کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مافە سەرەتاییەکان دەبێ لە گەروی ئەم ڕژیمە دەربکێشرێت

به پێێ هەواڵەکان لە تارانەوە لە درێژەی زیادبوونی نرخی هەموو جۆرە خزمەتگوزاری و کاڵا زەروریەکانی رۆژانەی ژیانی خەڵکدا، ستادی تەنزیمی بازاڕ لەسەر زیادکردنی نرخی نان ڕەزامەندی دەربڕێوە. دەوڵەتی روحانی لە چەند رۆژ لەوە پێشەوە و دوای دەورەیەک ئامادەسازی ڕەوانی زیادکردنی نرخی نانی ڕاگەیاند و لە ئێستادا لە ئوستانی تاران خستویەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەگەرچی دەوڵەت بڕیاری زیادکردنی نرخی نانی لە ماوەیەک لەوە پێشەوە لە دەستوردا هەبوو، بەڵام بەردەوام لە ترسی ئەوەیکە لەگەڵ ناڕەزایەتیی جیدی بەرەوڕوو بێتەوە، ناچار بوو دوای زەمینە سازییە پێویستەکان، بە پارێزەوە ڕایبگەیەنێت و ئیجرای بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکانی ئێران، بەم شێوەیە نرخی نان لە یەکەم رۆژی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە ١٥ لەسەد گرانتر دەبێت. “عەلی فازلی” سەرۆکی ژووری ئەسنافی ئێران رۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی خەزەڵوەر بە تەئید کردنی هەواڵی زیاد بوونی نرخی نان، وتی کە “یەکێتیەکان خوازیاری زیاد کرانی ٣٠ لەسەدی نرخی نان بوون کە تا ئێستا لەگەڵ ١٥ لەسەد موافقەت کراوە. بەم پێیە، نرخی هەموو جۆرەکانی نان لە سەنگەکی و بەڕبەڕی ٨٠٠ تمەنی تا لەواشی ٢٢٠ تمەنی ١٥ لەسەد گرانتر دەبن.” لە پێوەند لەگەڵ ئەم بابەتەدا سەرۆکی یەکێتی نانەوا سوننەتیەکان بە هەواڵنێری خوێنداکارانی ئێران” ئیسنا”ی وتووە کە نرخی نان لە تاران لە لایەن ژووری ئەسناف و لە شارستانەکان لە لایەن ئوستانداریی یان فەرماندارییەکانەوە دیاری دەکرێت.

سەرۆکی یەکێتی نانەواکان، کە زیاد کردنی ١٥ لەسەدی نان بە کافی نازانێت لە دیفاع لە پێویستی زیاد کرانی نرخی ناندا وتویەتی: “بە لەبەرچاو گرتنی زیاد بوونی هەزینەکانی ئێستا و سابت بوونی نرخی نان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانی نرخی ئەم کاڵا ئەساسیە وادیارە پێویستە. “ئەو لە دیفاع لە بە ناو زەرورەت، توشی “عوزری خراپتر لە گوناه” دەبێت و دەڵێ: “ئەگەر نرخی نان زیاد نەبێت، نانەواکان ناچار دەبن بۆ قەرەبوی هەزینەکانیان، گونەکەکان چکۆلەتر بکەنەوە و دروست کردنی نان بە کرێکارانی نا شارەزا بسپێرن.” ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ١٣٩٣، نرخی نان تا ٥٠ لەسەد بەرز بویەوە و لەو کاتەوە تا ئێستاش کەم نەبۆتەوە.

زیادکرانی نرخی نان بەردەوام خاوەنی هەستیاریەکی تایبەت بووە. فێڵی ڕژیم لە ڕابردوودا ئەوە بوو کە لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک سەرەتا زیادکردنی نرخی نانی بە شێوەی ئازمایشی لە چەند ئوستان بەکردەوە دەردێنا و دواتر سەرتاسەری دەکردەوە. ئەمجارەش ئوستانی تارانی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی هەستیاری و کاردانەوەی خەڵک هەڵبژاردوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە نان خۆراکی سەرەکی زۆربەی خەڵکی ئێرانە. هەموان دەزانن ئەو کەسانەی کە دەستیان بە دەمیان دەگات و ئەساسەن جەمعیەتیشیان کەمترە لە ٢٠ لەسەدی هەموو جەمعیەتی وڵات، پێویستیەکی ئەوتۆیان بە مەسرەفی نان نییە و لە بەرنامەی خۆراکی رۆژانەیاندا، نان جێگایەکی ئەوتۆی نییە.

