کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە سەرتاسەری جیهاندا ڕۆژی جیهانبی کرێکار بە ڕێزەوە بەڕێکرا

ڕۆژی دووشممە ١١ ی مانگی گوڵان بەرابەر لەگەڵ ئەوەڵی مانگی مەی، وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ئه‌مریکاوە گرتوویەتی هه‌تا ئەفغانستان، گۆڕەپانی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی شکۆدار و بەرینی کرێکاری ناوه‌ڕۆكی خۆپیشاندانه‌كان لە ناڕەزایەتی بەدژی بارودۆخی مەوجود بوون. هەواڵی پێوەندیدار بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕه‌سم و ئاکسیۆنە شکۆدارەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا نیشانی ئەدات کە چینی کرێکار و بەشەریەتی ئازادیخواز كۆڵ به‌ چارەنووسێک ناده‌ن کە چینی سەرمایەدار و دەوڵەتانی پشتیوانیان بۆ چینی کرێکاریان دیاری کردووە. مەڕاسم و ڕێپێوانەکانی ئەم رۆژە هێمای ئەم خەبات و خۆڕاگریە چینایەتیە بوو.

لە ئێران، کۆماری ئیسلامیی دوای ساڵانێک لە خۆبواردن لەبەرانبەر بە ڕەسمییەت ناسینی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، کاتێک سەرئەنجام ناچار بە قەبوڵ کردنی ئه‌و ڕۆژه‌ بوو، تەنها ڕێگه‌ی به‌ ڕێكخراوه‌كانی سەر بە دەوڵەتدا ڕێوڕه‌سمی ئه‌و ڕۆژه‌ و ئه‌وه‌یش لە ئاستێکی بەرتەسکدا بەڕێوەبەرن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو، لە چەند شوێنێك ڕێوڕه‌سم و ناڕەزایەتی سەربەخۆ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، بەڕێوەچوون. لە تاران بەشێک لە کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانی تاران و دەوروبەر جێژنی ڕۆژی جیهانی کرێکاریان لە ترمیناڵی ئازادی بەڕێوەبرد. هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری کۆبوونەوەی خۆیان لە به‌رامبه‌ر مەجلیسی ڕژیم بەڕێوەبرد. هێزە ئینتیزامییەکانی ڕژیم بە ئامانجی بەرگرتن لە بەڕێوەچونی ئەم کۆبوونەوەیە لە به‌رامبه‌ر بینای مەجلیس جێگیر بوون و لەگەڵ خۆپیشاندەران تێکهەڵچوون. کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری وێڕای ڕێپێوان بەرەو بەشی چوونە ژورەوەی میترۆی بەهارستان و وتنه‌وه‌ی درووشم و به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی پلاکارد لە پێوەند لەگەڵ زیادکرانی هەقدەست، هەڵوەشانەوەی قەراردادە کاتییەکان، ئازادی کرێکاران و هەڵسوڕاوانی به‌ندكراو، ئازادی پێکهێنانی ڕێكراوه‌ی سەربەخۆی کرێکاریی، ڕۆژی جیهانی کرێکاریان بەڕێوەبرد. به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی كه‌ هه‌تا ئێستا گه‌یشتوون لە شاری سنە، مەریوان، بانە و سەقز، چالاکییه‌كی زۆر بەرین لە پێوەند لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەڕێوەبراون. لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارەوە ڕێپیوان ئەنجامدرا.108

