کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

مانگرتنی سەرتاسەری و سەرکەوتووانەی خەڵکی کوردستان، هاوکات لەگەڵ نافەرمانی جەماوەریی ژنان، بزووتنەوەی داواکاریی تەوەر و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران

IMG 20240915 215628 271

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

وەرزینوێیشۆڕشیژینا

مانگرتنی سەرتاسەری و سەرکەوتووانەی خەڵکی کوردستان، هاوکات لەگەڵ نافەرمانی جەماوەریی ژنان، بزووتنەوەی داواکاریی تەوەر و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، مانگرتنی سەرتاسەری و سەرکەوتووانەی خەڵکی کوردستان، سەرەڕای هەموو ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ پێشگرتن بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، توانایی و پۆتانسێلێکی گەڵێک بەرچاو و بەربڵاو، گشتگیر و هەمەلایەنە و ڕیشەداری ناڕەزایەتی جەماوەریی نیشان دا. کۆماری ئیسلامی بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران، بە میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان و چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، زیادکردنی گوشارەکان لەسەر زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی ژنانی زیندانی سیاسیی خۆڕاگر و قارەمان و هەروەها بەکارهێنانی هەموو ئیمکاناتێکی دیپلۆماسیی خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەوڵیدا لە دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بکات. لەو ڕووەوە کە چاوەڕوان دەکرا کۆبوونەوەیەکی بەرین لە ئارامستانی ئایچی بە بۆنەی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوە بچێت، کۆماری ئیسلامی هەموو ڕێگا سەرەکییەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی داخست. کار گەیشتە ئەو ئاستەی کە دەربیجەکانی بەنداویچراغ وەیسی کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگا لاوەکییەکان بەرەو ئەم ئارامستانە بە تەواوی ببەسترێت. هەر لەو پێوەندییەدا بنەماڵەی ژینایان خستە ژێر چاوەدێری و نەیانهێشت لەماڵ بچنە دەرەوە. مانگرتنی گشتی و سیاسی خەڵکی کوردستان، وەڵامێکی شایستە بوو بۆ هەموو ئەو ڕێکارانە. ئەم مانگرتنە نیشانی دا کە چۆن هێزە سەرکوتگەرەکان لە ئاست ئیرادەی یەکگرتووانەی جەماوەردا لاواز و بێدەسەڵات دەبن. ئەم مانگرتنە هەڵگری پەیامێکی سیاسی ڕوون بوو، ئەويش ئەوە بوو کەشۆڕشی ژینا هەروا بەردەوامە“. ئێمە پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە درەوشاوەیە، ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بە هەر شێوازێکی مومکین و کاریگەر، پشتیوانی ئەم مانگرتنەیان کرد.

چاوخشاندنێک بەسەر شەپۆلە خرۆشاوەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، قووڵایی و بەربڵایی و بەردەوامیی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری خەڵکی ئێرانمان بۆ دەردەخات، ئاخێزێکی کە هیچ نیازی پاشەکشە و ڕاوەستانی نییە. ژنانی بوێر و لاوی وڵات، بە شۆڕشی فەرهەنگیی شکۆداری خۆیان و پرچی پەرێشانیان، ئاڵای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان تووڕ هەڵداوە، سیمای شارەکانیان گۆڕیوە و بوونەتە هۆی سەرسامی و هەڵخڕاندنی هەست و سۆزی بیروڕای گشتی جیهان. بزووتنەوەی خەباتکارانە و داخوازی تەوەر و بەردەوامی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان و چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی ئێران کە بە بەردەوامی لەسەر ویست و داخوازییەکانی خۆیان پێداگری دەکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر و گشتگیرتر دەبن و بە دڵنیاییەوە لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانە و زانکۆکانیش، ئاستێکی بەرزتر تۆمار دەکەن. بزووتنەوەی دادخوازی بنەماڵەی گیانبەختکردووان، سەرەڕای گوشارە فاشیستییەکان، بە هەموو هێزیانەوە لە پاڵ ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕییەدا ڕاوەستاون و خۆڕاگرییەکی سەربەرزانەیان لەخۆیان نیشان داوە. کۆبوونەوەی بەربڵاوی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، لەسەر بانگهێشتی ڕێکخراو و دامەزراوە چەپ و دێموکراتیکەکان، بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە زۆرێک لە شارەکانی جیهان، دەنگی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان بەگوێی جیهانیان گەیاند. لەسەر  ئاوا بەستێنێک، مانگرتنی سەرتاسەری و شکۆدار و سەرکەوتووانەی خەڵکی کوردستان و پێشڕەوی هەنگاو بە هەنگاو و بەردەوامی ئەو شۆڕشە، مژدەبەخشی قووڵبوونەوەی ئاستی هاوپشتیی و هاوخەباتی هەرچی زیاتری هەموو نەتەوەکانی ئێرانە.

