کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ڕوانگەی خامنەیی و سپای پاسدارانەوە تاریخ مەسرەفی رۆحانی بەرەو کۆتاییە

سەید عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم حەوتوانەی ئاخردا کۆمەلێک جێ گۆڕکێی لە ئاستی سەرەوەی هێزە چەکدارەکاندا ئەنجامدا. ئەو جێ گۆڕکێیانەی خامنەیی له‌و ئاسته‌داا ئەنجامی داوە، ئەگەرچی بە هێندێک پاساو لە ڕاگەیەنەرەکانی ئێراندا، لەوانە نەخۆش بوونی ئەم و ماندوبونی ئەوی تری خراوەتەپاڵ، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئەم ئاڵوگۆڕانە ناتوانن بەدەر بن لە یاریە سیاسیەکان لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵات لە ئێراندا و کێشەی باڵەکان. لەم نێوانەدا ئەوەی کە بەرچاو بوو، ڕەنگە تا ڕادەیەک روون کردنەوەیەکیش بێت بۆ ئاڵوگۆڕەکانی تر، هۆکاری لادانی فیروزئابادی سەرۆکی گشتی ستادی هێزە چەکدارەکان بوو. ئۆرگانە ڕەسمیەکانی ڕژیم گۆڕینی ئەویان گەڕاندەوە بۆ ” لاواز بوونی توانایی جەستەیی” ئەو و گۆیا ئەوەیکە ئێستا لەژێر چارەسەری دەرمانیدایە، هۆکارە. بەڵام بە چاوگێڕانێکی لە نزیک ترەوە بەسەر بابەتەکەدا، بەتایبەت پێگەی فیروزئابادی و کەسانی تری وەک ئەو لە کێشە و سەفبەندیە جەناحیەکاندا، هەست بەوە ده‌كرێ کە بابەتەکە لەوە گەورە ترە و هەروەک ئاماژەی پێ کرا هۆکاری سەرەکی ئەو ئاڵوگۆرانە دەبێ ڕیشەی لە کێشە ناوخۆیه‌كانی ڕژیم و هەڵوێستی فیروزئابادی لەم سێ ساڵەی دواییدا بێت.لەم پێوەندیەدا ئاماژە بە دوو ڕاستی بۆ ناسینی دەقیق تری ناوەرۆکی ئەم ئاڵوگۆرانە یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت:758
یەکەم، کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران، و وڵاتانی ٥ ی کۆی ١ سەبارەت بە چوارچێوەی گشتی بەرنامە هەستەییەکان پێکهاتن، فیروزئابادی پەیامی پیروزبایی بۆ خامنەیی وەک فەرماندەی کوللی قوا نارد و لەم پەیامەدا ستایشی رۆحانی و زەریفی، لەم پێوەندەدا کردبوو. بەڵام هەر ئەو کات وڵامی خامنەیی کە ئەم ” پیرۆزبایی وتنە واتایەکی نییە”، فیروزئابادی خستە ڕیزی رۆحانیەوە. چەسپاندنی ئەم پێگەیە ئەیتوانی روداوێکی سیاسی گرنگ بێت و هاوسەنگی هێزی نێوان باڵەکانی ڕژیم بە قازانجی رۆحانی بگۆڕیت. ئەوەی کە یەکێک لە مۆرە گرنگەکانی سەرەوەی هێزه‌ چه‌كداره‌كان لە سەفی پشتیوانانی دەوڵەتی رۆحانیدا بێت، دیاردەیەکی تەواو نوێ بوو. هەڵبەت فیروزئابادی دوای تەوافوقاتی هەستەیی کۆماری ئیسلامی و رۆژئاوا تەنیا بە ناردنی ئەم پەیامەوە نەوێستا و لە شکڵی جۆراو جۆریشدا دیفاعی لەم رێككه‌وتنه‌ کرد. لە حاڵێکدا کە بازاڕی هێرشی ڕەخنە گران لە دەوڵەتی رۆحانی دوای ئەم تەوافوقە گەرم بوو، فیروزئابادی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی رۆحانی لە سوخەنڕانیەکیدا وتی:” ئێمە دەبێ شانازی بەم سەرۆک کۆمارەوە بکەین شوکرگوزاری بوونی ئەو بین و پێویستە هەموو هەوڵ بدەین و هیممەت بکەین تا دەوڵەت بتوانێ لەم بارودۆخە هەستیارەدا، کەشتی وڵات بەرەو پێش بەرێت” و دواتر بە لەحنێکی هەڕەشە ئامێز تەنانەت رووبەو ڕاگەیەنەرانەش کە بە شێوەیەک سەربە هێزە چەکدارەکانن وتی کە دەبێ ڕەواڵی کاریان ئیسلاح بکەن. بێجگە لەمە لە حاڵێکدا کە فەرماندەی سپا لە ناڕەزایەتی بە بەرجام ڕایگەیاندبوو لە بواری موشەکی و نیزامیدا هیچ سنورێک قەبوڵ ناکەن، فیروزئابادی ئەم ئیدیعایەی ناڕاستەوەخۆ ڕەد کردەوە و بەم جۆرە ئەو بە پێچەوانەی هاوکارەکانی لە سپادا، مەحدویەتی موشەکی قەبوڵ کرد و بە دیفاع کردن لە بەرجام زیاتر مەودای لە خامنەیی و سپای پاسداران گرت.

