کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە سەروبه‌ندی ١٦ ئازەر ڕۆژی دانشجوودا

لە بارودۆخێکدا لە ١٦ی ئازه‌ر ڕۆژی خوێندکار نزیک ده‌بینه‌وه‌ کە ده‌وری ٣ ساڵ و نیو به‌سه‌ر هاتنەسەرکاری دەوڵەتی “تەدبیر و ئومێد”ی حەسەن ڕوحانی تێپەڕ ده‌بێت. لەو ماوەیەدا هەموو واده‌ و به‌ڵێنه‌كانی ڕوحانی لە بواری باشتربوونی بارودۆخی ژیانی خەڵک، یەک لە دوای یەک پووچ و بێناوەرۆک دەرچوون. دەوڵەتی ئێعتێدال به‌و واده‌ و به‌ڵێنانەی كه‌ ده‌یدا، به‌حیساب ده‌بوایه‌ له‌دوای چارەسەری قەیرانی هەستەیی یان باشتربوونی موناسبات لەگەڵ ڕۆژئاوا، بارودۆخی بەڕێچوونی کرێکارانیش باشتر بکات. بەڵام لە ئێستادا ڕوون و ئاشکرایە کە دوای تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک لە تەوافوقاتی هەستەیی و لەگەڵ لاچوونی بەشێک لە تەحریمە ئابوورییەکانیش، ئاستی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگه به‌ره‌و باشی نه‌چووه‌. ئێستا لە ئێران مەودای نێوان داهاتەکان، هەقدەستی کرێکاران، حقوقی موعەلیمان و پەره‌ستاران و کارمەندانی ئاسایی، تەنانەت له‌چاو هێڵی هەژاریش، وەها دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌ کە لاچوونی ئێجگاریی تەحریمەکانیش، ئه‌م بارودۆخە کارەساتبارەی پێ ناگۆڕدرێ. لە حاڵێکدا کە لانیکەمی هەقدەستی دیاریکراو بۆ کرێکاران و حقوقی موعەلیمان، سێ هه‌تا چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدایه‌، ئیجرای بەرجامەکان کارێکی لە دەست نایەت.

دەوڵەتی ڕوحانی لە بواری باشترکردنی حقوقی سەرەتایی هاوڵاتییانیشدا نەك هه‌ر وەعدەکانی بەجێ نەگەیاندووە، بەڵکوو کارنامەیەکی جەنایەتکارانەشی هەبووە. ژمارەی ئێعدامەکان لە دەورەی حەسەن ڕوحانیدا زیاتر لە ٣٠ لەسەد زیادی کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تەنها لە ساڵی ٢٠١٥دا حکومەتی کۆماری ئیسلامیی له‌ قۆناغی ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ دەوڵەتی “تەدبیر و ئەمید”ه‌كه‌ی ڕوحانیدا، ٩٧٧ کەسی ئێعدام کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی تایبەتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تەنها له‌ مانگی ئاوریلی ٢٠١٦دا، ٥٥ کەس له‌سێداره‌ دراون و لە مانگی “مه‌ی” ئه‌مساڵیشدا ٧٩ کەس ئێعدام کراون کە پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕەوتی ئێعدامەکان لە ماوه‌ی ساڵی ٢٠١٦دا په‌ره‌ی پێدراوه‌. داعشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، هه‌ندێ لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانیان بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەنجام دەدەن و له‌ڕێگه‌ی ئامادەکردنی هەواڵ و وێنە و ویدیۆ لێیان، بەئاشکرا لە شگردی ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ تەبلیغ و تەرویجی توندوتیژی و بێڕەحمیی و برەودان بە نائەمنیی لە کۆمەڵگه‌دا و درووستکردنی ترس و وەحشەت لەنێو خەڵك کەڵک وەردەگرن.865-1

