هۆ زاڵم،هۆ تاوانبار
رۆزام کچی رێبوارم
بابەم ئیستا بەری روونی داری دەورانێکی رەش و تارە،
باڵندەی ئازادی پێدەشتی پڕ درک و داڵە
لە مناڵی خۆم دەپرسم
چما جیاوازی حەق و ناحەق نازانن
ئەوانەی کە بابەم لە غەدری کوێریانا
چارەنووسی نادیارە؟
لە مناڵی خۆم دەپرسم
کێ دیلە؟ کێ دیلدارە؟
ئەوانەی وا لە خوارافاتی پرتوکاوای خۆیانا گیرۆدەو دۆش داماون؟
یان بابەم و هاوڕێکانی،کە کلیلی کرانەوەن
بۆ ئەم تاڵانجاڕە؟
مامۆستاکەم،کە ئەویش زیندان دیلە بە دەستیەوە
مێژووی ستەمکاری دنیای هێنایە پێش چاوم
زاڵمان،لە زبڵدانی مێژوودا دەیانوزاد
من فڵانە سوڵتان،فڵانە پاشای دۆڕاوم
مناڵیم،مناڵیم سەری سووڕ دەمێنێ
ئێوە کە بە حسێب گەورەن
چما دەرس وەرناگرن لەو هەموو دۆڕانەی دوێنێ؟
چما بابەی من بە تاوانبار دەزانن؟
تۆزێک مێژوو بدوێنن؟
مێژوو خۆی ،خۆی دەدوێنێ
گوێ ڕاگرن،خۆ کاس مەکەن
تاوانبار و هۆکاری هەرچی ئاخێز و شۆڕشە
نایەکسانی و زوڵم و زۆری دەسەڵاتداری بکوژە
ئەگەر لە تاوان دەگەڕێن
تاوان ئێوەن،ئێوەی گۆپاڵی سەرمایە
تاوان ئێوەن،خودی خۆتان
تاوان ئێوەن و چەشنی چوارپێ لە ژێر باردان
ئێوە ناتوانن کەس دیل کەن
لەحاڵێکدا خۆتان لە ژێر ئەمری ئاغا و ئەربابدان
نا،نا،ئێوەی دیل، کەستان پێ دیل نابێ
ئێوە خۆتان لە ژێر نەقیزەو هەوساردان.
سەلام قادری
پێشکەش بە رۆزای عبدوڵاهی و هەموو دایک و باوکانی زیندانی.