هەر ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا دیداری نێوان پۆتین و ترامپ لە هێلسینکیش نەیتوانی دەربیجەیەک بۆ کەم کردنەوەی گوشارە دەرەکییەکان بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا بکاتەوە. دوای ئەو چاوپێکەوتنە، پۆتین لە بەرانبەر پرسیاری هەواڵنێراندا سەبارەت بە ئێران، تەنانەت بە ئەندازەی دەوڵەتانی ئۆرووپایش ئیمتیازی تەنانەت لە قسەشدا بە ڕژیمی ئێران نەدا. گومانیک لەوەدا نییە کە لە وتووێژەکانی هێلسینکیدا بابەتی ئێران و سوورییە یەکێک لە مێحوەرە سەرەکییەکانی وتووێژ بووە. لەم بوارەدا جان بۆڵتۆن یەکێک لە ڕاوێژکارانی پلە بەرزی ترامپ بەر لە دەست پێکی ئەم کۆبونەوەیە لەگەڵ سەرویسی جیهانی بی بی سی وتبوی کە:” بابەتی ستڕاتیژیک بۆ ئەمریکا لاچوونی بەشار ئەسەد نییە، بەڵکوو ئێرانە”. ئەو لەم وتووێژەدا، هەروەها باسی لە ” ئەگەری معامەلەیەکی گەورە” ی نێوان ئامریکا و ڕووسییە سەبارەت بە ئێران کرد. لە لایەن ڕووسییەشەوە بە پێی راپۆتێکی سایتی بلۆمبێرگ کاربەدەستێکی پایه بەرزی ڕووسییهش وتبووی:” دەور و نەخشی ئێران لە سوورییە لە سەروی لیستی بابەتەکانی جێی وتووێژ لە هێلسینکی دایە. ئەو وتووێژەی کە تا ئێستا ئاکامەکەی بەشێوەی مەحرەمانە ماوەتەوە. لەخۆڕا نییە ئەگەر پۆتین لە کۆنفڕانسی مەتبوعاتی لە بەرانبەر پرسیاری هەواڵنێراندا سەبارەت بە پێگەی ئێران لەم وتووێژانەدا، بە وتنی ئەوەی کە” سیاسەتی ڕووسییە سەبارەت بە ئێران روونە”، خۆی لە وڵامدانەوەیەکی دیاری کراو بوارد.
بەڵام سەرەڕای نههێنی كاری سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕێككهوتنهكانی هەردوولا، لە رووی ئەوەی کە بە کردەوە لە ئارا دایە، دەکرێ بزانین کە وتووێژەکانی ئەم دوانە لە بارەی ئێرانەوە بە چ ئاڕاستەیەکدا بووە: ڕووسییە بە کردەوە بەناو ” پاریزەرانی حەرەم” بە دەستی دەوڵەتی ئیسڕائیل و لەژێر زەبری ئەڕتەشی ئەم وڵاتەدا، لە سوورییه دەردەپەڕێنێ. کە بێ هۆ نییه ئهگهر ڕووسییە کە کۆنترۆڵی زهوی و ئاسمانی سوورییەی بە دەستەوەیە، لە بەرانبەر هێرشی نیزامی ئەڕتەشی ئیسڕائیلدا بۆسەر سوورییە و زەربەدان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی لەم وڵاتەدا بێدەنگە. لە بواری کڕینی نەوت لە ئێرانیش بەلێنێکی زیاتر لەوەی کە:” ئامادەی گۆڕینەوەی کالا بە کالایە پارەیەکی نەغد نەدا بە کۆماری ئیسلامیی”. ئەمەش نە ڕێككهوتن نامەیەکی تازەیە و نە ڕێگا چارەیەک لە بەرانبەر تەحریمەکاندا، لەبەر ئەوەی کە گۆڕينەوەی کالا بە کالا لە بەرانبەر نەوتدا لەگەڵ ڕووسییە لە دەورەی پێشوشدا بوونی هەبوو بەبێ ئەوەی کە بتوانێ ئاسەواری گەمارۆکان کەم بکاتەوە.
بەڵام خامنەیی کە لە لایەکەوە سەرجەم دەرگاکانی لە دەرەوە بە رووی خۆیدا داخرا و دهبینی لە لایەکی دیکەوە لەژێر گوشاری خەبات و ناڕەزایەتی خەڵک لەنێو خۆدا هەناسەی سوار بووە، بەر لە چاوپێکەوتنی پۆتین و ترامپ هەوڵیدا تا شانسی خۆی لە مانۆڕدان لە نێوان بەرژەوەندی ئامریکا و ڕووسییەدا تاقی بکاتەوە. لەم پێوەندەدا لە بانسەری ڕووحانیی و دەوڵەتەکەیەوە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی لەگەڵ هەیئەتێک لە باوەڕ پێکراوانی نارد بۆ مۆسکۆ تا پەیامەکەی بگەیەننە پۆتین. چوونی ئەم هەیئەتە بۆ مۆسکۆ، هاوکات بوو لەگەڵ سەفەری نێتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بۆ وتووێژ لەگەڵ پۆتین. وتووێژ و تەوافوقاتی شاراوەی پێشو و ئێستای نێوان ڕووسییه و ئیسڕائیل هەرچی بووبێت، ئەوەی کە لە سبەی ڕۆژی ئەم وتووێژانەدا ڕوو ئەدات، بە کراوەیی هێشتنەوەی دەستی ئیسڕائیلە لە لایەن ڕووسییەوە بۆ لێدانی گورزی نیزامی لە پێگەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بە ئامانجی دەرپەڕاندنیان لە سوورییە.