دووهەم، هەڵوێستی فیروزئابادی لە هەمانحاڵدا لە نیشانە سەرەتاییەکانی سەر هەڵدانی کەلێن لە نێوان ڕێبەری سپای پاسدارانیشدا بوو. ڕێبەری سپا دوای مەرگی خومەینی، خۆی لە پێگەی پارێزەری ڕژیمی ئیسلامیدا دەبینێ و لەم بوارەدا بە تەواوەتی بە پێی ئامۆژگاریه‌كانی خومەینی دەجوڵێتەوە. لە ڕابردوشدا و بە تایبەت لە دەورەی سەرۆک کۆماری خاتەمیدا کۆمەڵێک تەسفیەی لەم جۆرەمان بینی. کەوایە ئەوەی کە بەشێوەی فۆرماڵ بەزاری خامنەییدا دێت، لە ڕاستیدا بڕیاردانێکە کە لە سەرو ترین ئاستی ڕێبەری سپادا گیراوە.

لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، فیروزئابادی هەوڵیدا لە نێوان خۆی و هاشمی ڕەفسەنجانی و رۆحانیدا سنورێکی نوێ دروست بکات و لە هەوڵی قەرەبوی ” پەلە کردن لە پشتیوانی کردن لە ” بەرجام” و کەم کردنەوەی کەلێنێک کە کەوتبوە نێوان ئەو و خامنەیی و فەرماندەی سپاوە، کارێک بکات، بەڵام ئەم هەنگاوەی کاریگەری نەبوو. فەرماندەکانی سپا پێیان باش بوو کە بەر لەوەیکە کەلێنی نێوان ڕێبەری سپا قوڵ تر بێتەوە، بە پەیڕەوی لەو پەندەی کە ئەڵێ:” پێویستە بەر لە روودان چارەسەری رووداو بكرێت”، کێشەکەیان لە ڕێگای تەسفیەی ناوخۆییه‌وه‌ چارەسەر کرد.

سپای پاسداران ئەگەرچی ڕەنگە لە بەرەوپێش بردنی سیاسەتە ناوچەییەکاندا ئاڵوگۆڕێک لەم یان ئەو تاکتیکیدا قەبوڵ بکات، سازش بکات یان هێندێک پاشەکشەی دیاریکراو، بەڵام نابێ لەبیر بکرێت کە سەرجەم ستراتیژی ناوچەیی ڕژیم لە خزمەت دەرێژەی حاکمیەت لە نێوخۆی وڵات دایە. سپای پاسداران کە کۆڵەکەی سەرەکی پاراستنی ڕژیمی ئیسلامیە، قەت ئەم ئەولویەتەی لەبیر ناباتەوە. لەم روەوە پاراستنی یەکپارچەیی سپا لە بەرخورد بە كێشه‌كانی ناوخۆی وڵات بۆ پاراستنی ڕژیم بابەتێکی گەلێک حەیاتیە. لەم مانگانەی دواییدا ڕێبەریی سپای پاسداران لە بانترین ئاستیدا هەستی بە بوونی کەلێنێک کردبوو.

ئاڵوگۆڕ لە ئاستی فەرماندە نیزامیەکاندا لە هەمانحاڵدا نیشانی ئەدات کە بازنەی گەمارۆ بە دەوری دەوڵەتی رۆحانیدا بەردەوام تەسک تر ئەبێتەوە. وادیارە کە ئەم باڵە بۆ دەورەی دواتری سەرۆک کۆماری کە هەڵبژاردنەکەی لە ساڵی داهاتودا بەڕێوە دەچێت، پێویستی بە کەسانی وەک رۆحانی نابێت. لە ڕوانگەی خامنەیی و سپای پاسدارانەوە تاریخ مەسرەفی رۆحانی بەرەو کۆتاییە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-