ڕۆژی هەینی ٢٢ی مانگی ڕێبەندان ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەندامی هەیئەتی مەرگ لە کوشتاری شۆڕشگێڕان و نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٦٧ و سەرۆک کۆماری ڕژیم لە موسەلای تاران سوخەنڕانیی کرد. ئەو کە لە چل و سێهەمین ساڵی داسەپانی ڕژیمەکەی بەسەر خەڵکی ئێراندا قسەی دەکرد، وەک هەمیشە دەستی کرد بە درۆی شاخدار کردن. یەکێک لەم درۆیانە کە مریشکی کوڵاوی وەپێکەنین دەخست، ئەوە بوو کە ڕژیم گەندەڵی و زوڵمی بۆ قەبووڵ ناکرێت. سەبارەت بە ستەمکاری ئەم ڕژیمە دیکتاتۆر و چەوسێنەرە بێ ڕوحمە گەلێک وتراوە و قووڵایی گەندەڵییەکەشی زۆر جار بە فاکتی جێگای متمانەوە لەقاودراوە. ئەم وتانە لەلایەن ئەم قاتڵە ساویلکەیەوە لە باروودۆخێکدا وترا کە فایلی سەوتیی لەقاودراوی گەندەڵی و پەیوەندی مافیایی لە باڵاترین ئاستی سپا، وەک دەسەڵاتداری سەرەکیی ئێرانی دیکتاتۆرلێدراو، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی بەرین بڵاو بووەتەوە.
بەشکێی بەرینی ئەم فایلە دانشتنی نهێنی و وتووێژی محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی وەختی سپای پاسداران و سادق (میرزاحەسەن) زولقەدرنیا، جێگری پێشووی “ئێقتساد و سازەندەگی”ی سپای پاسداران لە ساڵی ٩٧ سەبارەت بە گەندەڵیی هێزەکانی پێوەندیدار بە هێزی قۆدسی سپا، بۆنبادی تەعاونی سپا و شارەداریی تارانە.
لەم فایلە سەوتییەدا بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی محەممەد قالیباف، شارەداریی ئەوکاتی تاران و سەرۆکی ئێستای مەجلسی ئێران، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سپا، جەماڵەدین ئابڕوومەند، جێگری ئەوکاتی هاوئاهەنگیی سپا و حسێن تائیب، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا لە پەروەندەی گەندەڵی، ئاماژە کراوە.
لەم فایلە سەوتییەدا، سادق زولقەدرنیا دەڵێت کە محەممەد باقری قالیباف، شارەداری ئەوکاتی تاران، داوای لێ کردووە کە گوم و گۆڕ بوونی “٨ هەزار ملیارد تمەن” بەشێوەیەک جێبەجێ بکات. ناوبراو بە جەعفەری دەڵێت:
“وتم هەموو ئەم کارانە خەلافن، قالیباف هاتە بەر مزگەوتێک کە لە ماڵی من و ئەو نزیکە و وتی ئەمە واژۆ بکەن. وتم ئەوە خەلافە. هەم بە زەرەری منە هەم بە زەرەری تۆ و هەم بە زەرەری جەعفەرییە. من واژۆی ناکەم. وتی دانشتنێک دابنێ. پاشان دانشنێکی دانا. بە قالیبافم وت تۆ ٨ هەزار ملیارد تمەن پارە لەجیاتی ئەوەیکە بیدەی بە رەسا (شیرکەتی سەربە هۆڵدینگی یاس)، داوتە بە (پڕۆژە)ی پێژۆکان. بەڵام پێژۆکان خۆ هی (هۆڵدینگ)ی یاس (ی سەربە بۆنیادی سپا) نییە. قالیباف وتی ناوی ئەوانە مەهێنە. تێکچوو … قاسم (سولەیمانی) وتی کە قالیباف جنێوت پێ دەدات. وتم چی بکەم . جنێوخۆرێکی باشین.”
فەرماندەی ئەوکاتی سپا لە بەشێکی دیکە لەم فایلە سەوتییەدا بە زولقەدرنیا دەڵێت کە قاسم سولەیمانیش لەو هەڵسووکەوتانەی کە لەگەڵ قالیباف کراوە ناڕەحەت بووە و وتی چووەتە لای خامنەییش سکاڵای کردووە. وادیارە جەعفەری لەمبارەوە بە سولەیمانی وتووە:
سولەیمانی وتی کە وەها هەڵسووکەوتێک نابێ لەگەڵ حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا و “یاس” بکرێت. “وتم قاسم، ئەم قسانە بە من مەڵێ. (مەسعوود) مهێردادی ئەو هەمووە پارەیەی بەیتولماڵی بە بڕیاری بێ ناوەرۆک حەیف و مەیل کردووە، نابێ وڵامدەرەوە بێت؟”
“شیرکەتی گرووپی گەشەی ئابووریی یاس” ناسراو بە “هۆڵدینگی یاس”، باسکی سەرەکیی بۆنیادی تەعاونی سپا بوو کە لە بواری خزمەتگوزاری، واستەگەری و مەسکەندا چالاکیی دەکرد. ئەم هۆڵدینگە لەڕاستیدا ڕۆڵی خەزێنەی هێزی قۆدسی سپای هەبوو.
