ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٣ی به‌فرانبار، به‌ندكراوێكی ژن له زیندانی قه‌رچه‌كی وه‌رامین به ناوی فه‌رزانه بیژه‌نی پور به‌هۆی بێبه‌شكران له ده‌رمان گیانی له‌ده‌ست دا و هاوبه‌ندییه‌كانی دژ به هه‌ڵسووكه‌وتی به‌رپرسانی زیندان مانیان گرت.
فه‌رزانه بیژه‌نی پور له به‌ندی تاوانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان زیندانی كرابوو، شه‌وی شه‌ممه ٢٢ی به‌فرانبار، به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندرووستی ڕه‌وانه‌ی ده‌رمانگای زیندان كرا، به‌ڵام كادری پزیشكی زیندان ناوبراو به درۆ تۆمه‌تبار كرد و ته‌نیا حه‌بێكی ئازارشكێنی پێ دا. فه‌رزانه پاش خواردنی حه‌به‌كه له هۆش خۆی چووه و به‌رپرسانی زیندان له گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان ڕێگریان كردووه. به‌هۆی بێبه‌شكران له ده‌رمان، فه‌رزانه گیانی له‌ده‌ست داوه و هاوبه‌ندییه‌كانی دژ به هه‌ڵسووكه‌وتی به‌رپرسانی زیندان مانیان له خواردن گرتووه.