کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە سەروبه‌ندی دیاریکرانی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٣٩٨ دا، چۆن ئاستی فریوکاریەکان پەرەدەستێنێ

54

لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٧ نزیک دەبینەوە و هێشتا تەکلیفی کۆتایی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٨ دیاری نەکراوە. بە چه‌شنی ئاسایی هەموو ساڵێک بە شێوەی ڕواڵەتی لانیکەمی حەقدەست لە لایەن ناوەندێکەوە بە ناوی شوڕای باڵای کار دیاری دەکرێت. ئەم ناوەندە لە لایەن سێ لایەنەوە واته‌ نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و به‌ناو نوێنه‌رانی کرێکارانەوە پێکهاتوە. دەڵێن چەنە لێدانی سەرەکی بۆ دیاری کرانی حەقدەستەکان لە نێوان به‌ناو نوێنەرانی کرێکاران و خاوەنکاراندا بەڕێوەدەچێت و نوێنەرانی دەوڵەتیش دەوری نێوبیژیوانیان لە ئەستۆیە. واپیشان ئەدەرێت کە گۆیا ئەم وەدوا کەوتنە لە ڕاگەیاندنی ئاکامی وتوێژەکان بە هۆی جیاوازی بۆچون و چەنە لێدانەکانەوەیە. ئەم شانۆیە هەموو ساڵێک لەم مانگەدا بە سیناریۆیەکی هاوشێوەوە تێکرار دەبێتەوە. بەڵام کاربەدەستانی ڕژیم ئەمساڵ بە هۆی نیگەرانی لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری ئاستی فریوکاری خۆیان لەم بوارەدا بەرین تر کردۆتەوە و هەیئەتێکی سێ لایەنەی دیاری کردنی حەقدەستیان کردۆتە ٤ لایەنە. لایەنی چوارەم به‌ به‌شداریی چەند نوێنەری مەجلیس لە جەلەسەکانی ئەم شوڕایە دایە. ئەوان بە تەبلیغاتێک کە لەم بارەیەوە وەڕێیان خستوە، واپیشان ئەدەن کە گۆیا بوونی نوێنەرانی مەجلیس لەم هەیئەتەدا، قورسایی لایەنی بەناو کرێکاری لە چەنە لێدانەکاندا سەبارەت بە دیاری کرانی حەقدەست زیاتر دەکات. بەم جۆرە قەرارە جەلەسەکانی کۆتایی ئەم شوڕایە تا حەفتەی داهاتوو بە ئامادە بوونی چەند نوێنەرێک لە مەجلیس، خاوەنکاران، دەوڵەت و کەرتی تایبەت و نوێنەرانێک کە خۆیان وەک نوێنەری کرێکاران دایانناون، بۆ دیاری کردنی ئاستی زیادکردنی حەقدەستی کرێكاران لە ساڵی ٩٨ دا بەڕێوەبچێت.

“گرووپی کرێکاری” کە لە لایەن ڕێكخراوه‌ دەوڵەتییەکانی شوڕا ئیسلامی و خانەی کارگەرەوە لەم كۆبوونه‌وه‌دا ئامادەن، هەموو ساڵێک لەم رۆژانەدا بە به‌ڕێوه‌بردنی زنجیرەیەک تەبلیغاتی ڕەسانەیی بەرە بەرە زەمینە بۆ سازش لەسەر دیاری کردنی ڕەسمی لانیکەمی حەقدەست ئامادە دەکەن. یاری گاڵتەجاڕی کرێکار پەناهی سەبارەت بە بابەتێک کە پێشتر لە جێگای تر یەکلا کراوەتەوە، لە ڕاگەیەنەرەکاندا دەست پێدەکات و تا كۆتایی ساتەکانی ساڵی ١٣٩٨ درێژەی دەبێت. نوێنەرێکی مەجلیس دوێنێ بە هەواڵنێریی ئیلنای وتوە:” حەقدەستەکانی ئێستا بەشی ١٠ رۆژ ژیانی کرێکاران ناکات. یەکێک لە نوێنەرەکانی بەناو کرێکاری ئەم شوڕایە، بە دووپاتكردنه‌وه‌ی ئەم قسەیە پشنیار دەکات کە بۆ قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتنی حەقدەستی کرێکاران، ساڵی داهاتو یەک ملیۆن و ٨٩٠ هەزار تمەن بە حەقدەستەکانەوە زیاد بکرێت. بەڵام هاوکات بۆ ئەوەی کە ڕێگا بۆ پاشەکشەی دواتر بکەنەوە، جەخت دەکاتەوە کە ” بەم واتایە نییە کە ئێمە دەمانەوێ ئەم ڕەقەمە بخەینە سەر حەقدەستەکان، بەڵکو چاوەڕێی ئەوەین ئەم ڕەقەمە لە سەر کۆی پارەیەکی کرێکاران وەریدەگرن حیساب بکرێت.” نوێنەرێکی دیکە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەم هەواڵنیریە هەر لەم رۆژانەدا دەڵێ: بابەتەکە تەنیا دیاری کردنی حەقدەست نییە، بەڵکو بابەتی سەرەکی حەقدەستی نەدراوە. ئەو دەڵێ:” لەسەر بنەمای ئامارە بەڵگە مەندەکان، لە ئێستادا ٩٣ هەزار کرێکار لە ٩٠٠ یەکەی بەرهەمهێنانی مامناوەند و گەورەدا، حەقدەستی ٢ مانگ تا جاری وا هەیە تا یەک ساڵیان وەرنەگرتووە. ئەو لە عەینی حاڵدا دەڵێ: ئاماری ئامادە کراو لە بارودۆخی کرێکارانی یەکە چکۆلەکان و ناوه‌ندی ئەسناف لەبەر دەست دا نییە و ئەم ڕەقەمە شاملی بە ملیۆن کرێکاریش کە لە کارگا چکۆلەكان ١٠ کەسیەکان بۆ خوارەوە کار دەکەن نابێت.”