لە دەورەی ڕوحانیدا پەیگیریی و ئیجرای تەرحی کۆنەپەرستانەی “سەهمیەبەندیی جنسییەتیی” و لەئه‌نجامدا بێبەشکردنی کچان لە خوێندن لە ده‌یان ڕشتەی دانشگاهیی، کۆنتڕۆڵ و گوشاری چەند لایەنە لە حەوزەی ئازادییە فەردییەکان و پۆشینی کچانی خوێندکار، حیجابی ئیجباریی لە خابگاکان و سه‌پاندنی گەلێک مەحدودییەت به‌سه‌ر هاتوچۆی کچان، دەرکردنی مامۆستایانی بیرجیاواز، درێژەی هەبووە. لەم دەورەیەدا سەنەواتی تەحسیلیی، هەزینە قورسەکانی خابگا و خۆراک، شەهرییەی زۆر، سپاردنی فەزا و ئیمکاناتی زانکۆکان بە ناوەند و ڕێكخراوه‌كانی دەرەوەی دانشگا، ناچارکردنی خوێندکاران بە کاری ئیجباریی و سوئیستفادەی زانستییانه‌ لێیان، گوشاری ئەمنییەتی و حەراسەتیی، سه‌رجه‌مه‌ی ئه‌مانه‌ و گه‌لێك ئاسته‌نگیی دیكه‌، زیاتر لە پێشوو، خوێندکارانی خستووه‌تە ژێر گوشارەوە. لەسه‌ر ئاستی کۆمەڵگەشدا سەرەڕای واده‌ و به‌ڵێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ڕوحانی بۆ کورتکردنەوەی دەستی تاقم و ده‌سته‌كانی گوشار بۆ هێرشکردنەسه‌ر مافە سەرەتاییەکانی ژنان، مەیدانی مانۆڕی ئەم هێزانە، چەند هێنده‌ی جاران زیاتر كرا و بەکردەوە مەیدان دراوەتە تووندوتیژیی دەوڵەتیی لەدژی ژنان.

دەوڵەتی ڕوحانیی ‌ قەراروابوو دوای ئیجرا و به‌ ئیستلاح عه‌مه‌لیاتی بوونه‌وه‌ی “بەرجام” و لەڕێگه‌ی پەرەپێدانی خسوسی سازییەکان و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی و بەرهەمهێنان به‌مه‌به‌ستی هەناردەکردن و ڕقابەت لە بازاڕە نێونەتەوەییەکان، به‌ستێن و بواری ڕەونەق و گەشەسەندنی ئابووریی هه‌موار بكات و هه‌لی كار بڕه‌خسێنێت. بەڵام ده‌بینن ئێستا ئەم دەوڵەتە دوای تێپەڕبوونی ده‌وری ساڵیک، تازە زانیویەتی کە چ کۆسپ و بەربەست گەلێك هاتوونه‌ته‌سەر ڕێگه‌ی ئێجڕا و به‌حیساب عه‌مه‌لیاتیبوونه‌وه‌ی بەرجام. بێجگە لەمانه‌، به‌ وردبوونه‌وه‌ و سه‌رنجدان بەم واقعییەتەی کە ئێستا زیاتر لە ٥٠ لەسەد لە کارخانەکان و ناوەندە پیشەسازییەکانی ئێران بەهۆی کۆنبوون و لەکارکەوتووبوونی ئامێر و ماشێنەکانیان، داخراون یان بە کەمتر لە زەرفیەتیان خەریکی بەرهەمهێنانن، داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە له‌ئه‌گه‌ری لاچوونی کۆسپەکانی سه‌رڕێی ئیجرای بەرجامیش، له‌به‌ر ئاسته‌نگ و مه‌حدوودییه‌تی فەننی و تێکنۆلۆژیکیی و لاوازبوونی ژێرخانە ئابوورییەکانه‌وه‌ ناتوانن بە پشتبەستن بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کالا سەنعەتییەکان و ڕقابەت لە بازاڕی جیهانیدا، ئاسۆی گەشەی ئابووریی بەڕووی سەرمایەداریی ئێراندا بکەنەوە. بەمجۆرە بەرنامە ئابوورییە درێژماوەکانی دەوڵەتی ڕوحانی، یان ئه‌و مۆدێله‌ی کە بۆ گەشەی ئابووریی ئێران لەبەرچاویان گرتووە، ئه‌نجامه‌كه‌ی توندبوونەوەی چەوساندنەوە، لەخوارەوەڕاگرتنی ئاستی هەقدەستەکان و بێکاریی بەرینتر ده‌بێ. کۆماری ئیسلامیی و چینی سەرمایەداری ئێران دەیانهەوێ به‌سه‌ر شانی چینی کرێکاری ئێراندا به‌سه‌ر ئەم قۆناغە قەیراناویی و شپرزە ئابوورییەدا باز بدات و لێی تێپەڕ بێت.

