کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە هەشتی مارسدا بە ملیۆن ژن شەقامەکانیان داگیر کرد!

بە ملیۆن ژن لە سەرتاسەری دنیا لە هەشتی مارسدا ڕژانەسەر شەقامەکان و داواکارییەکانیان دەربڕی. ئەمساڵ بە تایبەت هەشتی مارس لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە نە تەنیا باڵە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامی سیاسی چ لە قامەتی جەریاناتی تیرۆریستی ئیسلامیدا و چ لە قامەتی دەوڵەتەکاندا، لەم ساڵانەی دوایدا چوونەتە شەڕ لەدژی ژنان، به‌ڵكوو جه‌ریاناتی ڕاست و دژی بیانیانەكان لە زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری، هێرش بۆسەر ژنان و پاراستنی ژێر دەستەیی ئەوانیان خستۆتە دەستوری کاری خۆیانەوە. لە بەرانگار بوونەوە لەگەڵ شەڕی ئاشکرا و دزێوی ئەم ڕەوتانە، ژنان بە شێوەیەکی بەرین هاتونەتە مەیدان.

هەشتی مارسی ئەمساڵ لوتکەی ئەو ناڕەزایەتییانە كه‌ بوو بە تایبەت لەدژی هێرشی فاشیستەکان بە ڕێوەچوو. ئەگەر لە ئەمریکا ئامانجی ناڕەزایەتی ژنان، سیاسەتە ڕاسیستییەکانی ترامپ و مەحدودیەتەکان سەبارەت بە کۆرپرڵە لەبار بردن بوو، لە ئەمریکای لاتین زیاتر لە هەموو جێگایەک ناڕەزایەتییەکان لەدژی توندووتیژی عەلەیهی ژنان و زیاد بوونی بەرچای کوشتنی ئەوان بوو.

ژنان ئەمساڵ نە تەنیا بۆ داواکاری تایبەتی خۆیان بەڵکوو واوەتر لەوە لەدژی نادادپه‌روه‌ری لەسەرتاسەری دنیادا هاتنە سەر شەقامەکان. لە تورکییە بە هەزاران ژن نەتەنیا لە دیفاع لە مافەکانی خۆیان بەڵکوو لەدژی کوده‌تای ئەردۆغان لەدژی هەموو کۆمەڵگە، لەژێر ناوی ڕیفۆڕمی قانونی ئەساسی دەستیاندایە خۆپیشاندان. لە وڵاتانی دیكه‌ ژنان لەم دەرفەتە بۆ ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی فەلاکەتباری بەڕێچوون و دۆخی کاریان کەڵکیان وەرگرت. لەوانە لە ئیسپانیا مەڕاسمی هەشتی مارسی ئەمساڵ لە شکڵی مانگرتنێکی سەرتاسەریدا بەڕێوەچوو و بەشە گرنگەکانی چەرخی کۆمەڵگای ڕاگرت. نزیک به‌ ٣٠٠ ڕێكخراوی ژنان بانگەوازی مانگرتن لە کارخانەکان، دامەزراوە ئاموزشییەکان و خزمەتگوزاری دەوڵەتی تایبەتیان کردبوو. ئاستی مانگرتنەکە زیاتر لە ٢٠٠ شاری ئیسپانیای گرتەوە. لە مادرید هێزە ئینتیزامییەکان هێرشیان بردە سەر ڕیزی ئەو ژنانەی کە لە سەرەکەی ترین شەقامی شاردا دەستیان دابووە مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌. دوو یەکێتیی گەورە و سەرتاسەری ڕایانگەیاند کە ” نزیک بە پێنج ملیۆن کرێکار بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستیان لەکار کێشایەوە کە نمونەیەکی بێ وێنە لە تاریخی یەکیتییە کرێکارییەکانی ئیسپانیادا بوو.

