کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە پەڕاوێزی ئیستیزاحی عەلی رەبیعی وەزیری کار، تەعاون و ڕیفاهی ئیجتماعیدا

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو عەلی رەبیعی وەزیری کار، تەعاون و ریفاهی ئیجتماعی بۆ سێهەمین جار ئیستیزاح کرا و لەسەرکار لابرا. ئەو دوای سەرۆکی بانگی ناوەندی و جیگرەکەی، سێهەم مۆرەیە کە ڕژیم لەم حەفتانەی دواییدا کردویەتە قوربانی. ئەگەر سەرۆکی بانکی ناوەندی و جیگرەکەی بە تاوانی خراپی مودیریەت لە پێشگرتن لە دابەزینی ٥٠ لەسەدی ئەرزشی پوڵ و هەڵکشان و داکشانی ئەرز لەکار لابران، ڕەبیعی دەبێ بە تاوانی بیتوانایی لە وڵام دانەوە بە ڕەخساندنی هەلی کار کە گۆیا یەک ملیۆن هەلی کار لە ساڵدا دەبێ دروست بکرێت، وەرشکست بوونی سندوقەکانی تەعاون و په‌ره‌سه‌ندنی هەژاری دەبێ ببێتە قوربانی. ئەگەرچی لابرانی مودیرانی سەرەوەی بانکی ناوەندی هەراو هوریای زۆری بە شوێنەوە نەبووە وە زەمینەی بۆ پاشگەز بوونەوەی دەوڵەتی روحانی لە سیاسەتی یەک نرخی کردنی ئەرز خۆش کرد، بەڵام ئەوەی لە پەڕاویزی ئیستیزاحی ڕەبیعیدا لە مەجلیسی ڕژیم و لە دەمەقاڵەی نێوان باندەکان و دواتر لە میدیای ژێر دەستیاندا روویدا، زیاتر لە خودی ئیستیزاحەكه‌ گرینگ بوو.

ڕەبیعی نە تەنیا خزمەتگوزارێکی باوەفای ڕژیم بووە بەڵکوو مۆرەیەکی ئەمنیەتی- سپاهییە. ئەو لە وەزارەتی ئیتلاعات و بەشە ئەمنیەتیەکانی سپادا خزمەتی کردوە، یەکێک لە مۆرەکانی نەسڵ کوژی دەیەی شەست و قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەندامی کۆموسیۆنی کرێکاری ڕژیم، ئەندامی شوڕای ناوەندی خانەی کارگەر و لە ئاکامدا یەکێک لە ئامادەکارانی سیاسەتی دژی کریکاری ڕژیم بووە. ئەو بەم کارنامە پڕ لە شەرمەزاریەوە لەگەڵ بەهێز بوونی ئیسلاح خوازانی حکومەتی پێیانەوە پەیوەست بوو، دەبێتە ڕاوێژکاری دەوڵەتی خاتەمی و لە پێنج ساڵی ڕابردودا لە پۆستی وەزیری کار، تەعاون و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەتی روحانیدا بەشدار بووە. لەم روەوەیە کە بەشێک لە نەیارانی ئیستیزاح هەر ئەم ئیسلاح خوازانەی لە فڕاکسیۆنی ئومید دا کۆبوونەتەوە پێکی دێنن.

