شه‌پۆلی نوێی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن كه له ڕۆژی ٢٩ی مانگی پووشپه‌ڕه‌وه ده‌ستی پێكردووه، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه و گوشاری كارفه‌رمایان و به‌ڕێوه‌به‌رانی شیركه‌ته‌كانی ڕێگه‌ی ئاسن هه‌روا به‌رده‌وامه. ئه‌م مانگرتنه سه‌رتاسه‌رییه هه‌تا ئێستا له شاره جۆراوجۆره‌كان و ئۆستانه‌كانی وه‌ك، خوراسان، ئازه‌ربایجان، لورستان، ئیسفه‌هان، زه‌نجان و شاره‌كانی ئیسلامشار، كه‌ره‌ج، شاهروود، سێمنان، دامغان، گورگان، وه‌رامین، ئه‌راك، ورمێ، ئه‌ندیمێشك، زاهێدان و دیزڵی تاران به‌ڕێوه‌چووه و زۆربه‌ی وێسته‌گه‌كانی ڕێگه‌ی ئاسن داخراون. به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی سێ حه‌فته به‌سه‌ر شه‌پۆلی نوێی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، ئه‌و شیركه‌تانه‌ی كه لایه‌نی قه‌رارداد له‌گه‌ڵ كرێكارانن و له پشتیوانی ده‌وڵه‌ت و ناوه‌نده‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌هه‌ره‌مه‌ندن، تا ئه‌م كاته حقووق و مه‌زایای كرێكارانیان پشت گوێ خستووه و ناوه‌ڕۆكی قه‌راردادێك كه له‌گه‌ڵ كرێكاران به‌ستوویانه، پێشێل كردووه.
“شوڕای هاوئاهه‌نگی كرێكاران و كارمه‌ندانی هێڵی ڕاگرتنی ڕێگه‌ی ئاسن له كاردانه‌وه به سه‌رنج نه‌دانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌م شیركه‌تانه، له‌ڕێگه‌ی به‌یانییه‌كه‌وه كه ڕۆژی ١٢ی مانگی گه‌لاوێژ بڵاویكرده‌وه وێڕای ئاماژه به درێژه‌دانی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری، سه‌رجه‌م كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسنی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی بانگهێشت كرد. شوڕای هاوئاهه‌نگی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن وێڕای ئاماژه به‌وه‌یكه پێشێل كردنی قه‌رارداد له لایه‌ن “شیركه‌تی ته‌وسه‌عه و سه‌نعه‌ت” و گوسته‌رێش ئاهه‌ن ڕاه” و “تراوێرس” و “جووش گوسته‌ر” كه له زۆمره‌ی ئه‌و شیركه‌تانه‌ن كه له‌گه‌ڵ كرێكاران قه‌راردادیان به‌ستووه، بۆ جارێكی دیكه له‌سه‌ر خواسته سه‌راسه‌رییه‌كانی كرێكاران جه‌ختی كرده‌وه. له به یانییه‌ی شوڕای هاوئاهه‌نگی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن هاتووه كه داخوازییه‌كانی ئێمه به‌م جۆره‌یه كه له‌ژێره‌وه ئاماژه‌ی پێكراوه:
• حه‌قی بیمه‌ی ده‌رمانی ده‌بێ په‌رداخت بكرێت
• حقووقه‌كان سه‌رجه‌م په‌رداخت بكرێت و نابێ حقووقی دواخراو بمێنێت
• قه‌راردادی كاتی هه‌ڵوه‌شێته‌وه
• كرێكاران ده‌بێ ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت
• ده‌ركردنی كرێكاران له‌ژێر ناوی كه‌م كردنه‌وه‌ی هێز ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه
• كرێكاران مافی ئه‌وه‌یان ببێت كه هه‌ر كاتێك پێویست بێت له ئاست كێشه‌وگرفته‌كان ناڕه‌زایه‌تیی دره‌ببڕن
• به‌ڕێوه‌به‌رانی شیركه‌ت ده‌بێ ڕێكه‌وتی درووستی په‌رداختی حقووقه‌كان ڕابگه‌یه‌نن.