لە عەفرین هەشتی مارس بە شکۆیەکی بێوێنەوە بەڕێوەچووە و خۆڕاگری بوێرانەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە بەرانبەر هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی تورکییە و دووهەمین هێزی نیزامی ناتۆدا مۆری لە مەراسمی هەشتی مارس دابوو. ئەوان لە ناوچەیەک لە جوغرافیای دنیادا لەدژی کۆمەڵگای پیاوسالاری و دیفاع لە مافەکانیان شەڕ دەکەن کە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بە ئاڵای ئیسلامی سیاسییەوە پاڕێزەری وەحشیانە ترین هێرش بۆسەر ژنان و پەیڕەو کردنی ئاپاڕتایدی رەگەزین. ئەم ژنە قارەمانانە لە ساڵی ٢٠١٣ دا بە دەربڕینی ئەوەی کە ” تەنیا ژنێک کە ڕێکخراو بێت توانایی دیفاع لەخۆی هەیە” دەریچەیەکی هیوایان بۆ ڕزگاری لە دڵی بەملیۆن کەس لە ژنانی ئەم ناوچەیەدا کردەوە. نەسرین عەبدوڵڵا یەکێک لە وتەبێژانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە باوەڕ بەخۆییەکی بێوێنەوە دەڵێ ” من دڵنیام ئەگەر ١٠٠ ژن لە شنگاڵ ڕێکخراو بووه‌ایە ئەو شارە نەدەکەوتە دەست دەوڵەتی ئیسلامیی.” ئەو بڕوا بەخۆیی و رۆحیەی خۆڕاگریە لە مەراسمی هەشتی مارس دا لە عەفرین ڕەنگی دایەوە. بەشداری ژنان لە ناوجەکانی دیکەی سوورییە لە وانە لە مه‌نبه‌ج، حەڵەب، ده‌مێشق و تەنانەت لوبنان له‌م ڕۆژه‌دا نیشانەی قوڵترین هاوپشتی و هاودڵییە کە عەفرین لەبەر خاتری خۆڕاگری قارەمانانەی دەستەبەری دەکات.

لە ئێران ژنان لە بارودۆخیکی تایبەتدا چوون به‌ره‌وپیری ڕۆژی هەشتی ماڕسەوە. هێشتا دوالەرزەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانبار لە قوڵایی کۆمەڵگادا لە ئارادا بوو كه‌ کۆمەڵیک لە ژنانی بوێر بە بەدارەوە کردنی سەرپۆشەکانیان لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ڕێکخستنی بزوتنەوەیەک دا بوون کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکانی ئیدئۆلۆژیکی ڕژیمی ئیسلامیی کردبووە ئامانجی خۆی. بانگەوازی بڵاوکراوە لە لایەن ئەو کەسانەی لە بەرەدەم بینای وەزارەتی کار بە بۆنەی ٨ ی مارس كۆببوونه‌وه‌ ڕاگەیاندنی بزوتنەوەیەک بوو کە هەم مۆری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی نان و ئازادی مانگی بەفرانباری پێوەبوو، هەم پێوەندی خۆی بە مێژوی جیهانی ٨ی مارسەوە ڕادەگەیاند و هەم خۆی لە درێژەی یەکەم خۆڕاگری ژنان لەدژی حیجابی ئیجباری ساڵی ١٣٥٧ دا ئەبینی. درووشمەکانی وەک :” ئازادی، یەکسانی، دادپه‌روه‌ری ڕه‌گه‌زی، نان کار ئازادی” دەرخەری بە ئاشکرای داواکاری و راگەیاندنی شەڕ بەدژی ڕژیمی ئیسلامیی بوو. سەرکوتی توندی ئەم کۆبوونەوەیە ئینسانی دا کە ڕژیم چ وەحشەتێکی لە پوتانسیەلی ناڕەزایەتیی مەوجود لەنێو ژناندا هەست پێدەکات. تاوانی هەوڵدان لەدژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و داوای وەسیقەی چەند ملیۆنی لە گیراوەکان لە ڕوانگەی ڕژیمەوە ئه‌وه‌یكه‌ دەبێ ئیرادەی ئەم ژن و پیاوە بوێرانە بۆ خۆڕاگری و ناڕەزایەتیی لەبەردا تێکبشکێنێ. بەڵام ئەگەر دەرکردنەکان، گرتن و زیندانی کردنەکانی درێژ ماوە نەیتوانی کەمترین کاریگەری بکاتە سەر ئیرادەی کرێکاران لە ڕاستای داواکاریەکانیاندا، کەوایە هەزینەی داسەپێندراو لە لایەن ڕژیمەوە بەسەر گیراوەکانی “٨ ی مارس”یشدا بێ سەمەرە. ئەوەی کە ژنان دەکێشێتە سەر شەقامەکان ناکۆکییە قوڵەکانی مەوجود لە کۆمەڵگەدا، ژێردەستەیی ئەوان و هەڵاواردنێکی ڕەگەزی ئاشکرایە کە لەدژیان پەیڕەو دەکرێت.