چاوگێڕانێک بەوەی لە مەجلیس لە جەلەسەی ئیستیزاحی رەبیعیدا رویدا تەنیا بەشێکی بچوکە لە وێنای گەندەڵی مەجود لە نێو کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕژیمدا. موافقان و موخالیفان، بەشێک لە دزیەکان، ئیختیلاسەکان و تاڵانچێتیەکانی یەکتریان ئاشکرا کرد. رۆژنامەی” ئاڕمانی روز” بە سەردێڕی” هەوار لە ئێمە ئەگەر قسەکانی جەلەسەی ئیستیزاح ڕاست بێت” نووسی:” یەکێک لە نوێنەران باسی لە پێشنیارێکی ٥٠٠ ملیۆنی بۆ مەتڕەح نەکرانی کێشە و گرفتەکانی بێهزیستی کرد، یەکێکی تر وتی کوڕی ئاغای وەزیر لەگەڵ کوڕی جێگرەکەی لە دوبەی شیرکەتیان دروست کردوە، دەوترێت کچی یەکێک لە نوێنەرە ناودارەکانی مەجلیس- جێگری سەرۆکی مەجلیس- بەرپرسی فاینانس پیتروشیمییە، وەزیر دەڵێ گوشارم بۆدێنن یان ئەو کەسە لابەرە یان ئەوەیکە تۆ ئیستیزاح دەکەین، لە ژورەکەی مندا دەڵێن ساڵی چوار سەد یان پێنج سەد ملیۆن تمەن بکرێتە حیسابی فڵانە کەسی جێی سەرنجی ئەوانەوە.”

لەم جەلەسەیەدا رەبیعی روو بە نوێنەرەکان دەڵێ” ئەگەر کهنوجی بکرایەتە مودیرعاملی مس، ئایا کێشەکانتان لەگەڵ من بەم شێوەیە بەردەوام دەبوو؟. سەرۆکی کۆموسیۆنی ئابووری مەجلیس وەزیری کاری بە ” خودای لابی” ناو بردوە و دەڵێ بە ” ناوی بیمە، تەعاون و کار، کارە گەورەکان و بونگاداری بەڕێوەدەبرێت. ٣٢٧ شیرکەتی ژێر مەجموعەی سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتی هەیە و ١٨٧ شیرکەت ژێر مەجموعەی سندوقی خانەنشینی. ئەم شیرکەتانە هۆکاری کێشەن لە نیزامی ئابووری و لە بابەتی نابەسامنیەکانی نرخی ئەرزدا.” ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە” قەرزدار ترین سازمان، سازمانی دابین کردنی کۆمەلایەتیە.” نوێنەری گەناوە دەڵێ” بە منیان وتوە ئەگەر لەبیری تەئیدی سەلاحیەت دای لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨ دا، لەپشت تریبون قسەمەکە.” نوێنەرێکی تر دەڵی” پیتروشیمی دۆلارەکانی خۆی نەگێڕاوەتەوە بۆ بازاڕ، هۆکاری ئەمەش چییە؟ و نوێنه‌رێك دەپرسێ” ئەمرۆ ئێمە دەبینین کە لە کرێکاران چەکی سپی ئیمزا وەردەگرن، ئەمە چ دۆخێکە”. لەم جەلەسەیەدا دەوترێت” شیرکەتی سەرمایە گوزاری دابین کردنی کۆمەڵایەتی سەربە سندوقی سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتی، دەهەزار گوشی موبایلی بە ڕەقەمی ٢٣ ملیۆن یۆرۆ هاوردوه‌ و خستویەتە بازاڕەوە، ئایا وەزارەتخانەکەتان توجاره‌ت خانه‌یه‌؟” بە وەزیریان وت” تۆ وەزیری بێکارەکانی و دەبێ وڵام دەرەوەی ٨ ملیۆن لاوی بێکار بیت.” بە ڕەبیعیان وت” لەگەڵ ئەو کرێکارانەی کە بۆ دیفاع لە مافەکانیان شێلاقیان لێ ئەدرێت جێت کردوە؟ ئێوە وەزیری بێکاری، وەزیری هەژاری، وەزیری تەعاونیە وەرشکست بوەکانن.”