شوڕای هاوئاهنگی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن له‌م به‌یانییه‌دا به هێنانه‌وه‌ی چه‌ندین نموونه له كاریگه‌ری دانانی نه‌درانی حه‌قی بیمه‌ی ده‌رمانی كرێكاران له‌سه‌ر ژیانی بنه‌ماڵه كرێكارییه‌كان و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به دژواری بارودۆخی كاری كرێكاران له جنووبی ئێران كردووه. مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌م خواسته ڕه‌وایانه له بارودۆخێكدا درێژه‌ی هه‌یه كه قورسبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری بووه‌ته هۆی دابه‌زینی كاره‌ساتباری توانای كڕینی كرێكاران. ساڵی ١٣٩٧ كه به دۆلاری ٤ هه‌زار و ٩٩٠ تمه‌ن ده‌ستی پێكرد، هێشتا نیوه ساڵ نه‌بووه، قیمه‌تی دۆلار له بازاڕی ناڕه‌سمی بووه‌ته لانیكه‌م ١١ هه‌زار تمه‌ن. ئه‌م دابه‌زینه ١٢٠ له‌سه‌دییه‌ی به‌های پووڵی ناوخۆیی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكا كه ده‌ستبه‌جێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی كاڵاكان و پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك دانا، بووه‌ته هۆی دابه‌زینی ٧٠ له‌سه‌دی توانای كڕینی كرێكاران. هێنانه گۆڕی درووشمی “هێڵی هه‌ژاری ٥ ملیۆن، حقووقی ئێمه یه‌ك ملیۆن” له كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسنی كه‌ره‌ج، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌یه. به سه‌رنج دان به‌م ڕاستییه، ده‌رده‌كه‌وێت كه كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن له چ بارودۆخێكی دژواری ئابووریی بۆ وه‌دیهاتنی خواسته‌كانیان خه‌بات ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای بارودۆخی دژواری ئابووریی كه كرێكاران و بنه‌ماڵه‌كانیان تێیدا قه‌راریان گرتووه، كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن به مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری و یه‌كگرتووانه‌ی خۆیان ده‌توانن، خواسته ڕه‌واكانیان به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ران و كارفه‌رماكانی شیركه‌ته‌كانی ڕێگه‌ی ئاسن و ده‌وڵه‌ت بسه‌پێنن. ڕێكخستنی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری و پێكهێنانی شوڕای هاوئاهه‌نگی بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌م مانگرتنه، ئاماده‌كردن و په‌یگیریی داخوازی كرێكاران و پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پلانه‌كانی كارفه‌رماكان، نه‌ته‌نیا خاڵێكی جێ سه‌رنجه له خه‌باتی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، به‌ڵكوو هه‌نگاوێكی گرینگ له ڕێگه‌ی به‌سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی خه‌باتی كرێكارانی ئێرانه. هه‌نگاوی دواتر له به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی كرێكارانی ئێران، پێكهێنانی هاوئاهه‌نگی و هاوكات كردنی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری كرێكاران له دامه‌زراوه و بواره جۆراوجۆره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئه‌ركی په‌ره‌پێدانی شوڕای هاوئاهه‌نگی مانگرتنی كرێكاران، به هه‌ڵسووڕاوان و ڕێبه‌رانی خه‌باتی كرێكاری له ناوه‌نده جۆراوجۆره سه‌نعه‌تی و خزمه‌تگوزارییه‌كانه. هه‌وڵ دان له‌م بواره‌دا له ئارادایه و وه‌دیهاتنی ئه‌م ئه‌مره نامۆمیكن نییه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، ڕۆژی دووشه‌ممه یه‌كی مانگی گه‌لاوێژ، شۆفیر كامیۆن و خاوه‌ن كامیۆنه‌كان له ده‌یان شار و ئۆستانی جۆراوجۆری وڵات له‌سه‌ر بانگهێشتی پێشوو، ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری. سه‌ره‌ڕای مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری شۆفیر كامیۆنه‌كان، شایه‌تی مانگرتنی دوو هه‌زار كه‌س له كرێكارانی كوره‌خانه‌كانی ته‌ورێز، مانگرتنی كرێكاران و كارمه‌ندانی شیركه‌تی پێترۆشیمی ماه‌شه‌هر، كرێكارانی نه‌یشكه‌ری هه‌فت ته‌په و چه‌ندین مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران له باقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران له مانگی گه‌لاوێژین. به‌رده‌وام بوون و هاوكات بوونی ئه‌م مانگرتن و كۆبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تییانه له ده‌وری خواستی هاوشێوه، بواری ئاشكرا و پێوه‌ندیداری بۆ پێكهێنانی هاوئاهه‌نگی له ڕێبه‌ری كردنی ئه‌م خه‌باته ڕه‌خساندووه. به‌م ئاڕاسته‌یه هێنانه گۆڕێی خواستی هاوبه‌ش، یارمه‌تی به زیاتر یه‌كگرتوویی خه‌باتی كرێكاران ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر ئه‌مه ساده‌ترین شێوازی یه‌كگرتوویی له ڕێگه‌ی داخوازییه‌كان و درووشمه هاوبه‌شه‌كانه كه ئیمكان به هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری ده‌دات تا ئیراده‌ی هاوپشتی كرێكاریی، ڕێكخراوبوون و باوه‌ڕبه خۆبوون و باوه‌ڕ به‌هێزی چینی كرێكار له‌ناو كرێكاراندا زیاتر بێت. به‌ڵام هاو جه‌هه‌ت كردن، هاوئاهه‌نگی و هاوكاتی خه‌باتی كرێكاران له به‌شه جۆراوجۆره‌كان و هاوپشتی كردنی به‌وه‌خت و پشتیوانی ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كان له یه‌كتر به‌بێ پێوه‌ندی نزیك له نێوان ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی پێشڕه‌و و خه‌باتكار كه سه‌ر ڕشته‌ی خه‌باتیان له ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئیمكانی نییه.
له نه‌بوونی ڕێكخراوه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تیی كرێكاران كه بتوانێت خه‌باتی پڕژوبڵاوی كرێكاران یه‌ك ده‌ست و له چوارچێوه‌ی سه‌رتاسه‌ری ڕێبه‌ری بكات، ئه‌مه ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكارین كه له ناوه‌نده جۆراوجۆره سه‌نعه‌تی و خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌ركی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر شانه كه له پێوه‌ندی و هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كتر تا ڕاده‌یه‌ك كه‌لێنی نه‌بوونی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌رییه‌كانی كرێكاران پڕ بكه‌نه‌وه. له بارودۆخی ئێستا و به سه‌رنج دان به بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كه ئێستا له سه‌ر شه‌قامه‌كانه، چینی كرێكار به كه‌ڵك وه‌رگرتن له چه‌كی به‌هێزی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری نه‌ته‌نیا ده‌توانێت، بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له شه‌قامه‌كان به‌هێز و پێشڕه‌وییه‌كه‌ی ته‌زمین بكات، به‌ڵكوو ده‌توانێت بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیی و جه‌ماوه‌رییه‌كان ڕێبه‌ری بكات.