ویلایەتی کە نەیویست دانی پێدا بنێ بە دەستی بەتاڵ لە ڕووسییە گەڕاوەتەوە لە وتووێژێکی مەتبوعاتیدا دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ پۆتین و دانی پەیامەکەی خامنەیی پێی، دەڵێ:” ڕووسییە ئامادەی سەرمایەگوزاری بەرینە لە بواری نەوت و گازی ئێراندا.” بەڵام هەر زوو ” دیمیتری پسکۆف” وتەبێژی دەوڵەتی ڕووسییە وتی:” ناتوانێ ئەم بابەتە تەئید بكات”. ویلایەتی دیسان دەڵێ کە:” شیرکەتی روس نەوت و گاز پرۆم قەراردادی تا ١٠ میلیارد دۆلاری لەگەل ئێران دەبەستن.” و لە درێژەدا دەڵێ کە:” پێوەندی نەوتی ئێمە لەگەڵ ڕووسییە تا ئاستی ٥٠ میلیارد دۆلار بەردەوام دەبێت.” کاتژمێرێک دواتر” نواک” وەزیری وزەی ڕووسییە لە وتووێژ لەگەڵ ئیتارتاس وڵام ئەداتەوە کە :” تەوافوقی نێوان کۆماری ئیسلامیی و ڕووسییە تەنیا لهبواری گۆڕینەوەی نەوت بەکالا ئیمكانی هەیە.”
له ڕاسیتدا تا ئەو جێگایەی بۆ سوریە هەڵدەگەڕێتەوە، کۆماری ئیسلامی هەم بۆ روسیە و هەم بۆ دەوڵەتی بەشار ئەسەد، ئێستا ئیتر تەنیا سەرئێشەیە. مزاحمێکە کە هەرچی زووتر دەبێ لەکۆڵ خۆیانی بکەنەوە. لە بوارەکانی دیکەی ئابووری و سیاسیشدا روسیە بەرژەوەندیەکانی لە ئۆکراین و کریمە و یان هەناردە کردنی نەوت و گاز بۆ ئوروپا، ئاڵمینیۆم و فولادەکەی بۆ ئامریکا لەبەر خاتری سیاسەت و ڕقابەتەکانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ناخاتە مەترسیەوە. لەم روەوە روون و ئاشکرایە کە پێگەی ئێران لە سیاسەت، ئامانج و بەرنامەی درێژماوەی روسیەدا هیچ شتێک نییه جگە لە بوون به ئامرازێکی گوشار لە معادلاتی سیاسی لەگەڵ زل هێزە گەورە و ناوچەییەکاندا.
لە باری ئابووریشەوە، ڕووسییە خاوەنی وەها پێگەیەکی بەهێز و بە توانای ئابووری لە ڕوانگەی بانکی، پیشەسازی، گواستنەوە و گەیاندن، پێوەندی و تێکنولۆژی نییە کە بتوانێ جێگای یەکێتیی ئورووپا، ژاپۆن و کورەی باشور بگرێتەوە و نیازە ئابووریەکانی قەیرانی ئێران و بە تایبەت لە بارودۆخی تەحریمی دژوارتردا وهڵام بداتهوه. ئەویش لە حاڵێکدا کە خۆیشی بەرەو ڕووی تەحریمەکانی یەکێتی ئۆرووپا و ئامریکا بۆتەوە. بەم هۆکارەیە کە هێندێک لە بەڕێوەبەرانی دەزگای حکومەتی لە ئێران لێرەو لەوێ باس لە” خەیانەتی” ڕووسییە” دەکەن و لە” ناسپاسی” بەشار ئەسەد توڕەن و پێشنیاری وتووێژی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئامریکا لە مەحفەل و کۆڕ و کۆبوونەوە خوسوسییەکانی ڕژیمەوە، کێشراوەتە نێو ڕۆژنامە کانیشەوە.
بە کشانەوەی شیرکەتە گەورە نەوتی و گازییەکان، ماشێن سازی و دەیان شیرکەتی دیکە لە پیشەسازی ئێران و هەڵوەشانەوەی قەراردادە نەوتییەکان لە لایەن ژاپۆن، کورەی باشور و بەتایبەت تەعەهودی ڕووسییە و عەرەبستان بۆ زیاد کردنی بەرهەمهێنانی نەوت، هەروەها دەستپێکی گهمارۆکان، کۆماری ئیسلامیی لە لایەکەوە لەگەڵ قەیرانی قوڵی ئابووری و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ نەبەردی گەورە و تێکشکێنەری کرێکاران و خەڵکی وەگیان هاتوو بۆ نان و ئازادی بەرەو ڕووە. نەبەردێک کە هیوابەخشی داهاتوی ڕوونی سبەی ڕۆژە.