رۆژی چوارشەممە ١٤ ی مانگی سەرماوەز مانگرتنی کرێکارانی گوروپی میللی پیشەسازی فولادی ئەهواز چووە نێو ٢٦ مین رۆژی خۆیەوە و زیاتر لە ٣ حەفتە بەسەر ڕێپێوان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیی گهرم و گوڕی کرێکارانی ئەم موجتەمەعەدا تێدەپەڕێت. کرێکارانی فولادی ئەهواز بە دانی دروشمی” ئێمە کرێکاری ئاسنین ڕیشەی زوڵم لەبن دێنین”، ” کێشەی ئێمە چارەسەر نەبێ، ئەهواز ڕادەپەڕێ”، ” نە حاکم، نە دەوڵەت، لەبیری میللت دا نین”، ” ئێمە کرێکارانی فولاد، لەدژی زوڵم بێداد، دهجهنگین، دهجهنگین”، ” کرێکاران وشیارن، لە چەوسانەوە بێزارن”، ” فولاد، حەوت تەپە، یەکبگرن، یەکبگرن”، ” کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت”، ” ئیسماعیلی بەخشی و عەلی نەجاتی دەبێ ئازاد بکرێن” هەروا لەسەر درێژەدان بە خەبات تا دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان و پتەو کردنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی حەوت تەپە جەختیان کردەوە. بەڵام لە شارستانی شوش و لە حاڵێکدا کە زیاتر لە مانگێک لە مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپە تێدەپەڕێت و مانگرتن هەروا بەردەوامە. بهڵام لە رۆژی ١١ ی مانگی سەرماوەز بەم لاوە خۆپیشاندان لە سەر شەقامەکانی شاری شوش كۆتایی پێ هاتووه. هەواڵنێری حکومەتی ئیلنا و هێندێک لە ڕاگەیەنەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتنی ئەم مانگرتنەیان ڕاگەیاندوە، كه ئەمە ڕاست نییە.
ئەوەی کە ئاشکرایە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم لە ئوستانی خوزستان و بە شێوەیەکی دیاریکراو لە شارستانی شوش لە هەمان سەرەتای مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپەوە بە تایبەت لە کاتێکەوە کە ئەم مانگرتنە بوو بە خۆپیشاندانی خیابانی و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئیدارە دەوڵەتیەکان لە ئاستی شاردا، کەوتنە خۆ تا بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانەی کرێکاران توشی شکست بکەن. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە کرێکارانی حەوت تەپە بە هیممەتی ڕێبەریەکی شوڕایی کە هەیان بوو لە جەریانی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیە خیابانیەدا هەم لە باری ناوەرۆکی ئەو دروشمانەوە کە دەیانوتەوە و هەم لە باری هەڵسوکەوت و سازمان و ئینتیزاماتێکی دەقیق کە لە جەریانی ڕێپێوان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکاندا دایانمەزراندبوو هەروەها بە پشتگیری مەقبوڵیەتێکی کۆمەڵایەتی کە بۆ داخوازی و ناڕەزایەتیەکانیان لە ئاستی ڕای گشتیدا دەستەبەریان کردبوو، وەها بە دیقەت جوڵانەوە، کە هیچ بیانویەک بە ڕژیم نەدرا تا بە هێرش و سەرکوتی ئاشکرا بەرەنگاری ئەم ناڕەزایەتیانە ببنەوە، لە ڕاستیدا کرێکاران بە کارزانی خۆیان هێزەکانی سەرکوتی ڕژیمیان زەمینگیر کرد. لەم روەوە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم لە ئاستی جۆراو جۆردا و لە ڕێگای کەسانی سەر بەخۆیەوە لە ئاستی ناوچەییدا هەوڵیدا تا لە ڕیزی یەکگرتوی مانگرتنی کرێکاراندا دوو بەرەکایەتی دروست بکات و بەم ڕاستایەدا هەڕەشە و گوشار بۆسەر کرێکاران زیاتر بکات. سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم کرێکاران بە تێکدەری ئەمنیەتی کۆمەڵگا دەناسێنێ، ئیسماعیل بەخشی دەگرێت و دەیخاتە ژێر ئەشکەنجەوە، عەلی نەجاتی گیراوە و زیندانی کراوە، باقی نوێنەرانی کرێکارانیان خستۆتە ژێر چاودێریەوە، و لە هەمانحاڵدا بۆ هەڕەشە و تەماع وەبەرنان و فریودانی هێندێک لە کرێکاران لە هیچ فڕو فێڵێک دهستیان نهپاراستووه.