جێگری سەرۆکی مەجلیس کە نەیاری ئیستیزاحە، دەڵێ” لە دەوڵەتی خاتەمی و ئەحمەدی نیژاد دا خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاری لە بەردەم وەزارەتی کار بەڕێوە دەچوو، بەڵام ٥ ساڵە کە ئاغای رەبیعی وەزیری کارە و ئێمە شاهیدی ناڕەزایەتی لەبەردەم وەزارەتخانەکە نین. ئەمە نیشانی ئەدات کە وەزیر کێشەی کرێکارانی لەم دۆخە ئابووری، کۆمەلایەتی، پیشەیی و گرانیەدا چارەسەر کردوە.”

دەکرێ چ ناوێک لەسەر ئەم گشتە بێ شەرمیە دابندرێت؟ نەکا بە بۆچوونی ئەو زیاتر لە سێ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە رۆژێکدا لە بەشە خوسوسی و دەوڵەتیەکاندا و هاواری بە ملیۆن کرێکار بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دوا خراوەکانیان لە بۆشاییدا روو ئەدات.

ئەوەیکە نوێنەرانی ڕژیم بەم جۆرە لە مەجلیس کەوتونەتە گیانی یەکتر نیشانەی بابەتێکی ترە، ڕژیم بە قوربانی کردنی مودیرانی بانکی ناوەندی و وەزیری کار فریوکارانە هەوڵ ئەدات نیشانی بدات کە هەوڵە ئابوریەکانی مەوجود لە کۆمەڵگادا نەک سەرچاوەگرتو لە قەیرانێکی چەند لایەنەی ساختاری بەڵکوو گۆیا سەرچاوەگرتو لە خراپی بەڕێوەبردنی ئەم یان ئەو مۆرە بووە و ئەویه‌ کە “دەنگی خەڵکیان” بیستوە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم فڕوفێڵانە هیچ کاریگەریەکیان نابێت لەبەر ئەوەی کە ئاڵقەی گەمارۆ بە دەوری ڕژیمدا رۆژ لەگەڵ رۆژ تەنگ تر دەبێتەوە، قەیرانی ئابووری، کێشرانی هەرچی زیاتری خەڵک بەرەو ژێر هێڵی هەژاری، پەرەسەندنی سەرجەم موسیبەت و نابەسانیە کۆمەڵایەتیەکان، گەشەی روو لەسەری نرخی کالا سەرەکیەکانی جێی پێداویستی خەڵک، وەرشکست بوونی کارخانەکان و دامەرزاوەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوە گرتو لە گشت ئەم موسیبەتانە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و شۆڕشی برسیەکان و لە کۆتاییدا گۆڕانی هاوسەنگی هێزێک کە لە ئاخێزی مانگی بەفرانبارەوە دەستی پێکردوە و لە رۆژەکانی رابردودا سەرلەنوێ بۆتەوە بە ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری، بەشێک لە ئاڵقەی گەمارۆیە بەدەوری ڕژیمدا. بەشیکی دیکەی ئەم بازنەیە، گوشارە دەرەکیەکانە بۆ کشانەوەی ئێران لە سوریە و عێڕاق، پەراوێز کەوتنی ڕژیم لە ناوچەکەدا و دەستپێکی تەحریمە تازەکانی ئامریکا. هەموو ئەم فاکتۆڕانە کێشەی گەورەن کە لەبەردەم ڕژیمدا قەراریان گرتوە و ئەوەیکە ئیمکانی وڵامدانەوەی ڕژیم تەنانەت بە بەشی لاوەکی ئەم کێشانە لە هەمیشە کەمتر بۆتەوە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە شەڕ و کێشەی باندەکانی ڕژیم هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەت کێش و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەوە نییە. ئەوەی کە لە سەرەوە روو ئەدات ڕەنگدانەوەی تۆفانێکە کە یەکەم ئاسەوارەکەی لە ئاخیزی جەماوەری مانگی بەفرانباردا بۆ نان و ئازادی و لە ناڕەزایەتی ئەم رۆژانەی داییدا خۆی نیشاندا، و چارەنووسی کۆمەڵگا گرێدراوە بە چلۆنایەتی ئاڕاستەی ئەم تۆفانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-