ناوەرۆکی بانگەوازی ٨ ی مارس نیشانیدا کە سێبەری کەمرەنگی درووشم و داواکارییەکانی ژنان لە بزوتنەوەی نارەزایەتی مانگی بەفرانباردا بە واتای نەبوونی ئەم داخوازیانە، داواکاری و ناکۆکی نییە. ئەوە ڕاستە کە لە پرۆسەی ئەم چوار دەیەدا لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئاپارتایدی ڕەگەزی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، ژنان بە وشیاری زیاترەوە دێنە پێشەوەی مه‌یدان، بەڵام ناکرێ کاریگەری وێرانگەری فەرهەنگ و سوننەتی پیاوسالارانە لە کۆمەڵگادا لەبەرچاو نەگیرێ. ئەم فەرهەنگە دەتوانێ تەنانەت لەو جێگایەش کە ژنان و پیاوانی وشیار و پێشڕەو لە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتیی گشتی لەدژی ڕژیم بەشدارن، دەرفەتی خۆدەر خستنی سەربەخۆ بە داواکاری ژنان نەدات و ئەوان لەپشت پەردەی داواکارییە گشتییەکانەوە ڕابگرێت. نابێ گومان بکرێت کە حوزوری ژنان تەنانەت ئەگەر لە ئاستێکی بەرین لە ناڕەزایەتییەکاندا بەڕێوەبچێت، خۆی لە خۆیەوە دەتوانی داخوازی ژنان بەشێوەیەکی ڕوون و بەرچاو لە نێو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا بانگەواز بکات. کێشە لەگەڵ ژێردەستەیی مێژوویی – جیهانی ژنان و سوننەتە گیان سەختەکانی پیاوسالاری پێویستی بە توێژی پێشڕەو و ڕادیکاڵ هەیە کە توانایی تەرحی داخوازی ژنان و کردنی ئەم داواکاریانە بە شعوری گشتی کۆمەڵگا و بە بەشێکی جیا نەکراوە لە بزوتنەوەی نان و ئازادی و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی هەبێت. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕاست لە ناخی ئەم نەبەردەدا ئاگاهانەدا لە ماڵەوە، لە خیابان و لە کارخانە دایە کە ژنان دەتوانن هەموو جۆرە زنجیرێکی کۆمەڵگای چینایەتی و پیاوسالاری بپچڕێنن.

لە ئێستادا ئەگەر لە ئاستێکی جیهانیدا دیفاع لە خۆراگری ژنانی قارەمان و بوێری عەفرین بۆتە پێویستییەکی مێژوویی کە پەیام هێنەری پەیکار بۆ ئازادی ژنانە لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا نەک تەنیا لەهەشتی مارسدا. لە ئێرانیش دەبێ وێڕای هاوپشتی قوڵ لەگەڵ ژنانی قارەمانی عەفرین، خەبات لە ڕاستای ئازادی کرانی گیراوەکانی ٨ی مارس بکرێتە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرین. ڕێكرخراوه‌ کرێکارییه‌كان و باقی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان نابێ خۆیان لە دیفاع لە بزوتنەوەی ژنان و لە کاتی ئێستادا ئازادی گیراوەکان بێ وەزیفە بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-