گوشار بۆسەر موعەلیمانی ماف خواز هەروا درێژەی هەیە. محەممەد حەبیبی، مەحمود بەهیشتی لەنگەرودی و موختار ئەسەدی، ئیسماعیل عەبدی، ئەو مەعەلیمانەی کە تاوانێکیان بێجگە لە دیفاع لە مافی پێشێل کراوی موعەلیمانی ئێران نییە، هەروا لە زیندان و لەژێر سەخت ترین بارودۆخدا بەسەر دەبەن. کانونی سینفی موعەلیمان بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک لەم بارەیەوە نووسیویەتی: “نزیک بە مانگێک بەسەر دەست بەسەر کردنی محەممەد حەبیبی ئەندامی هەیئەت مودیرەی کانونی سینفی موعەلیمانی تاراندا تێدەپەڕێت. مەحەممەد حەبیبی لە کاتی ئامادە بوونی لە کۆبوونەوەی هێمنی ٢٠ی مانگی گوڵان دوای لێدان و بێ حورمهتی پێكردن دەستبەسەر کرا. ئەو به هۆی ئەو زەربانەی وەک مشت و پێلەقە لە کاتی گیرانیدا وێی کەتبوو وە بە زەویدا ڕاکێشرابوو، پێویستی بە عیلاجی خێرا لە دەرەوەی زیندان هەیە و ئیستا بەهۆی زهربهیهك كه وێی كهوتووه، توشی گرفتی هەناسەدان و ئازار لە پەراسوەکانیدایە و هیچ چەشنە چارهسهرێكی بۆ نهكراوه. لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی کانونی سینفی موعەلیماندا هاتووە: “بۆچی پەروەندە سازیەکان و هەڕەشە کردن لە موعەلیمانی چالاکی سینفی درێژەی هەیە؟ مەگەر موعەلیمانی ئێران چیان دەوێ وا بەم شێوەیە زوڵمیان لێ دەکرێت و سەرکوت دەکرێن؟”
لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا درێژەی دەستبەسەر کردنی موعەلیمان مەحکووم و ئازاد بوونی دەستبەجێیان داوا کراوە.
ئەوەی کە موعەلیمانی ئێران دەیانەوێ لە ڕاستیدا داخوازی کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرجەم ستەمدیتوان و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایەیە: مامۆستایانی ئێران خوازیاری حقوقی بانتر لە هێڵی هەژاری، بەهرەمەند بوون لە بیمە کۆمەڵایەتیەکان، دابین بوونی بەڕێچوون و کەرامەتی خانەنشینان، گونجاو لەگەڵ کەرامەتی ئینسانیان، بەهرەمەند بوونی منداڵان لە ئاموزشی به کەیفیەت و بەخۆڕایی بە تایبەت، ستاندارد كردن و ئهمین كردنی مەدرەسەکان، بەهرەمەند بوونی قوتابیان لە ئیمکاناتی تەفریحی و فەرهەنگی، كۆتایی هێنان به سیاسەتی بە پۆڵی کردنی ئاموزش، کۆتایی هێنان بە پەروەندە سازی و ئەمنیەتی کردنی چالاکی مۆعهلیمانن.
ئهمڕۆكه زۆربەی هەرە زۆری موعەلیمانی قوتابخانەکانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. گەلێک لەوان بۆ دابین کردنی بەڕێچوونی بنەماڵەکانیان ناچارن دوای کۆتایی هاتنی کار لە مەدرەسە، پیشەیەکی تر بدۆزنەوە. بەم جۆرە چەندین کاتژمێر کاری تاقەت پڕوکێن نە تەنیا دەرفەتێک بۆ چێژ وەرگرتن لە کانونی بنەماڵەیان بۆ ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەسەر دەرس وتنەوە و ئاموزش لە سەر کلاسیش کاریگەری دەبێت و بە ناچار کەیفیەتی دێنێتە خوارێ.
