لە هەفتەی چوارەمی شەڕدا، ژێرخانەکانی ژیانی خەڵک بوونەتە مەیدانی جەنگ
شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا پێی ناوەتە چوارەمین هەفتەی خۆیەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێک، ڕەهەندەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕوونتر و مەترسیدارتر دەبن. ئەوەی لە سەرەتادا وەک تێکهەڵچوونێکی سەربازی سنووردار دەناسێنرا، ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێک کە تێیدا ژێرخانە هەستیارەکان، سەرچاوەکانی وزە و ئەگەری ژیانی ئاسایی ملیۆنان مرۆڤ کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆ. ئەم وەرچەرخانە، شەڕەکەی بردووەتە ئاستێکی نوێ، ئاستێکی کە تێیدا باجە سەرەکییەکەی نەک حکومەتەکان، بەڵکوو خەڵکی ئاسایی دەیدەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەڕەشە ڕاستەوخۆکان دژی گەرووی هورمز و ژێرخانەکانی کارەبا و وزەی ئێران، مەودای قەیرانەکەی بە شێوەیەکی کەم وێنە فراوانتر کردووە. دۆناڵد ترامپ بە دەرکردنی ئۆلتیماتۆمێکی ٤٨ کاتژمێری ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری نەکردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز، دامەزراوەکانی کارەبا و وزەی ئێران دەکرێنە ئامانج. لە بەرانبەردا، کۆماری ئیسلامیش هۆشداری داوە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم هەڕەشەیە، هێرش دەکاتە سەر سەرچاوەکانی وزەی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس. ئەم ئاستە لە هەڕەشەی دوولایەنە، بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە شەڕ لە سنووری هێرشی سەربازی تێپەڕیوە و ئێستا ڕاستەوخۆ کێشراوەتە ناو کایەی لەناوبردنی مەرجەکانی ژیانی خەڵک.
پێویست بە وتن ناکات ئەوەی کە هێرشکردنە سەر تۆڕی کارەبای وڵاتێک، تەنیا هێرش نییە بۆ سەر چەند وێستگەیەک یان چەند ناوەندێکی پیشەسازی. ئەم کارە، لە کردەوەدا، هێرشە بۆ سەر هەموو بنەماکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. کارەبا تەنیا ژێرخانێکی تەکنیکی نییە، کارەبا ئاو دەگەیەنێتە ماڵەکان، نەخۆشخانەکان بە زیندوویی ڕادەگرێت، زنجیرەی پاراستنی دەرمان و خۆراک دەپارێزێت. کارەبا، دەرفەتی پەیوەندی، گواستنەوە، پەروەردە و لانیکەمێک لە ئاستی پەروەردە و نەزمی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. لەبەر ئەوە، هەڕەشەی لەناوبردنی تۆڕی کارەبای ئێران، ئەگەر بێت و جێبەجێ بکرێت، هیچ مانایەکی نییە جگە لە داڕووخانی داروپەردووی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بەسەر سەری خەڵکدا.
یەکەمین دەرئەنجامی هێرشێکی لەو شێوەیە، پچڕانی بەربڵاوی ئاو دەبێت. لەکارکەوتنی پۆمپەکان و تۆڕەکانی دابەشکردن، ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی ملیۆنان کەس بە ئاوی خواردنەوە لەناو دەبات. ئەم دۆخە، بەتایبەت لە شارە گەورەکان و ناوچە گەرمەکاندا، دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە قەیرانێکی تەندروستی لە ئاستی کۆمەڵگادا. کەمیی ئاو تەنیا کێشەی بەکاربردنی ناوماڵ نییە، ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر تەندروستی گشتی، پاکوخاوێنی ژینگە، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و تەنانەت ئاسایشی خۆراکیش.
لە پاڵ ئەوەشدا، قەیرانی تەندروستی و دەرمان بە خێرایی پەرە دەستێنێت. نەخۆشخانەکان، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندەکانی فریاکەوتن بەبێ کارەبا ناتوانن درێژە بە چالاکییە ئاساییەکانی خۆیان بدەن. ئامێرە هەستیارەکان، بەشەکانی چاودێریی ورد، ژوورەکانی نەشتەرگەری، سیستمەکانی ساردکەرەوە، کۆگاکردنی دەرمان و خزمەتگوزارییە تاقیگەییەکان، هەموویان بەستراونەتەوە بە کارەباوە. لە دۆخێکی وەهادا، نەخۆشە تایبەتەکان، بەساڵاچووان، منداڵان، ژنانی دووگیان و بریندارانی جەنگ زیاتر لە هەمووان دەکەونە بەر مەترسییەوە. لێرەدا ئیتر مەسەلە تەنیا زیانی ماددی نییە، بەڵکوو گیانی مرۆڤەکانە.
دەرئەنجامێکی دیکە، قەیرانی خۆراکە. پچڕانی بەربڵاوی کارەبا بە خێرایی دەبێتە هۆی تێکچوونی ماددە خۆراکییەکان. ئامێرەکانی ساردکەرەوە لەکار دەکەون. کۆگای خۆراکی بنەماڵەکان لەناو دەچێت. فرۆشگاکان ڕووبەڕووی کەمیی خۆراک دەبنەوە. گواستنەوە و دابەشکردن تێکدەچێت. لە ئەنجامدا، فشاری سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵە کرێکارییەکان و هەژارانی شار و ناوچە بێبەشەکان. لە بارودۆخی شەڕدا، ئەم فشارە دەکرێت ببێتە هۆی برسییەتی، بەدخۆراکی و قووڵبوونەوەی هەژاری.