بەڵام ڕاستیەکان سەرسەخت تر لەوەن کە بتوانن لەپشت ئەم جۆرە فریوکاری و دووڕوییانەوە بشاردرێنه‌وه‌. ئەگەر تەنانەت حەقدەستەکانی پارەکەش وەک بنەما بگرین بە داڕمانی نرخی پوڵی ئێران، نرخی حەقدەستەکان بۆ یەک لەسەر چواری ساڵی ١٣٨٩ و یەک لەسەر ٣ ی ساڵی ١٣٩٦ دابەزیوە. توێژەرێکی ئابووری کە لە مەتبوعاتی ئابووری نێوخۆی وڵاتدا دەنووسێ بە دانی کۆمەڵێک ئاماری بەڵگەمەند نیشانیدا کە:” بە دابەزینی نرخی پۆڵی میللی، لانیکەمی حەقدەست و مەزایای قانونی هێزی کار لە ٤٠٠ دۆلار لە مانگدای لە ساڵی ١٣٨٩، بۆ کەمتر لە ١٠٠ دۆلار لە حەفتەکانی کۆتایی ساڵی ١٣٩٧ نزم بۆتەوە.”

بە حەرەکەت کردن لەم ڕاستیەوەیە کە ڕێكخراوه‌ سەربەخۆ کرێکاریەکان، لەوانە سه‌ندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتوبووسڕانی تاران و دەوروبەر، سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێكخراوه‌ کرێکاریەکان، و ڕێكخراوی یەکێتی خانەنشینان، بۆ ساڵی ١٣٩٨ خوازیاری لانیکەمی حەقدەست بە ڕێژەی ٧ ملیۆن تەمەن بوون. ڕوون و ئاشکرایە کە شوڕای باڵای دیاری کردنی حەقدەستەکان بە دەوروبەری ئەم جۆرە ڕەقەمانەدا ناچێت و بە بڕیارێک کە دەیدات، ژیان لە ساڵی داهاتودا بۆ کرێکاران دژواتر تر دەکات.

تەنیا ڕێگای بەرگرتن لە درێژەی ئەم ژیانە دژوار و موسیبەت بارە، خەباتێکی ڕێکخراو و لە دەرەوەی بازنەی ئەم چەنەلێدانە فریوکارانەیە. زیاد کرانی حەقدەستی کرێکاران گونجاو لەگەڵ نرخی سبەدی هەزینەی ژیان تەنیا بە یەکیتیی و هێزی چینایەتی لە بزوتنەوەیەکی بەیەکەوە پەیوەست و سەرتاسەریدا دەتوانێ دابین بێت. دەوری هەڵسوڕاوان و رێكخراوه‌ سەربەخۆ کرێکاریەکان و بەرز کردنەوەی ئاستی خەباتیان و هێنانە مەیدانی ژامارەیەکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران تەنیا ڕێگای چارەسەری ئەم گرفتەیە.