و دروستکردنی یەکێتییەکی دڵخوازانەی هەموو دانیشتوانی وڵات، دەتوانرێت وەک دەستکەوتێکی گرنگی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا هەژمار بکرێت.
ئەمشۆڕشەهێزەکانیپارێزەرینیزامیئیسلامییتووشی
پرشوبڵاوی کردووە و دوودڵی لەناو ڕیزەکانی ئەو هێزەدا درووستکردووە و کەلێن و ناکۆکی قووڵ و ئاشکرای خستووەتە ناو لایەنگران و داکۆکیکارانی کۆماری ئیسلامی. ئێستا ئیتر تەنیا کەمینەیەکی ڕێکخراو و بناژۆخواز و تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و پشتبەستوو بە هێزی چەک، لایەنگری ئەم نیزامەن. ئێستا زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆی ڕێژیم باس لە “ڕووخانی ڕژیم. بە دەستی خودی بەرپرسانی ڕژیم” و “لەبەریەک هەڵوەشانەوە” و “تەقینەوەی توڕەیی خەڵک” و شۆڕش دەکەن و لەم بابەتەوە زۆر نیگەرانن. هەروەها ناوەندی سەرەکی دەسەڵاتیش بە خەیاڵی خاوی خۆی پێیوایە کە دەتوانێت، بە زەبری چەک و بە یارمەتی کەمینەیەکی هار و دڕندە و بێبەزەیی، بەبێ وڵامدانەوە بە لانیکەمی ویست و داخوازییەکانی خەڵک و گرینگیدان بە داواکارییە ئازادیخوازانە و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی جەماوەر، بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتە مسۆگەر بکات. بە پشتبەستن بەم دەستکەوتانەیە کە ئاسۆیەکی نوێ بەڕووی خەباتی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیشدا دەکرێتەوە. ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی خەبات و فیداکاریی ئەو لاو و ژن و پیاوە شەریفانەیە کە مەرگی سەربەرزانەیان بە گیان کڕی و ئامادە نەبوون لەئاست دەسەڵاتی کۆنەپەرستدا چۆکدابدەن و وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی تاریکی شەودا دەدرەوشانەوە و ڕێگای سەرکەوتنیان ڕووناک کردەوە.
لەم ڕۆژانەدا خەڵکی کوردستان ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا و نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ گیانبەختکردووانی ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە. ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، کوردستان وەک ئاکتێکی سیاسیی لێبڕاوانە لە وڵامی بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا یەکپارچە دادەخرێت. خەڵک لە ئارامستانی ئایچی لە شاری سەقز و ئارامستانی هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان کۆدەبنەوە و ڕێز لە یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا دەگرن. لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان بنەماڵەی گیانبەختکردووان بە تەنیا ناهێڵنەوە و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شکۆدار و جەماوەریی لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، بەشێوەیەکی شایستە یادی ئەو ئازیزانە بەرز ڕادەگرن، وەفاداری خۆیان بە ڕێبازی ئەو ئازیزانە دووپاتدەکەنەوە و هاوسۆزی بێ درێغی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە سەربەرزەکانیان نیشان دەدەن.