دەسەڵاتی ئیسلامی بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییەکانی شۆڕشی سەرتاسەری خەڵکی ئێران، بێهودە هەوڵدەدات تا بە پێکهێنانی یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی نێوان کەسانی سەر بە خۆیان لەژێر سایەی کابینەکەی پزیشکاندا، تۆوی هیوا لە دڵیاندا بچێنن و ڕێگریی بکەن لە پەیوەست بوونی بەشێک لە خەڵک بە ڕیزەکانی شۆڕشی جەماوەر و تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی لیبڕاڵیش بەرەو هاوکاری لەگەڵ خۆیان ڕابکێشن. بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕژیم جگە لەم هەوڵانە، پڕۆژەیەکی ترسنۆکانەیانەیان لەدژی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی قارەمانی زیندانیی سیاسیی ژن دەست پێکردووە و دەیانەوێت ئەم ڕۆڵە خەباتکار و خۆڕاگرانەی جەماوەر، هەرچی زیاتر بخەنە ژێر زەخت و گوشاری دەروونی، جەستەیی و مێدیاییەوە. ئامانجی ئەوان لەم هەوڵانە بریتییە لە بێسەرکردنی ئەو بزووتنەوەیەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش هەنگاو دەنێت. بەڵام دەنگی ناڕەزایەتی و سروود وتنەوەی ژنانی زیندانیی سیاسی و مانگرتنیان لە خواردنی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان لە دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا، وەڵامێکی گونجاو بوو بەم هەوڵە بێهودە مێدیاییانە. لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی مانگرتنی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان، وەڵامێکی پڕاوپڕ بوو بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر حیزب و ڕێکخراوە کوردییە ئێرانییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و بە ڕوونی ئەوەی نیشاندا کە چاوگەی سەرەکی هێزی ئەوان، ئەو پێگە و پشتیوانییە جەماوەرییە بەرینەیە، نەک شوێنی نیشتەجێبوون و ژمارەی چەک و تەقەمەنی. سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە، جەختکردنەوەیەکی دووبارەیە لەسەر دروستی و بەرحەقبوونی ئەو ڕێگایەی کە ئەم حیزب و ڕێکخراوانە بۆ پەرەپێدان بە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی خۆیان هەڵیانبژاردووە و هەر لە سەرەتای دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژیناوە، نەکەوتوونە داوی ڕێژیم بۆ چوونە ناو شەڕێکی چەکدارییەوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بۆ گەیشتن بە ویست و داواکارییەکانی خۆی لەوانە ئازادییە سیاسییە بێ شەرت و مەرجەکان، دێموکراسییەکی بەربڵاو و هەمەلایەنە و سۆسیالیزم، هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندیی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی جگە لە خۆڕێکخستن لە خوارەوە و دروستکردنی بلۆکێکی سۆسیالیستی لەم چوارچێوەیەدا، بوونی نییە. لەیە وشەدا، هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی هەموو جەماوەردا.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣/ ١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٤