لە درێژەی ئەم هەوڵە داماوانەدا بوو کە رۆژی ١١ی سهرماوهز کاربەدەستانی حکومەتی و کەسانی سەر بەوان فەرماندار، مودیر عاملی تازە داندراو، بەرپرسانی ئیدارەی کار، هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە شوش، ئیمام جومعە و هێزەکانی بەسیجی خوێندکاری بە پشتیوانی هێزی ئینتیزامی بەپێی نەخشە و سیناریۆی لە پێشدا داڕێژراو بە کۆمەڵ بە قەستی ڕاگەیاندنی شکستی مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە چوون بۆ نێو ئەم موجتەمەعە. ئەم قافڵەیە لەگەڵ بەشێکی کەم لە کرێکاران کە لەژێر گوشاری ئەم هەڕەشە و فریو کاریانەدا دەستیان لە مانگرتن هەڵگرتبوو، ئاژیری دەست بەکار بوونەوەی سەرلەنوێی کارخانەکەیان لێدا و خۆیان بە دوور لە بڕیار و ئیرادەی کرێکاران کۆتایی مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپەیان ڕاگەیاند. ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکانی وەک ” ئیلنا” بە خێرایی بوونە تریبوونی ڕاگەیاندنی شکستی مانگرتن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی کرێکارانی حەوت تەپە هێشتا لە مانگرتن دان و نەچوونەتەوە سەر کارەکانیان. بەپێی ڕاپرسیەک کە ئەنجام دراوە، زۆربەی کرێکاران خوازیاری درێژەی مانگرتنن تا ئازاد کرانی ئیسماعیل بەخشی و عەلی نەجاتی و دەستەبەر بوونی باقی داخوازیەکانیانن. لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا کاربەدەستانی حکومەتی ژمارەیەک لە کرێکارانی حەوت تەپەیان لەژێر ناوی نوێنەر بردوە بۆ تاران تا لەگەڵ وەزیری کار و نوێنەرانی مەجلیس چاوپێکەوتن بکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کرێکارانی حەوت تەپە ئەم ژمارەیە بە نوێنەری خۆیان نازانن. لەبەر ئەوەی نەک لە لایەن ئەوانەوە، بەڵکو بە تەوافوق لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی چوون بۆ تاران و وتووێژی پشتی پەردەیان لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هیچ پێوەندیەکی بە داخوازی و بەرژەوەندیەکانی کرێکارانی حەوت تەپەوە نییە.
لەژێر ئەم بارودۆخەدا سارێژ کردنەوەی کەلێنیک کە دوژمن خستویەتیە ڕیزی کرێکارانی حەوت بتەپەوە و چارەسەر کردنی ڕاڕایی و نیگەرانیەک کە سەبارەت بە درێژەی مانگرتن پەرەی پێدراوە لە ئەولەویەتەکانی پێشڕەوان و ڕێبەرانی عەمەلی ئەم مانگرتنە دایە. ئەوەیکە بۆ سارێژ کردنەوەی کەلێنێک کە دوژمن لە ڕیزی کرێکاراندا دروستی کردوە چ ڕێكارێک دەگیرێتەبەر، بە تەجروبە و کارزانی هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە و دخاڵەتی ڕاستەوخۆی خودی کرێکارانەوە گرێدراوە.
ئەوەی کە کرێکاران بە دیاری کردنی کاتێکی دیاری کراو بۆ ئازاد کرانی ئیسماعیل بەخشی و عەلی نەجاتی و بۆ دەستەبەر بوونی باقی داخوازیەکانیان، لە ئێستادا کۆتایی مانگرتن بە پێی ئیرادە و بڕیاری خویان ڕادەگەیەنن، یان درێژەی پێ ئەدەن، ئهركی خودی کرێکارانە. ڕاگەیاندنی کۆتایی مانگرتن لە لایەن نوێنەرانی حکومەت و ڕاگەیەنەرەکانی سەربە حاکمیەتەوە بەشێک لە پیلانی ڕژیمە بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتن. مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپە تا ئێرەش بە ئیعتیباری ئەوەی کە زۆربەی کرێکاران نەچوونەتەوە سەر کار، درێژەی هەیە.
مانگرتن و ناڕەزایەتی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز تا ئەم ساتە بە ئیعتیباری ئەو دەستکەوتانەی کە بۆ کرێکارانی ئەم موجتەمەعە سەنعەتیە و بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی جەماوەری و ئازادی خوازانە لە ئێران دەستەبەر کردوە، وەک دوو مانگرتنی شکۆدار لە مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا تۆمار کراون. کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز لە ناخی خەبات و تێکۆشاندا بۆ پاراستن و پتەو کردنی یەکپارچەیی ڕیزی خۆیان و خەبات بۆ پوچەڵ کردنەوەی پیلانە ئاژاوەگێڕانە و دوو بەرەکی نانەوەکانی دوژمن به ئهزمون تر دەبن. ئەوەی کە لەم بارودۆخەدا خاوەنی گرنگیەکی زۆرە، درێژەی پشتیوانیەکان لە نێوخۆی وڵاتە کە نمونەی بەرچاوی لە پشتیوانی بەشە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاریدا دەیبینین، و درێژەی کەمپەینە سیاسیە تەبلیغیەکانە لە دەرەوەی وڵات.