یەکی ئەیار لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لە لایەن سەندیکا کرێکارییەکان و ئەحزابی چەپەوە ڕێزی لێگیرا. بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارەوە، دەیان هەزار کەس لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتەکانی دوناڵد ترامپ و بارودۆخی خراپی کرێکاران لە ئامریکا لە شارەکانی شێکاگۆ و لوس ئانجلێس دەستیاندایە خۆپیشاندان. لە هەمانحاڵدا مۆعەلیمانی شیکاگۆش هاودەنگ لەگەڵ کرێکاران لە ناڕەزایەتی بە دابەزینی حقوق لە مەدرەسە گشتییەکاندا هاتنه‌ شه‌ر شه‌قام. لە لوس ئانجلێسیش خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە کۆچبەران، مافی کرێکاران، ژنان و یەکێتییە کرێکارییەکان بەڕێوەچوو. ئەمە یەکم ڕۆژی جیهانی کرێکاری دوای هاتنه‌ سه‌ر كاری دەوڵەتی دوناڵد ترامپە کە لەگەڵ ناڕەزایەتی بەرین دژبە سیاسەتەکانی ئەو بەڕێوەدەچێت. لە فەڕانسە ڕێپێوانێکی گەورە لە ناڕەزایەتی بە گۆڕینی یاسای کار و پشتیوانی لە دەستکەوتەکانی خەباتی کرێکاران، لە لایەن کرێکاران و یەکێتییە کرێکارییەکانەوە لە پاریس و باقی شارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. لە یوونان ڕۆژی جیهانیی کرێکار بە خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتیی ٢٤ کاتژمێری لەدژی سیاسەتی ڕه‌یازه‌تی ئابووریی بەڕێوەچوو. دەیان هەزار کەس لە شاری ئاتێن و شارە جۆراوجۆرەکانی یوونان بۆ پشتیوانی له‌م مانگرتنه‌ و به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار خۆپیشاندانی بەرینیان بەڕێوەبرد. لە ئەفغانستان سەدان کەس لە کرێکاران و لاوانی بێکار لە ڕێپێوانێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە کابۆل لەدژی ده‌سه‌ڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری دابین بوونی هەڵی کار بوون. خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی تورکییەش، خۆپیشاندانی بەرینیان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە به‌ڕێوه‌برد. ئەم خۆپیشاندانانە بە تایبەت لە شاری ئیستانبۆل بە كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی پۆلیس و توندووتیژی لێکەوتەوە. ناڕزیان کە دەیانویست لە مەیدانی “تەقسیم”ی ئیستانبۆل کۆببنەوە، بەرەوڕووی هێرشی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە. هێزەکانی پۆلیس بۆ بڵاوە پێکردنیان لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرت کە لە ئاکامیدا، ژمارەیەک لە خۆپیشانده‌ران بریندار بوون و نزیكه‌ی ٢٠٠ كه‌یش ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لە وڵاتانی چین و کوباش ڕێوڕەسمی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی بە بەشداری سەدان هەزار کەس لە کرێکاران بەڕێوەچوو.

لە شاری کاڕاکاسی پێتەختی وێنێزوئێلا و زۆرێک لە شارەکانی ئه‌م وڵاته‌ نەیارانی دەوڵەت لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان لەدژی بارودۆخی خراپی ئابووریی دەربڕی.

ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی لە سائۆپائۆلۆ لە بڕێزیل، بە بەشداری دەیان هەزار کەس، بوو بە شانۆیەکیی شکۆدار لە هێزی چینی کرێکار لەم وڵاتە. هاوكات چه‌ندین ڕێوه‌ڕه‌سمی هاوشێوەش لە شوێنەکانی دیکەی بڕێزیل بەڕێوەچوون. ئەوە لە حاڵیکدایە کە ٣ ڕۆژ پێشتر و لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە ڕۆژی جیهانی کرێکار زیاتر لە ٤٠ میلیۆن كرێكار لە سەرتاسەری بڕێزیل دەستیاندابووە مانگرتنێکی گشتیی.

لە کەڕاچی پاکستان خۆپیشاندانی گەورە بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە کرێکاران بە بۆنەی ئەم ڕۆژە جیهانییەوە بەڕێوەچوو. لە “کۆلۆمبۆ”ی پێتەختی سریلانکا، کۆبونەوەی دەیان هەزار کەسی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارەوە پێکهێندرا کە بوو بە جێژنێکی گەورەی بێ وێنە.

ڕۆژی جیهانیی كرێكار له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی قاڕه‌ی ئافریقا به‌ڕێوه‌چوو. وڵاتی ساحلی عاج شایه‌تی ڕێپێوانێکی شکۆداری ناڕەزایەتی بوو کە ژنانی کرێکار تێیدا دەور و نەخشێکی بەرچاویان هەبوو.

لە هەمانحاڵدا خۆپیشاندان و کۆبونەوەی هاوشێوە بە ئامادە بوونی دەیان هەزار کەس بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئینگلیس، سوئێد، دانمارک، فەنلاند، ئاڵمان، نۆڕوێژ، ئوستڕالیا، رووسییە، فیلیپین، ئەندونێزی، ژاپۆن، تایوان، ئیسپانیا، لۆبنان و باقی شوێنە جۆراو جۆرەکانی جیهان بەڕێوەچوون. لە شاری “گیخون”ی ئیسپانیا خۆپیشاندانی کرێکاران بەهۆی دخاڵەتی پۆلیسەوە توندوتیژی لێکەوتەوە. لە وڵاتی ئۆکڕاین ماڕشی شکۆداری کڕیکاران لە دژایەتی کردنی دەوڵەتی ڕاستگەرای ده‌سه‌ڵاتدار لەم وڵاتەدا، بوو بە خۆ دەرخستن و هێز نواندنێکی چینی کرێکار.

ئاستی جیهانیی بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و ئەو درووشمانەی کە لە کۆبوونەوە شکۆدارەکاندا به‌رزده‌كرانه‌وه‌، هیوار بەخشی جیهانێکی دیكه‌یه‌ کە بە هیممەتی خەبات، وشیاری و ڕێكخراوبوونی کرێکاران سەرئەنجام به‌دی دێت.