لەمرۆدا سوریە بەکردەوە بۆتە مەیدانی شەڕێکی نیابەتی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان. چوار ساڵ لەوەپێش، حکومەتە کۆنەپەرستە ناوچەییەکانی وەک عەرەبستانی سعودی و قەتەر و تورکیە و هەروەها ئامریکا لەوێوە کە بەتوندی نیگەرانی بەرەپێش چوونی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی سوریە کە بەدەر لە هەموو جۆرە جیاوازیەکی میللی و مەزهەبی، یەکگرتوانە لەدژی رژیمی هار و سەرکوتگەری بەشار ئەسەد خەباتیان دەکرد، بوون، بۆ کۆنترۆڵ کردن و گۆڕینی مەسیری خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵک دەست بەکار بوون. لەو کاتەوە سوریە بەکردەوە بۆتە مەیدانی تەڕاتێن و دخاڵەتی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان. ئەم حکومەتانە بە پەرەدان بە گرایشە کۆنەپەرستەکان، یان زەمینە سازی لە ڕاستای دخاڵەتی نیزامیدا، ئاسۆی بەردەم بزوتنەوەی مافخوازانەی جەماوەریان لێڵ و تاریک کرد.لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی روسیە بۆ پشتیوانی لە ڕژیمی بەشار ئەسەد چاوپۆشی لە هیچ هەوڵێک نەکرد. رژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتای خەباتی خەڵکی سوریەوە، دەستی دایە پشتیوانی کردن لە رژیمی سوریە و جیا لە یارمەتیە تەسلیحاتی و تەداروکاتیەکان، چەند یەکەیەکیش لە هێزەکانی سپای پاسدارانی بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی ڕەوانەی ئەم وڵاتە کرد. حیزب اللە ی لوبنان بۆ پشتیوانی لە حکومەتی سوریە هاتە نێو ئەم شەڕەوە تا هاوسەنگی هێز لە بەرەکاندا بە قازانجی رژیمی ئەسەد بگۆڕێ.
لەم کێشمەکێشانەدا کۆمەڵگای سوریە توشی چەند دەستەگی هات و بڵێسەدار بوونی ئاگری قین و نەفرەتی قەومی و مەزهەبی جێگای بە یەکەوە ژیانی ئاشتیانەی گرتەوە. فەزای کۆمەڵگە بەتوندی جەنگی و نائەمن بوو وە سوریە بەکردەوە بووە مەیدانی کێشمەکێشی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان. هەڵبەت لەم نێوانەدا کوردستانی سوریە کە توانی خۆی لە بڵێسەکانی ئاگری ئەم شەڕە دوو جەمسەریە کۆنەپەرستانەیە بەدوور بگرێت چارەنوسێکی دیکەی دەستەبەر کرد.
لە دوو مانگ لەوەپێشەوە کە دهخاڵەتی راستەوخۆی روسیە لە سوریەدا دەستی پێکردووە، عەمەلیاتی فرۆکە شەڕکرەکانی “سۆخۆ لە ئاسمانی سوریەدا و هاویشتنی موشەکی دوورهاوێژ لە دەریای خەزەرەوە”، تا ئاستێک هاوسەنگی هێزیان لە مەیدانی شەڕی سوریەیدا گۆڕیوە. زۆری ئەم بۆمبارانە، رێگای بۆ دەست پێکردنەوەی هێرشی ئەڕتەشی بەشار ئەسەد بە پشتیوانی حیزب اللە و هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی کردۆتەوە. روسیە دوای ئەوەی کە ناکارایی ئیئتیلافی دژی داعش بە ڕێبەریی ئامریکا بۆ هەموان دەرکەوت و لە حاڵێکدا کە قەیرانی پەنابەریهتی نە تەنیا سرنجی دەوڵەتانی ئوروپایی ڕاکێشا بەڵکو ڕای گشتیشی سەبارەت بە دواهاتەکانی ئەم قەیرانە هستیار کردەوە، لەم دەرفەتە بۆ دەستێواردان و قودرەت نمایی نیزامی کەڵکی وەرگرت.