هەزاران موعەلیمی حهقۆلتهدریسی، بە قەراری کاتیی بەکەمترین حەقدەست، ساڵانێکە لە دورەدەست ترین شوێنی ئێراندا خەریکی کارن. ئەوان تەنانەت لە دەفتەرچەی بیمەی دەرمانیش بێبەشن. بەشێکی بەرین لەم موعەلیمانە کە بەهۆی کار لە ناوچە دوورە دەستەکان، توانایی دۆزینەوەی کاری دووهەمیان نییە، چەندین مانگی هاوین خەریکی کرێکاری و ئەنجام دانی دژوار ترین کارەکانن. پشوی هاوینە بۆ ئەوان، نە تەنیا بە واتای ئاسودەیی و دەرچوونی ماندویەتی ٩ مانگ کاری دەرس وتنەوە نییە، بەڵکوو بە جەستەی ماندوو و کوتراوەوە لە کاری تاقەت پڕوکێن، ساڵی خوێندنی تازە دەست پێدەکەنەوە.
لەپاڵ گشت ئەمانەدا ژەهری کۆنەپەرستی مەزهەبی ئاژین کراوەتە سیستمی ئاموزشی ئێرانەوە. ئەم سیستەمە لە پێشکەوتنە زانستیەکان و شێوازی ئیسڵاح کراوی ئاموزشی کە لە ئاستی دنیادا روویداوە بێبەشە. ئامرازی کۆمەک ئاموزشی لە مەدرەسەکان و لە دەبیرستانەکان کە هەم دهتوانن لە سهر فێر بوونی دانش ئاموزاندا کاریگەر بن و هەم کەمێک لە ڕەنج و ماندو بوونی موعەلیمان کەم بكهنهوه، لە ئاستێکی نزم دان. کلاسەکانی دەرس لانیکەم دوو بەرابەری زەرفیەتیان خوێندكاریان تێدا جێ کراوەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە مهدرهسهكان لە دێهات و ناوچە هەژار نشینەکان خاوەنی کلاسی شێدار، ژووری قەڵەشاو، سارد و بێ سوتەمەنی و روناکی کافین. گشت ئەم کەموکوڕیانە دڵ نیگەرانی بەردەوامی موعەلیمانی دڵسۆزن کە نایانەوێ، داهاتوی منداڵانی خوێندكار لەنێو بچێت و ساڵەکانی تازەلاویان بەم شێوەیە لەکیس بچێت.
شوێنەکانی ئاموزشی پۆلیسین. ڕژیم بە بەسیج گیری و بەکرێگیراو پەروەری، ئەم شوێنانەی بە توندی نا ئەمن کردوە. ئەو مۆعهلیمه دڵسۆزانەی کە پێیان لە سنوری ئاموزشی کۆنەپەرستانهی ڕژیم واوەتر بەرن، جار ناجارێک بانگ دەکرێن بۆ ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم و هەڕەشەیان لێدەکرێت. ناڕەزایەتیی بە کۆمەڵ و کۆبوونەوەی ئەو موعەلیمانهی کە خواستەکانیان دێننە گۆڕێ، دهكهوێته بەر هێرشی پۆلیس. لەگەڵ گشت ئەو دژواریانەی کە موعەلیمان تەحەمولی دەکەن، ئەوەی کە جێگای دڵ خۆشییە، ئەو ڕاستیەیە کە موعەلیمانی ئێران لە بەرانبەر وەها بارودۆخێکدا تەسلیم نەبوون. ناڕەزایەتیی موعەلیمان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێک بووە لە حەرەکەتی زیندوی ئەم کۆمەڵگایە. گرنگی خەباتی موعەلیمانی ئێران بە تایبەت لە هاوئاهەنگ بوون و سەرتاسەری بوونی دایە. دەوری موعەلیمان لە پەرەدان بە بوارەکانی ناڕەزایەتیی لە باقی سەنگەرەکانی خەبات و خۆڕاگری لە ئێراندا حاشا هەڵنەگرە. موعەلیمانی تێکۆشەر و ماف خواز لە زومرەی پێشڕەوانی بزوتنەوەی متالباتی لە ئێراندا بوون، گوشاری ئیختیناق و سەرکوت نەیتوانیوە ئەوان لە بهدوادا چوونی داخوازیەکانیان سارد بکاتەوە. بزوتنەوەی موعەلیمان ئەگەرچی تا ئێستا تەنیا بەشێکی بەرتەسک لە داخوازیەکانی خۆی لە گەروی ڕژیم درکێشاوە، بەڵام دەستکەوتەکانی لە بواری پیشاندانی توانایی کاری ڕێکخراوانە و هاوئاهەنگدا، بۆ هەموو بەشەکانی ناڕازیی تر لەم کۆمەڵگایەدا پڕ لەدەرس و ئەزمونە.