روحانی لە دەورەی هەڵبژاردندا وەعدی دابوو کە هەم بارودۆخی کرێکاران باشتر دەکات و هەم دەرفەتێکی باشتر بۆ خاوەنکارانی کەرتی تایبەت فەرهەم دەکات. لەگەڵ ئەم شەپۆلە تازە لە گرانیدا ئاشکرایە کە وعدە پڕ لە ناکۆکیەکان بە قازانجی سەرمایەداران و بە زیانی کرێکاران بە کردەوە دەرهاتووە. کارنامەی دەوڵەتی روحانی هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە توند بوونەوەی فەلاکەتی ئابووری زۆربەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە، بێجگە لە خزمەتگوزاری گەلێک کەمتر، بێکاری زۆر زیاتر، ئاوسانی زۆر تر، گرانی و هەژاری بەرین تر، و خەسارێکی کۆمەڵایەتی فراوانتر. ئەوەیە واقعیەتی وەعدەکانی روحانی بە خەڵکێک کە دەنگیان بۆ داوە.

بەڵام وەبیر هێنانەوەی خلافی وەعدەی روحانی و کەسانی وەک ئەو دەردێک دەوا ناکات. لە هەمان سەرەتاشەوە هیچ شتێک زیاتر لەوە لە دەوڵەتی روحانی چاوەڕوان نەدەکرا. هێرشی نوێی ڕژیم بۆسەر ئاستی بەڕێچوونی کرێکاران و خەڵکی هەژار، دەبێ وڵامی شیاوی خۆی وەربگرێتەوە. نابێ بێڵین کە ڕژیم ئەم دست درێژیە ئاشکرایەی بۆسەر ژیان و بەڕێچوونیانی بە هاسانی بەسەر تێپەڕێت و قەیرانی ئابووری خۆی و هەزینەی ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی لە نێوخۆی وڵات و لە ناوچەکەدا، بە قیمەتی توند کردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و دزینی نانی سەر سفرەی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە چارەسەر بکات.

ئەوەی کە لەمرۆدا روو ئەدات، چارە نووسی چار هەڵنەگری خەڵکێک نییە کە خوڵقێنەری هەموو نێعمەتەکانی ئەم کۆمەڵگایەن و لە وڵاتێکدا دەژین کە پڕە لە هەموو ئیمکاناتێک بۆ بە ئاسودەیی ژیان. ئەگەر گشت هێزە خوڵقێنرەکانی ئەم کۆمەڵگایە بکەونە کار، ئەگەر کەس لە کاری کەسی تر بەهرەمەند نەبێت و چەوسانەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان کۆتایی بێت، کەس برسی و بێبەش نابێت لە خزمەتگوزاری پزشیکی و دەرمانی و بێ مەسکەنی، کەس نیگەرانی ئاموزش و پەروەرشی ئەمرۆ و سبەی منداڵەکانی و دەورانی پیری و بەساڵاچوونی خۆی نابێت. هیچ کەس نابێ بە دەست کەمی مادەی خۆراکیەوە ئازار بکێشێ و بە هۆی ئەم کەمبودانەوە مەترسی مەرگی لەسەر بێت. دابین بوونی نان و مەسکەن و بێهداشت و سڵامەتی و خزمەتگوزاری دەرمانی، مافی سەلمێندراوی هەموو شارۆمەندانی ئەم وڵاتەیە. ئەم مافە سەرەتاییانه دەبێ لە گەروی ئەم ڕژیمە دربکێشرێت.

هەر ڕادەیەک لە باشتر بوونی بارودۆخی بەڕێچوونی ژیانی خەڵک، بەبێ خەباتی یەکگرتوانە و بەردەوام مسۆگەر نابێت. جەماوەری خەڵک دەبێ بەهێز و ڕێکخراو، مافە پێشێلکراوەکانیان بەسەر ڕژیمدا بسەپێنن و ڕێگای ڕزگار بوونی یەکجارەکی خۆیان هەموار بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-