شەپۆلی نوێی مانگرتنی سەرتاسەری و كۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی كرێكاران هەر وا بەردەوامە، چواچێوەی سینفی تێپەر دەكات و دیاردەی نوێ و هیوابەخش تییاندا سەرهەڵدەدا. شاهیدی حەركەتی هاوئاهنگ و سەرتا سەری كرێكاران و هاوئاهەنگی كرێكارانینز كرێكاران سەر لە نوێی دە چنەوە سوراغی پێك هێنانی شورای سەربە خۆی كرێكاری.
سەرەڕای فەزای توندی ئەمنییەتی و بەڕێوەچوونی حكومەت نیزامی ڕانەگەیەندراو خۆ پیشاندان لە شارەكان درێژەی هەیە و تاكتیكی نوێ و دروشمی شەفاف لە سەر بنەمای نان و ئازادی پەرە دەستێنێت.
ئیستا كە قسە لە درێژەی خەباتی خەڵك لە شارە جۆراوجۆرەكانی ئێران دەكەین، لە هەمان حاڵدا ساڵوەگەڕی ڕۆژێكی مێژوویی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستانە. ڕۆژێك كه، بووە هێمایەكی نوێ لە مێژووی بزووتنەوەی جەماوەری كوردستان. ڕۆژێك كە وەبیرهێنانەوەی دەرسە گرینگەكانی، ئەمڕۆ و لە بارودۆخێكدا كە بزووتنەوەیەكی پێشڕەوی كۆمەڵایەتیی لە ئاستی سەرتاسەری لە ئێران لە ئارادایە، زیاتر لە هەمیشە پێویستە با جارێكی دیكە لە ساڵوەگەڕی ئەم ئەزموونە مێژووییەدا چاوێك بخشێنینەوە بەسەریدا.
١٦ی گەلاوێژی ١٣٨٤ ئەو ڕۆژەی كە بە مانگرتنی گشتی خەڵكی كوردستان، چووە ناو مێژووی ئەو وڵاتەوە. سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی هەوڵیاندا یەكێك لە خەباتكارانی شاری مەهاباد بە ناوی “كەمالی ئەسفرام” ناسراو بە “شوانە سەید قادری” دەست بە سەر كەن. كاتێك هەوڵەكانیان بێ ئاكام مایەوه، شوانەیان دایە بەر دەست رێژ و برینداریان كرد. جەلادانی رژیمی ئیسلامیی ئەو لاوە بریندارەیان ئەشكەنجە كرد، كوشتیان و تەرمی شێواوی ئەویان بەو پەڕی بێڕێزیەوە بە شاردا گەڕاند و دواتر ڕادەستی بنەماڵەكەیان كرد. مەبەستی رژیم لەم كردەوەیە، چاوترسێن كردنی خەڵك بوو، بەڵام ئاكامەكەی بە پێچەوانەی ویستی رژیم هەڵگەرایەوە. دانیشتوانی شاری مەهاباد كاتێك ئاگاداری ئەم جینایەتەی هێزەكانی رژیم بوون، بە كۆمەڵ چوونە بەردەم ماڵی ئەم لاوە خەباتكارە و هاوخەمیان لە گەڵ بنەماڵەكەی و نەفرەتی خۆیان لە رژیمی ئیسلامی دەربڕی.
رۆژەكانی ١٩ی و ٢٠ی پووشپەڕ خەڵكی تێكوشەری شاری مەهاباد و بە تایبەت لاوان لە شەقامەكانی ئەو شارە دەستیان دایە خۆپیشاندان و بە دانی دروشم لە دژی هێزە سەركوتگەرەكان، نیشانیان دا كە هیچ جینایەتێكی رژیم بێ وڵام نامێنیتەوە. ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ خۆپیشاندانەكان لە ئاستێكی بەرین تردا بەرێوەچوو و هێرشی هێزەكانی رژیم لە گەڵ خۆراگری تێكۆشەرانی ئەو شارە بەرەوڕوو بوویەوە. هێزەكانی رژیم تەیار بە ئامرازەكانی سەركوت لە هەمان كات دا لە ئاسمانەوە بە هێلیكوپتر پشتیوانییان لێ دەكرا. لە ئاكامی ئەم بەرەوڕوو بونەوەیە لە نێوان هێزەكانی رژیم و خەڵكی خەباتكار و لاوانی مەهاباد، ٥٠ كەس لە خۆپیشاندەران دەستبەسەر كران. رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ خەڵكی مەهاباد بۆ نیشان دانی نارەزایەتیی زیاتر بەرانبەر بە كردەوەی سەركوتگەرانەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی و میلیتاریزه كردنی شار، هاوكات لە گەڵ درێژی خۆپیشاندان دوكان و بازار و ناوەندەكانی كاریان داخست.
