کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتنی سیاسی گشتی، نمایشی شکۆمەندیی ئیرادەی خەڵکی کوردستان

Etesab Kordestan

کۆمەڵانی خەڵکی خەباتگێڕ لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان  ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” دا لەگەڵ هێزی زۆر و زەوەند و پڕچەک، بەڵام ترسنۆک و سەرلێشێواوی ڕژیمدا ڕووبەڕووبوونەوە. بەپێی هاوسەنگی هێز و گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو، لە شارە جۆراوجۆرەکاندا چالاکی و ئاکسیۆنی بەتەواویی، یان تاڕادەیەک سەرکەوتووانەیان بەڕێوە برد. بانگەوازی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ٦ حیزب و لایەنی سیاسی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی سیاسی و گشتی، بەگەرمی پێشوازی لێکرا. کرێکاران لە ناوەندەکانی کار، کاسبکاران و بازرگانان و کارمەندانی ئیدارە حکومییەکان لە شارەکانی سنە، کرماشان، مەریوان، دیواندەرە، سەقز، کامیاران، قوروە، بیجاڕ، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، کرماشان، بانە، بۆکان، سەردەشت، پاوە، ئابدانان، ئیلام، دێهگولان، سەرابلە، ئەیوانغەرب، سەرواباد و تیکاب و ڕەوانسەر، یەکپارچە وەڵامی ئەرێنییان بە بانگەوازی مانگرتنەکە دایەوە. هەروەها لە چەند شوێنێکی دەرەوەی کوردستان، وەکوو بازاڕی نارمەک، هەفت حەوزی تاران، ڕوودهەن، ورمێ و میاندوواو، بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری و سیاسی لە کوردستان، مانگرتن بەڕێوەچوو. جگە لە مانگرتنی گشتی و هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، لە زۆرێک لە شارەکان بە شێوازی جۆراوجۆر خۆپیشاندان ئەنجامدرا. سیگناڵ لێدانی بەردەوام  و کردنەوەی ئاگری ناڕەزایەتی و داخستنی ڕێگاوبانەکان و وتنەوەی دروشمی دژە ڕژیم بە شەو یان لە ڕۆژدا بەشێک لەو کار و چالاکیانە بوون کە خەڵک ئەنجامیاندا. ئەو شارانەی کە ئەو چالاکیانەی تێدا بەڕێوەچوو، بریتی بوون لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، چەند ناوچەیەکی تاران، گەوهەردەشتی کەرەج، ورمێ، میاندوواو، ئەراک، لاهیجان، ڕەشت، دێهدەشت، جونقان لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری، کرمان، مەشهەد، ڕوودهەن و داماوەند. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ڕۆڵی ژنان لەو چالاکیانەدا گەلێک بەرچاو بووە. جگە لەو چالاکیانەی کە شۆڕشگێڕان و ناڕازییان لە شارەکان بەڕێوەیان برد، لەناو زیندانەکانیشدا، شۆڕشگێڕانی ناسراو و بوێر کۆمەلێک چالاکییان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئەنجامدا. سێزدە زیندانی سیاسیی و کرێکاریی و سنفیی کە لە زیندانی ئێڤینەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قززەلحەسار، لە ساڵیادی ژینا و بەمەبەستی هاوسۆزی لەگەڵ جەماوەری ناڕازیی، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاند. هەروەها کۆمەڵێک لە زیندانییە سیاسییەکانی بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین، بۆ “پشتیوانی لە خەڵک دژ بە حکوومەت و هاودەنگ لەگەڵ خەڵکی ئێران” لە حەوشەی زیندان مانیانگرت و سەرپۆشەکانیان ئاگر تێبەردا.