هۆڵدینگی یاس دوای دەرکەوتنی گەندەڵییە بەرینەکانی کە بوو بەهۆی دەستبەسەرکرانی هێندێک لە بەڕێوەبەرانی، لە ساڵی ٩٦دا هەڵوەشایەوە. ڕەقەمی یەکێک لە پەروەندەکانی گەندەڵیی ئەم هۆڵدینگە ١٣ هەزار ملیارد تمەن ڕاگەیەندراوە.
سادق زولقەدرنیا لەم فایلە سەوتییەدا دەڵێت کە عەلی خامنەیی پاش بیستنی حەیف و مەیل کرانی پارەکان، فەرمانی داوە کە ئامانجی سەرەکی دەبێت یارمەتیدان بە هێزی سپای قۆدس بێت و لەسەر ئەم ئەساسە پێویستە سەرچاوە ماڵییەکان ٩٠ لەسەدیان بۆ هێزی سپای قۆدس تەرخان بکرێن و ١٠ لەسەدیش بۆ سپا.
لەم فایلەدا چەند ئاماژەیەکیش بە ڕۆڵی حسێن تائیب، سەرۆکی سازمانی ئیتلاعاتی سپا، لەم پەیوەندییە مافیاییە و پشتیوانی ناوبراو لە گەندەڵیەکانی قالیباف کراوە. سادق زولقەدرنیا لەمباروە دەڵێت:
“بەدبەختیی ئێمە ئەوەیە کە ئیتلاعاتی سپا کە دەبێ پشت بگرێت، دێت ٥ لەسەد دەدات بەمەیان و ٥ لەسەدیش دەدات بەوەیان، پێی وایە بە پارە حەل دەبێت. تائیب پێی وتم کە تۆ دەتهەوێ ئاغا (خامنەیی) خراپ بکەی، وتم من لەگەڵ ئاغا ڕەفیقم.”
ئەم تیمە مافیاییە، کە ژمارەیەکی کەم لە کردەوەکانیان لەم فایلە سەوتییەدا ئاماژەی پێکراوە، بانک و ناوەندی ماڵیی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی خۆیان دادەمەزرێنن. یەکێک لەو ناوەندانەی کە کاربەدەستان لە گەندەڵییەکەیدا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە، “دامەزراوەی ماڵی و ئیتعتباریی سامن” بووە کە دواتر لەگەڵ بانکی ئەنسار تێکەڵ بوو. بانکی ئەنساریش ساڵی ڕابردوو لەگەڵ چوار بانکی نیزامیی دیکە تێکەڵ بە بانکی سپە بوون.
لە بەشێکی دیکەی ئەم فایلە سەوتییەدا، بەرپرسی دەفتەری جەعفەری ڕێزوومەی یەکێک لە دۆستانی قەدیمیی بە سادق زولقەدرنیا دەدات کە لەو کاتدا کارمەندی بەشی هەناردە و هاوردە کردنی وەزارەتی دیفاع بووە و داوای لێ دەکات کە پیشەیەکی بۆ بدۆزێتەوە کە زولقەدرنیا قەبووڵی دەکات.
بەرپرسی دەفتەری جەعفەری دەڵێت کە دۆستێکی کە لە دەورانی بەسیجی خوێندکارییەوە دەیناسێت، لە فرۆشگاکانی ئیتکا کار دەکات بەڵام ئەم فرۆشگایانە “ئێستا بەدەست ئەرتەشییەکانەوەن کە لە هیچ حاڵی نین” و ژمارەیەک هێزی بەسیجی سەردەمی زاکانی ئەلان لە فرۆشگاکانی ئیتکان و دەبێ سپا دایانمەزرێنێت.
دزەکردنی ئەم فایلە ٥٠ دەقیقەیە، لە کاتێکدا کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لە وییەن بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات کە سەرەنجامێکی بێت، ئامانجێکی تایبەتی لەپشتە. بەڵام، بەهەر حاڵ خەڵکی ئێران دەبێ لە ڕووی ئەم بەڵگە لەقاودراوانەوە بزانن کە لەگەڵ چ ڕژیمێکی لەناوخۆوە شپرزە و لاواز بەرەوڕوون.
کاربەدستانی گەندەڵی سپا و کەسانێک کە لەم فایلە سەوتییەدا باسیان لێدەکرێت، ئێستا باڵاترین و سەرەکیترین پۆستەکانی بڕیاردان و ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامییان بەدەستەوەیە و هەربۆیە لە هەرجۆرە زەبرێک پارێزراون. بەڵام ئەگەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بتوانن لە دەرفەتێکی مێژووییدا کۆماری تا ددان نوقمی گەندەڵی بڕووخێنن، کێوەکانی زانیاریی نهێنی دەکەونە دەستی خەڵکەوە کە دەتوانێ بۆ درێژەی شۆڕشی جەماوەریی پێشبینیکراو یەکجار بەکەڵک بێت.