دوابەدوای خۆپیشاندان، بەرەوڕووبونەوەی بوێرانە و نارەزایەتی جەماوەری لە مەهاباد، خۆپیشاندان و نارەزایەتیی دەربڕین لە دژی كۆماری ئیسلامی شارەكانی دیكەی كوردستانیشی داگرت. خەڵكی خەباتكار و لاوانی شوڕشگێر لە شارەكانی بۆكان، مەریوان، شنۆ، پیرانشار، بانە، سەقز، سەردەشت، سنە و دیواندەرە و شار و شارۆچكەكانی تر؛ بۆ پشتیوانی لە خەڵكی مەهاباد بەم خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە پەیوەست بوون. ئەوان وێرای مەحكووم كردنی كردەوەی سەركوتگەرانەی رژیم چەند داخوازیەكیان هێنایە گۆرێ، كە بریتی بوون لە: ناساندن و سزا دانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەم جینایەتانە، ئازاد كردنی دەستبەجێی گیراوەكان و راگرتنی جینایەت و كوشتار لە كوردستان. كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی لە جیاتی وڵام دانەوە بە داخوازی ڕەوای خەڵكی كوردستان هێزێكی زۆریان ڕژاندە كوردستان و بەریان دانە گیانی خەڵك. ئەم خەباتە ئەگەرچی داخوازی روونی هەبوو، بەڵام بە شێوەی پرژ و بڵاو لە شارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بەڕێوەدەچوو. بەرەوربونەوەی خۆپیشاندەران و هێزەكانی رژیم لە سەر شەقامەكان خەساری زۆرتری بە خەڵك دەگەیاند. لە شاری سەقز چەكداراەكانی ڕژیم ریزی خۆپێشاندانی خەڵكیان دایە بەر دەسترێژی گوللە و ژمارەیەك گیانیان بەخت كرد و ژمارەیەكیش بریندار بوون. كاتی ئەوە هاتبوو كە هێز و توانای خەڵكی تێكۆشەر لە حەڕەكەتێكی رێكخراو و هاوئاهەنگ دا بە دوژمن نیشان بدرێت. كۆمەڵه، رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومونیستی ئێران بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی ١٦ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٨٤ی وەك ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە كوردستان ڕاگەیاند و بانگەوازی كۆمەڵە لە ڕاگەیاندنێكدا كە ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ بڵاوكرایەوە بە ئاگاداری خەڵك گەیشت. دوای بڵاوبونەوەی بانگەوازی كۆمەڵە، كرێكاران، لاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە شارەكان لە پێناو ئامادەكاری بۆ به سەركەوتن گەیاندنی مانگرتنی گشتی، كەوتنە خۆ. دام و دەزگاكانی رژیم بۆ پێشگرتن بە بەرێوەچوونی مانگرتن هەوڵەكانی خۆیان دەست پێكرد. نەیارانی ئەم حەڕەكەتەش لە ناو رێكخراوە سیاسیەكانی كوردستاندا چی بۆیان كرا لە پیناوی پێش گرتن لە سەركەوتنی ئەو بانگەوازە درێغیان نەكرد. كار گەیشتە جێگایەك كە رێكخراوێك كە بەداخەوە ناوی كۆمەڵەشی لە سەر خۆی داناوە، بە دەركردنی ڕاگەیاندنێكی رەسمی داوای لە خەڵك كرد لەو حەڕەكەتەدا بەشداری نەكەن. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ بە ملیۆن ژن و پیاوی تێكۆشەر و ئازادیخواز بە داخستنی دوكان، كارگا و ئیدارە و شوێنەكانی خۆیندن و ناوەندەكانی دیكەی كار، وڵامێكی یەكگرتوانە و كەم وێنەیان بە كۆماری ئیسلامیی دایەوە و هاوكاتیش نیشانیان دا كە بایەخێك بە كردەوەی تێكدەرانی نەیارانی ئەم حەرەكەتە نادەن. خەڵكی نارازی لە شارەكانی مەهاباد، بۆكان، مەریوان، سەقز، سنە، شنۆ، پیرانشار، بانە، سەردەشت، رەبەت، كامیاران