لەسەر بەستێنی ئەم دۆخە قەیراناوییەدا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کە به‌باشیی زەرفییەتە بێلقۆوەكان و کاراییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی دانشجوویی وەک زەنگی وشیاریده‌ری هێزە گەورەترە کۆمەڵایەتییەکان دەناسێت، فەزای پادگانیی و پڕ لە خەفەقان و زه‌بر و زه‌نگی زاڵ بەسەر زانکۆکانی، تووندتر کردووه‌تەوە. لەسەر به‌ستێنی ترس و هەراس لە سەرهەڵدانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکارییە کە هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی فەزای زانکۆکان، دەبێتە جێی مشتومڕی باڵەکانی ناوخۆی ڕژیم. فەزای زاڵ بەسەر زانکۆکان و ڕیزبەندییە سیاسییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگه‌ی خوێندکاریدا به‌ده‌ر لە دۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگه‌ی ئێراندا نییە. خوێندکاران وەک بەشی هەستیاری کۆمەڵگە بە وشیارانه‌ترین شێوە ڕیزبەندییە سیاسییەکانی کۆمەڵگە دەردەخەن. لە حاڵێکدا کە ڕێكخراو و ناوەندەکانی نزیك له‌ بەناو ئیسلاحخوازانی حکومەتیی لەناو زانکۆکان، بەکردەوە بوونەتە شوێنکەوتووی ڕوحانی و شەرمەزار و قەرزداری سازشەکانیانن لەگەڵ دەزگای حاکمدا، سوننەتی چەپ و کۆمۆنیستیی بەسەربه‌رزییه‌وه‌ دەتوانێ ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی خوێندکاریی بێت لە خەباتیاندا لەدژی ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامیدا. بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریی وەک هەستیارترین بەشی ڕووناکبیرانی کۆمەڵگه‌، بەدرێژایی مێژوو هەوڵیداوە کە به‌ وشیارانه‌ترین و لێبڕاوانەترین شێوە، نوێنه‌رایه‌تیی بەرژەوەندییەکانی توێژی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگه‌ بكات. ئەگەر ڕیزبەندیی دانشجووان هاوته‌ریب نه‌بوایه‌ لەگەڵ ڕیزبەندیە سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگە، بزووتنەوەی خوێندکاریی، لەباری مێژووییەوە ئەوە وه‌زعه‌ی نه‌ده‌بوو كه‌ ئێستا هەیە و نەیدەتوانی لە ناخی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکاندا ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێ. ئەمە بە ڕێکەوت نییە کە لە هەر جێگه‌یەک جەماوەری خەڵکی بێبەش و ئازاردیتوو بۆ دەستەبەربوونی ئازادیی و مافە پێشێلکراوەکانی و لەدژی سیاسەتە ڕیازەتییه‌ ئابوورییه‌كانی دەوڵەتانی سەرمایەداری دێنە مەیدان، بەشی سۆسیالیست و چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریی و لاوان، ده‌كه‌ونه‌ ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەوه‌.

لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا کە ناڕەزایەتیی و خەباتی کرێکاران لە دەوری داواکارییەکانیان، به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردن ده‌چێت و بەستێنێکی گونجاوی بۆ دخاڵەتگەری هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاریی فەراهەم کردووە، پەرەسەندنی چالاکیی كۆڕ و كۆمه‌ڵی پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاریش بووه‌تە پێویستییەکی سیاسیی. حەڕەکەتی چەپی ڕادیکاڵ لە ناخی بزووتنەوەی خوێندکاریدا، ڕیشەی لە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوزوری مەعنەویی، سیاسیی و تەشکیلاتیی کۆمۆنیستەکاندایە. ئەم حەڕەکەتە له‌م بارودۆخه‌دا دەتوانێ بە باوەڕبەخۆیی و بە پێشینەیه‌كی پڕ لە سەداقەت و گوڕ و تینێكی شۆڕشگێڕانه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تی، داخوازییەکانی لەگەڵ نیازە واقعییەکانی کۆمەڵگە، موتالباتی کرێکاران، ژنان و زۆرینەی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراودا هاوئاهەنگ بکات.