دوای هێرشە تیرۆریستیەکانی پاریس لە رۆژی ١٣ی نوامبردا و هەوڵی دەوڵەتی فرانسە و هێندێک لە دەوڵەتانی ئوروپایی بۆ چوونە نێو عەمەلیاتی نیزامیەوە لەدژی داعش، دیسانیش موسیبەتەکانی ئەم شەڕە وێرانگەرە لە سوریە توندتر دەبێتەوە و لەگەڵ پەرەسەندنی عەمەلیاتی هەواییدا ژمارەی تەلەفات و ئاوارەکانی شەڕ زیاد دەکات. سەرەڕای ئیدیعای رەسمی دەوڵەتانی ئوروپایی و ئامریکا سەبارەت بە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی داعش، ستراتیژی ئەوان سەبارەت بە نابوود کردنی داعش گەلێک ناکارایە. ئەم هێزانە لە حاڵێکدا کە نابوود کردنی داعشیان لە ناوەندی پێگەکەیدا لە سوریە و عێڕاقیان خستۆتە دەستوری ئامانجەکانیانەوە بەڵام هاوکات حکومەتە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا کە دیفاع لە داعش دەکەن و بوونەتە هۆی مانەوە و ئیدامەکاری ئەم هێزە دەست کراوە هێشتۆتەوە.
لەم دوو، سێ ساڵەی دواییدا، کە داعش ناوچە خاوەن نەوتەکانی سوریەی کۆنترۆڵ کردوە، تورکیە بە کڕینی نەوت لێی بناغەی ماڵی داعشی بەهێز کردوە و دەوری ترانزیتی بۆ یارمەتی حکومەتەکانی عەرەبستان و قەتەری بۆ گوروپە توندڕەوە سەلەفیەکان لە سوریە و پەیوەست بوونی کەسانێک بەم گوروپانەوە گێڕاوە.
دەوڵەتی تورکیە یارمەتی تەسلیحاتی ئەدات بە داعش. هەرلەم یەک دوو رۆژەی دواییدا بوو کە دەوڵەتی تورکیە سەردەبیری رۆژنامەی جمهوریەت و نوێنەری ئەم رۆژنامەی لە ئانکارا بەهۆی ئەوەیکە ئەم کەسانە لە هاوینی ئەمساڵدا ئەو وێنە و ویدۆیانەیان بڵاو کردەوە کە نیشانی ئەدەن سازمانە ئەمنیەتیەکانی تورکیە بۆ گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان لە سوریە چەک رەوانە دەکەن، بە تاوانی جاسوسی کردن گرت. بەم جۆرە هاوکاری چڕی دەوڵەتی تورکیە لەگەڵ داعش لە کەس شاراوە نییە.
لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سەر بە “ی پ گ” کە دەورێکی کاریگەریان لە شەڕ لەگەڵ داعشدا هەبووە هەم لە کوردستانی سوریە و هەم لە کوردستانی عێڕاق خستوەتە ژێر گوشاری نیزامی و هەڕەشەی بەردەوام.
لە بارودۆخێکدا کە ئامریکا دەوڵەتانی ئوروپایی لە دەور و نەخشی دەوڵەتی تورکیە، عەرەبستان و قەتەر لە بەسەرپێوە هێشتنەوەی داعش بە باشی ئاگادارن بەڵام بەپێی ماهیەتێکی کۆنەپەرستانە کە هەیانە هیچ هەوڵێک بۆ خستنە ژێر گوشاری ئەم حکومەتانە لە راستای بڕینی یارمەتیەکانی لە داعش لە خۆیان نیشان نادەن. لەگەڵ هەموو ئەم ناکۆکیانەدا رەنگە هێزە رۆژئاواییەکان لە هاوجیهەتی کاتی لەگەڵ روسیە بتوانن لەو ناوچانەدا کە پێگەی سەرەکی ئەم گوروپەن لە خاکی سوریە و عێڕاقدان تێکی بشکێنن، بەڵام ئەوە بە واتای لەنێوچوونی داعش نییە. داعش وەک گروپێکی تیرۆریستی کە شانسی بۆ بوون بە ئاڵترناتیوێکی حکومەتی نییە دەتوانێ، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وەک گروپێکی گوشار درێژە بە ژیانی خۆی بدات و هەروا بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتانی رۆژئاوایی و گیان و ئەمنیەتی شارۆمەندانیان بخاتە مەترسیەوە.