کاربەدەستانی سەرلێشێواوی ڕژیم و دەست و پێوەندە بەکرێگیراوەکانیان لە درێژەی سەرکوتگەرییەکانی خۆیاندا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە سەرکوتگەرەکانی تەیار بە چەکی گەرمیان هێنایە مەیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵک؛ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەریش بەسەر ئاسمانی شارەکاندا دەسووڕانەوە؛ تانک و زرێپۆشی هەڵگری هێزی سەرکوت و ئۆتۆمبێلی سەربازیش لە هەندێک شەقامدا جێگیرکرابوون؛ مانۆڕدان بە ماتۆڕسکیلێت یان بە پێادە، تەقەکردن، گرتن، داخستنی ڕێگاکانی چوون بەرەو هەندێک لە ئارامستانە دیاریکراوەکان و هیتر…تەواوکەری ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم بوون. کردەوەی دژە ئینسانی ئەم هێزە ترسنۆکانە لە هەندێک شاری وەک سەقز، سنە، تاران و کەرەج گەلێک بەرچاو بوو. ئەوان بە کردە کوردستانیان خستە حاڵەتی شەڕەوە. بۆ نموونە شایەتحاڵێک لە شاری سەقزەوە ڕایگەیاند کە “هێزەکانی ڕژیم  بەتەواوی شاردا بڵاوەیانپێکراوە و لە هەموو شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا بوونیان هەیە. هەموو قوتابخانە و ناوەندە حکومییەکانیان داگیرکردووە. ڕێگاکانی بەرەو ئارامستانی ئایچیان بە تەواویی داخستووە و بە سەدان هێز و دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لەمبەروبەری شەقامەکاندا جێگیرکراون.”

لانیکەم لە ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە کە حوسێن سەلامی فەرماندەی هێزی مافیایی و تیرۆریستی سپای پاسداران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە بەهێزترین و مەترسیدارترین نەبەرد لەدژی کۆماری ئیسلامی ناوبرد، ڕژیم خەریکی ئامادەکردنی هێزە سەرکوتگەرەکانی خۆی بوو بۆ قورسترین ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ  ڕێوڕەسم و ئاکسیۆن و ناڕەزایەتییەکان ڕۆژی ڕابردوو. بەرپرسانی ڕژیم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەلاماور و گوشار و زەخت و زۆرەکانیان بۆسەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ژینا، خوێندکاران و مامۆستایانی خەباتکار، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری (لەوانەش خانەنشینان و مامۆستایانی پلە نزم)، ژنانی بوێر و ئازادیخواز و هەروەها خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و بەلوچستان بەشێوەیەکی کەم وێنە پەرەپێداوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و هێزی دژە شۆڕش لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینای ئازیزدا، دەریخست کە ڕژیم لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکدا تووشی شکستێکی قوورس هاتووە. ئەمجارەیان خەڵک هێزی لەبننەهاتووی خۆیان لە سیمای ڕژیمدا بەدیکرد. ئاکسیۆنەکانی ڕۆژی مێژوویی ٢٥ی خەرمانان نیشانیدا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” زیندووە و وشیار و لەسەرەخۆ بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی هەنگاو دەنێت. لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە نیشانیدا کە لە دەرەوەی کوردستان بەدەست پرشوبڵاوییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت. ئەم لاوازییەش “چاوی ئەسفەندیار و پاژنە ئاشیل”ی ئەم بزووتنەوەیە. بەردەوامیی هەوڵەکان بەرەو خۆڕێکخستن کە بە تایبەتی لە نێو کرێکارانی پێشڕەو و دادخوازان و لاوانی کچ و کوڕدا بەردەوامە، هیوای کۆتاییهاتنی ئەو لاوازییە بەرز دەکاتەوە. پێویستە کۆمەک بکرێت بۆ ئەوەی خۆڕێکخستن

بە ئاراستەی دروستکردنی ڕێبەرایەتیی سەراسەری و یەکگرتوویی و بەهێزتربوونی جێگە و پێگەی ڕێبەرانی ئێستا بەکردەوە دەربێت. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەم بزووتنەوەیە هەتا ئێستاش هێزە کۆنەپەرست و ڕاستڕەوەکانی پەراوێز خستووە و جەختی لەسەر سەربەخۆبوونی ڕیزی شۆڕشگێڕان کردۆتەوە. پێویستە بە جێخستنی دروشمی نان، کار، ئازادی، حکوومەتی شۆڕایی، پێشکەوتنەکان لە بەرامبەر بەرەی ڕاست و ئیمپریالیزمدا جێگیر بکرێت. دەبێت هەوڵبدرێت ئەو دەسەڵاتەی کە دوای لەگۆڕنانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دێتە سەر کار، پشتیوان و داکۆکیکاری ماف و بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و چین و توێژە ستەمدیتووەکان بێت.