و دیواندەرە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان بە شێوەیەكی بەربڵاو بە پێشوازی ئەم بانگەوازەوە هاتن و لە شارەكانی نەغەدە و ورمێش بەشێكی بەرچاو لە خەڵك لە مانگرتن دا بەشداریان كرد. بەم جۆرە ئەم مانگرتنە سەركەوتوانە و شكۆدار وەك ڕۆژێكی مێژوویی لە خەباتی خەڵكی كوردستان دا تۆمار كرا. ئەم مانگرتنە جارێكی دیكە نیشانی دا كە سەرەڕای گشت جینایەتەكان و پیلانەكانی كۆماری ئیسلامیی لە كوردستان، ئیرادەی خەڵك بەرامبەر بە رژیمی كۆماری ئیسلامی و سیاسەت و كردەوەكانی قایمتر و ریزەكانیان یەكگرتووتر و پتەوەتر بووە. سەركەوتنی ئەم مانگرتنە لە هەمان كاتدا كە ریشەی لە چەند دەیە خەباتی پڕاوپڕ لە فیداكاری خەڵك دا بوو، بە جەسارەت و خەباتی شێلگێرانە و یەك مانگەی خەباتكارانی مەهاباد و باقی شارەكانی كوردستان جێگیر كرا. بەم مانگرتنە وشیارانەیە، سەراسەری، رێكخراو و سەركەوتوانەیە، خەباتی خەڵكی كوردستان لە دژی رژیم پێی نایە قوناغێكی دیكەوە. قوناغێك كە تێیدا خەباتی وشیارانە، رێكخراو و بە بەرنامە دەورێكی كاریگەر لە بەرەو پێشبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستاندا دەبێنێت. رژیم كە هێزی خەباتی یەكگرتوانەی خەڵكی بینی، ڕۆژێك دوای مانگرتن و لە هەوڵێكی فریوكارانەدا هەیئەتێكی لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیی رەوانەی شارەكانی كوردستان كرد تا بە ناو دڵنەوایی لە خەڵك بكەن. ئەندامانی ئەم هەیئەتە بە لێدوانی بێ ناوەرۆكی بەرپرسانی رەسمی وەك ئیمام جومعه و فەرماندارانی شارەكان هێندێك نومایشیان وەرێخست و بەكردەوە داخوازییەكانی خەڵكیان خستە پشت گوێ. بەڵام دەرسەكانی مانگرتنی گشتی چووە سەر ئەزمونەكانی هێزی لە بن نەهاتووی كۆمەڵانی خەڵك و بزوتنەوەی شوڕشگێرانەی كوردستانی هەنگاوێكی گەورە بەرەوە پێش برد. بەكەڵك وەرگرتن لەم ئەزمونە بە نرخ و دەوڵەمەندە بوو كە جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان بۆ دەربڕینی نەفرەتی و بیزاری خۆیان لە ئێعدامی “فەرزادی كەمانگەر” و هاورێیانی مانگرتنێكی شكۆداری دیكەیان لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ بەڕێوەبرد.
ئەمڕۆ لە بارودۆخێكدا كە خەڵك لە هەموو شارەكانی ئێران بۆ دابین كردنی “نان و ئازادی” خیابانەكانیان كردووەتە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی، وەبیرهێنانەوەی مانگرتنە گشتی و شكۆدارەكانی خەڵكی كوردستان لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ لە ناڕەزایەتیی بە ئێعدامی ٥٩ كەس لە لاوانی شاری مهاباد، مانگرتنی گشتیی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٨٤ و مانگرتنی گشتیی ٢٣ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ لە ناڕەزایەتیی بە ئێعدامی فەرزاد كەمانگەر و هاوڕێكانی، ئەو سەحنە پڕهەست و گوڕوتینانەن كە بە دەرس وەرگرتن لێیان و دووپات كردنەوەیان، نەتەنیا لە كوردستان بەڵكوو لە ئاستی سەرتاسەری، دەكرێت هێزە سەركوتگەرەكانی ڕژیم زەوی گیر كەی و سەرئەنجام بە چۆكیان دابێنی. كوردستانی شۆڕشگێڕ بە وەها ئەزموونێكی پڕ لە خۆڕاگری ناتوانێت، لە خەباتی مافخوازانەی سەرتاسەری ئێران داو بمێنێت.