کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە یادی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و گیانبه‌ختکردنی پێشمەرگەکانی گوردانی شوان

کۆتا ڕۆژەکانی زستان و سەروبەندی وەرزی بەهار، وەبیرهێنەرەوەی خەسارێکی گەورە و کارەساتێکی ئینسانییە. ٣٦ ساڵ لەمەوبەر ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەممە، لە کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی سەرلەبەیانی و لە دۆخێکدا کە شەڕی کۆنەپەرستانەی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک دەبووەوە، چەند فڕۆکەیەکی بۆمب هاوێژی ڕژیمی بەعسی عێراق بەسەر ئاسمانی شاری هەڵەبجە لە کوردستانی عێراقدا دەسوڕانەوە و یەکەم بۆمبی کیمیاوییان بەسەر منداڵان، ژنان، پیاوان و گەنج و لاو و بەسەر ئەو شارەدا باراند، لە هەمان سەعاتەکانی سەرەتای ئەو ڕۆژەدا، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە دانیشتوانی شارەکە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار و ژەهراوی بوون. ڕژیمی بەعس تاوانێکی زۆری دژ بە خەڵکی عێراق و بەتایبەت لە کوردستان ئەنجامدا و لە کاتی ئۆپەراسیۆنە بەدناوەکەی ئەنفالدا زیاتر لە ١٨٠ هەزار کورد بە ژن و منداڵ و پیر و لاوەوە کوژران، لە سێدارەدران، یان لە بیابانەکانی ناوەڕاستی عێراقدا بەکۆمەڵ، زیندەبەچاڵ کران، شارەکان و چەند هەزار گوندی وێران کرد و دانیشتوانەکانی بە شێوەیەکی دڕندانە لە کەمپە زۆرەملێکاندا کە زیاتر لە وەک پادگانی سەربازی دەچوون، نیشتەجێ کرد.سەدام حسێن و حکوومەتی بەعسی عێراق لە بارودۆخێکدا تاوانی مرۆییان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجامدا کە دوو زلهێزی ئەوکات، واتە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندییەکی بەربڵاوی سیاسی و بازرگانی و هاوکارییان لەگەڵ ڕژیمی بەعسدا هەبوو. لە کاتی شەڕ لە دژی خەڵکی کوردستان و شەڕی ئێران و عێراقدا، سەدام حسێنیان لە بەرامبەر دۆلارە نەوتییەکاندا بە هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی جیهان تەیار کرد. وڵاتان و شیرکەتە ڕۆژئاواییەکان دەستیان هەبووە لە تەیارکردنی سەدام حسێن و ڕژیمی بەعسی عێراق بە چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژ و بەبێ هاوکاریی ئەوان و بێدەنگیی دواتریان لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا، ئیمکانی بەڕێوەچوونی تاوانەکانی هەڵەبجە مەحاڵ بوو. ئەمڕۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستان، شارەکەیان سەرلەنوێ ئاوەدان کردووەتەوە و سەدام حسێن و ڕژیمی بەعس بە گۆڕستانی مێژوو سپێردران. یادی سەرجەم قوربانیانی ئەو کارەساتە مێژووییە بۆ هەتا هەتایە لە دڵماندا زیندوو دەمێنێتەوە. ئەوان بە مەرگی دڵتەزێن و کارەساتباری خۆیان، جارێکی دیکە پێویستی خەبات لەپێناو ئاشتی و ئازادی و یەکسانی مرۆڤایەتیان وەک پرسێکی بەپەلە و هەنووکەیی، وەبیر مرۆڤایەتی ئەمڕۆ، هێناوە. ئەم ڕۆژانە هەروەها ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی پێشمەرگەکانی گوردانی شوان یەکێک لە گوردانە بەهێز و چاونەترسەکانی کۆمەڵەیە. ئەم پۆلە پێشمەرگەیەی کۆمەڵە لە کاتی هێرش بۆسەر ناوچەکە، لە گوندی سنووریی بیارە لە حاڵەتی پشوودا بوون و کاتێک هێرشەکە دەستی پێکرد، بە مەبەستی خۆدەربازکردن لە ناوچەی شەڕەکە، گوندەکەیان بەجێهێشت و ڕێگایەکیان بەرەو پشتەوەی میحوەری شەڕەکە هەڵبژارد. بەڵام لەم ڕێگایەدا لەگەڵ دوو کێشەی گەورە بەرەوڕوو بوونەوە، یەکەمیان ئەو گازە ژەهراویەی کە لە ناوچەکەدا بڵاوببووەوە، کاریگەریی لەسەر ئەوانیش دانابوو و توانایی جوڵە و بەرەوپێشچوونی بەڕادەیەکی زۆر لێ سەندبوون و دووەمیش ئەو پردەی کە دەیتوانی وەک ڕێگەی پاشەکشە کەڵکی لێ وەربگرن، کەوتبووە دەست هێزەکانی ڕێژیم و وێران کرابوو، هەربۆیە پێشمەرگەکانی گوردانی شوان هیچ ڕێگەیەکیان جگە لە چۆمی سیروان بۆ پاشەکشە کردن بۆ نەمابووەوە، واتە جێگایەکی کە هێزێکی پشتوانی کۆمەڵە بۆ بەهاناوەچوونیان لەوبەری دەریاچەکە چاوەڕێیان دەکردن. هەوڵی هێزەکانی بەهاناوەچوون بەمەبەستی ناردنی بەلەمی ڕزگارکەر، سەرکەوتوو نەبوو و چەند کەسیش لەو ڕێگایەدا گیانیان بەختکرد. لە ئاوا دۆخێکدا بوو کە گوردانی شوان لە قامیشەڵانەکانی نزیک دەریاچەکە، لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم تێکهەڵچوون و پێشمەرگە ماندوو و بریندارەکان لە نەبەردێکی سەخت و نابەرابەردا تا دوا فیشەک شەڕیان کرد، ژمارەی گیانبەختکردووانی ئەو ڕووداوە، ٦٩ کەس بوون کە ١١ کەسیان دوای ئەوەی کە بەدیلگیران، پاش ماوەیەک و لە کاتی کۆمەڵکوژیی سەرتاسەری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا، پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا لە سێدارە دران.

ناوی گوردانی شوان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و چالاکییەکانی کۆمەڵەدا، بەردەوام وەبیرهێنەرەوەی خەبات و فیداکاریی بووە. ڕەوشت و هەڵسوکەوتی گەرموگوڕ و شۆڕشگێڕانە و لەخۆبردوویی و لێبڕاویی خەباتکارانەی ئەم گوردانە قارەمانەی کۆمەڵە، لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەباتی کرێکارانی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست لەدژی دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی ئێراندا جێگای خۆی کردۆتەوە. لە سی و شەشەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ئەو هاوڕێیانەدا، بە نوێکردنەوەی پەیمان و وەفاداری لەگەڵ ڕێباز و ئارمانە پیرۆزەکانیان و هەروەها بە ڕێزگرتن لە یادی ئازیزی سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای سۆسیالیزم، بەرز ڕادەگرین. لەم ڕۆژەدا، جارێکی دیکە دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەو هاوڕێیانە کە بە تەحەمولکردنی ڕەنج و ئازاری لەدەستدانی جگەرگۆشەکانیان، بوونەتە هەوێنی هیوا و دڵگەرمی هەرچی زیاتری ئێمە لە خەبات و درێژەدان بە ڕێبازی ئازیزەکانیان. بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانی، جێگای ئەو شەڕ و نائەمنی، ئەشکەنجە، زیندان و هەژاری و نایەکسانییە بگرێتەوە کە، سیستەمی سەرمایەداری هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیانە.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-