هێزە رۆژائاواییەکان ئەگەر بیانەوێ لە راستای رزگار بوون لە شەڕی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکاندا هەنگاو هەڵگرن، دەبێ بەستێنی سەرەکی شکڵ گرتن و گەشەی ئەم گروپانە لەنێوبەرن و کۆتایی بە سیاسیەتە ئیمپڕیالیستی و دهخاڵەتگەرانەکانیان بێنن. تا کاتێک کە ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا داکۆکی لە تیرۆریزمی دەوڵەتی رەگەزپەرهستی ئیسرائیل بکەن کە نیەتی نابود کردنی خەڵکی فەلهستینە، تا کاتێک کە درێژە بە سیاسەتی شەڕ ئەنگێزانەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدەن، ئەمانە لەنێو خاکی خۆیاندا تیرۆریزم پەروەردە دەکەن. داعش نە تەنیا لەسەر بەستێنی خۆڕاگری کۆنەپەرستانە لە خاوەرمیانەدا لە بەرەنگار بوونەوەی داگیرکاری و دهخاڵەتگەریە ئیمپڕیالیستیەکان هێز وەردەگرێت، بەڵکوو لەهەمان ئەو هێزانەش کە لە وڵاتانی ئوروپایی بەرەو کەناری شارە گەورەکان راونراون و لە هەژاری و بێکاریدا دەژین و تێکەڵ بە کۆمەڵگا نابن تەغزیە دەکات. کەوایە ئەگەر ئەم دوڵەتانە قەرارە کۆتایی بە مەترسی تیرۆریزم بێنن پێویستە کۆتایی بەم بارودۆخە ئەسەفناکە بێنن، شتێک کە لە ماهیەتی ئەواندا نییە.
لە ناخی ئەم قەیران و شەڕ و کێشمەکێشە خوێناویانەدا ئەزمونی کوردستانی سوریە سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی کە لەنێوەوە و لە دەرەوە لەسەریەتی پێگە و گرنگیەکی تایبەتی هەیە. ئەزمونی کوردستانی سوریە کە لەودا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە ناخی قەیرانێکی سیاسیدا ئەو ئیمکانەیان بەدەست هێنا کە حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەر دامەزرێنن و بە ڕێکخستنی ئەرتەشێکی چەکداری جەماوەری دیفاعی لە دەستکەوتەکانی خۆی کردوە و هێرشی هێزە تا ئەوپەڕ کۆنەپەرست و سەرتاپا چەکدارەکانی وەک داعشی تێکشکاند نەتەنیا بۆ سوریە بەڵکو بۆ خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا و دنیای نوقمی قەیرانی ئەمرۆش گرنگیەکی تایبەتی ههیه. ئەم ئەزمونە دهریدهخات کە چلۆن دەکرێت لەگەڵ هێرشی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیە سیاسیەکان و یان دهخاڵەتگەری هێزە سەرمایەداریە کۆنەپەرستە ناوچەیی و جیهانیەکان بەربەرەکانێ بکرێت. خەڵکی سوریە لەو ناوچانەشدا کە لەژێر سوڵتەی ئەرتەشی بەشار ئەسەد و هاوپهیمانانیدان و یان لەژێر حاکمیەتی داعش، فەتح و بەرەی نوسرەدان دەتوانن ئەم ئەزمونەی کوردستان بکەنە سەرمەشقی خۆیان. تەجروبەی کوردستانی سوریە و خۆڕاگری شکۆداری کۆبانی بە هەموو ئەو هێزانەی کە لە داماوی ئامریکا و ناتۆ و هاوپەیمانەکانیان لە شەڕ لەگەڵ داعش، دڵیان بە دهخاڵەتگەری ئیمپڕیالیستی دەوڵەتی روسیە خۆش کردوە، رێگایەکی سێهەم نیشان ئەدات. دەبێ بە ئیفشا کردنی ماهیەتی راستەقینەی بلۆکە ئیمپڕیالیستیەکان و هێزە ناوچەیی و کۆنەپەرستە نێوخۆییەکانی دەرگیر لەم قەیرانەدا و راکێشانی پشتیوانی و پەرەدان بە هاوپشتی خەباتکارانە لەگەڵ خەڵکی سوریە کە چوار ساڵ لەوەپێش بە داواکاری نان و ئازادی هاتنە سەر شەقامەکان، رێگای سێهەم بەهێز بکەین.