هەربۆیە، ئەگەر هەڕەشەی ئەمدواییەی ئەمریکا بەکردەوە دەربێت، ناتوانرێت ئەم کارە تەنیا وەک فشارێکی سەربازی دژی حکومەتی ئێران وێنا بکرێت. هێرشێکی وەها لە ڕاستیدا ئەو وێرانکارییەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەندین دەیەدا بەسەر کۆمەڵگای ئێرانیدا سەپاندووە، بە شێوەیەکی توندتر و بێبەزەییانەتر بەسەر خەڵکدا دەڕووخێنێت. ئەمە هەمان لۆژیکی “سزای بەکۆمەڵ“ـە، واتە هێنانی زۆرترین فشار بۆ سەر کۆمەڵگایەک بەو پاساوەی کە حکومەت ئامانجی سەرەکییە. بەڵام لە ڕاستیدا لە دۆخێکی وەهادا، خەڵک پێش لە هەر کەس و زیاتر لە هەموو کەسێک زیانی بەردەکەوێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر سەرچاوەکانی وزەی وڵاتانی ناوچەکە، هیچی تر نییە جگە لە فراوانکردنی مەودای وێرانکاری. ئەم هەڕەشەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، شەڕەکە دەباتە قۆناغێکی ناوچەییتر و بێ مەرامتر. لەو کاتەدا، ملیۆنان مرۆڤی تر لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەونە بەر مەترسیی ناسەقامگیری، تێکچوونی باری ئابووری، کەمیی وزە و نائەمنی.
ئەوەی ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئاشکرا بووە، ئەوەیە کە هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕ، گیانی مرۆڤەکانیان لە چەقی هاوکێشەکانی خۆیاندا دانەناوە. ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای ئەوەوەن کە بە هەر شێوەیەک بێت سەرکەوتنێکی سیاسی و سەربازی ڕواڵەتی نیشان بدەن. کۆماری ئیسلامیش بە هەموو توانایەوە لەپێناو مانەوەی خۆیدا شەڕ دەکات. بەڵام لەم نێوەندەدا، ژیانی خەڵک پەراوێز خراوە. ئەو خەڵکەی کە نە هەڵگیرسێنەری ئاگری ئەم شەڕە بوون، نە لە بڕیارەکانیدا پشکیان هەبووە و نە لە بەردەوامبوونی هیچ سوودێک دەبینن.
بەردەوامیی ئەم شەڕە هەروەها نیشانی دەدات کە لایەنەکان بە کردەوە لە زۆرێک لە پێوەرە ناسراوەکانی مافە نێودەوڵەتییەکان لایان داوە. هەڕەشەی لەناوبردنی ژێرخانەکان کە ڕاستەوخۆ بە ژیانی خەڵکی مەدەنییەوە بەستراونەتەوە، تاوانی جەنگییە و تێپەڕبوونە لە هەر سنوورێکی مرۆیی و یاسایی. هێرشکردنە سەر کارەبا، ئاو، دامەزراوە تەندروستییەکان و سەرچاوەکانی وزە، هەرچەندە ڕەنگە بە زمانی سەربازی پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵام لە کردەوەدا بە واتای بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگای مەدەنییە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە شەڕ تێیدا زیاتر لە هەمیشە سیمای دزێو و دژە خەڵکیی خۆی نیشان دەدات.
واقیعییەت ئەوەیە کە هەرچی ئەم شەڕە درێژە بکێشێت، مەودای کارەساتە مرۆییەکەشی فراوانتر دەبێت. لەم پرۆسەیەدا، ئاماری کوژراوەکان تەنیا بەشێک دەبێت لەو ڕاستییە. بەشێکی تری ئەم واقیعییەتە، بریتییە لە “مەرگە بێدەنگەکان“، ئەو نەخۆشانەی دەستیان بە چارەسەر ناگات، ئەو منداڵانەی لە ئاو و خۆراکی تەندروست بێبەش دەبن، ئەو بنەماڵانەی لەژێر باری هەژاری و ئاوارەییدا هەڵدەوەشێنەوە و ئەو کۆمەڵگایەی کە لەژێر فشاری شەڕ، گەمارۆ، تاریکی، نائەمنی و داڕووخانی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بڕستی لێدەبڕێت.
ئەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە، بە ئاشکرا دژە مرۆیی و دژە خەڵکییە. لەمڕووەوە، هەر دەنگێکی بەرپرسیار و ئازادیخواز دەبێت لە بەرانبەر ئەم لۆژیکە وێرانکەرەدا بوەستێتەوە. داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ بکات و جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکاتەوە کە گەورەترین قوربانیی ئەم شەڕە، خەڵکن، ئەو خەڵکەی کە داروپەردووی سەرەکیی ئەم شەڕ و کاولکارییە بەسەر ئەواندا دەڕووخێت.
