کانونی سینفی موعەلیمانی هەمەدان کە سەرۆکایەتی شوڕای ناوەندی رێكخراوه سینفیەکانی فەرهەنگیانی سەرتاسەری وڵاتی لە ئەستۆیە؛ رۆژی پێنجشەممە ٩ی مانگی رەزبەر راگەیاندنێکی سەبارەت بە بڕیاری شوڕای ههماههنگی رێكخراوه فەرهەنگیەکان بۆ کۆبونەوەی رۆژی جیهانی موعەلیمی لە وێبلاگەکەی خۆیدا بڵاو کردەوە. لەم راگەیاندنەدا رۆژی پێنجشەممە ١٦ی مانگی رەزبەر بۆ کۆبونەوە دیاری کراوە، بەڵام وردەکارییەکان بۆ راگەیاندنی دواتر دواخراوە. موعەلیمانی ئێران لە حاڵێکدا رۆژی ١٦ی مانگی رەزبەریان بۆ بەدواداچونی داواکاریە رەواکانیان دیاری کردوە، کە ٧ مانگ بەسەر یەکەم ناڕەزایەتی موعەلیمان لە مانگی رەشەمەی ساڵی ٩٣ دا تێپهڕ دهبێت. لەم دەورەیەدا سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرین و سەرتاسەری موعەلیمان و هێنانەگۆڕی داواکاریەکانیان، بەڵام دەوڵەتی رۆحانی گوێی پێنەدان. لەم دەورەیەدا لە حاڵێکدا کە حەقدەستەکان و حقوقی مانگانەی سێ جار لەژێر هێڵی هەژاری و بارودۆخی کاریی دژوار و نەگونجاو، ژیان و بەڕێچونی موعەلیمانی دایەبەر مەنگەنە، بەڵام موعەلیمان هەروا درێژەیان بە خەباتی رەوای خۆیان داوە.
دەوڵەتی رۆحانی نەک هەر گوێی نەداوەتە داواکاریەکانیان بەڵکوو بە هەڕەشە کردن لە موعەلیمانی تێکۆشەر لە لایەن هێزی حەراسەتی ئاموزش و پەروەرشەوە و بانگ کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و باقی ناوەندە ئەمنیەتیەکان، هەوڵیداوە کە بەر بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکانیان بگرێت. هێزە ئەمنیەتیەکانی رژیم سەرەتا دوو کەس لە هەڵسوراوانی بزوتنەوەی موعەلیمان بە ناوەکانی هاشمی و باغانیان گرت، دواتر ئیسماعیل عەبدی دەبیری کانونی موعەلیمانی تارانیان خستە زیندانەوە. هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم بەوەشەوە نەوهستان و لە درێژەی ئەم گوشارانەدا لە مانگی گەلاوێژدا نیک نژاد، بۆهلولی و بەهەشتی ٣ کەس لە چالاکانی کانونی سینفی موعەلیمانی تارانیان گرت و رەوانەی زیندانیان کردن تا بەڵکو بتوانن لەم رێگایەوە موعەلیمانی ئێران چاوترسێن بکەن. وێڕای ئەمانە لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگەی موعەلیمان چاوەڕێ بوو کە رەسول بۆداقی موعەلیمێکی دیکەی زیندانی لە ١٣ی مانگی خهرماناندا بە کۆتایی هاتنی دەورەی مەحکومیەتەکەی واتە ٦ ساڵ زیندانی بەردەوام و بەبێ مەرەخەسی ئازاد بکرێت، بەڵام جەنایەتکارانی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەوە بازداشتی ئەویان بە پەروەندە سازی نوێ و دەرکردنی حوکمی مەحکومیەتی سێ ساڵە زیندانەکەیان بۆ تەمدید کردەوە. وێڕای ئەمانە رۆژ نییە کە موعەلیمانی ناڕازی لە شارەکان و گۆشە و کەناری ئێراندا لە لایەن هێزەکانی حەراسەتەوە نەخرێنە ژێر گوشارەوە و یان ناوەندە ئەمنیەتیەکانی رژیم بانگیان نەکات.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشار و هەڕەشانە خەباتی موعەلیمان بۆ ئازادی هاوکارەکانیان و بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریە رەواکانیان درێژەی هەیە. خەباتی موعەلیمان لە ماوەی ٧ ساڵی رابردودا وێڕای بوونی ئەم گوشارانە هەم لەباری شکڵەوە و هەم لەباری دروشم و داواکاریەوە کە لە جەریانی ئەم خەباتەدا هاتنە گۆڕێ، بەشێوەی عەینی لە بازنەی قانونە ئیسلامیەکان و چوارچێوەیەکی بەرتەسک کە هێندێک لە تەشەکولە سینفیەکانی لایەنگری ئیسلاح خوازانی حکومەتی بۆیان تەعریف دەکردن، گەلێک واوەتر چووە. بەپێی وتەی هێندێک لە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی موعەلیمان، مامۆستایان بە ناڕەزایەتیەکانیان پێش “تەشەکولەکانی مەوجود کەوتون”. لەم دەورەیەدا موعەلیمانی تێکۆشەر بە گێڕانی رۆڵی پێشڕەوانەی خۆیان نەیانهێشتوە کە سیاست و هەڵوێستی تەوەهوم ئامێز سەبارەت بە دەوڵەتی رۆحانی و باڵێک لە مەجلیس، بەر بەوە بگرێت کە زەرفیەتەکان و پتانسیەلی خەباتی موعهلیمان بخرێتەگەڕ.
موعەلیمان لە جەریانی خەباتی سەرتاسەری خۆیان لەم دەورەیەدا داواکاری زیاد کرانی حقوقی پایەیی بەرزتر لە هێڵی هەژاری، ئازادی موعەلیمانی زیندانی، ئیستخدام کردنی موعەلیمانی حەق التەدریسی، خوێندنی بەخۆڕایی، کۆتایی هێنان بە خسوسی سازی مەدرەسەکان، مافی دامەزراندنی تەشەکول و هیتریان هێنایە گۆڕێ. بەرەوپێش چوونی خەباتی موعەلیمان لەم دەورەیەدا لە گرەوی پێداگری لەسەر ئەم داواکاریانەیە. دەوڵەتی رۆحانی و لایەنگرانی دوای تەوافوقی هەستەیی هەوڵ ئەدەن کە بە دانی وەعدەی تەوسعەی ئابووری و باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچونی حقوق بگیران خەباتی رەوای موعەلیمان توشی رکود بکەن. بەڵام ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە رۆژی ٢٧ی مانگی خاکەلێوە راست دوو حەفتە دوای تەفاهوم نامەی لوزان و هەروەها کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بە هەزاران کەسی موعەلیمانی مافخوازی ئێران لە بەردەم مهجلیسی شوڕای ئیسلامی لە رۆژی ٣١ی مانگی پوشپەڕدا و دوای تەوافوقی هەستەیی ویەن نیشانیدا کە موعەلیمانی ئێران وشیارتر لەوەن کە فریوی ئەم وەعدە و بەڵێنانەی دەوڵەتی رۆحانی و لایەنگرانی بخۆن.
حزوری بەرینی گاردی دژی شورش و بەکرێگیراوانی لیباس شەخسی لە بەرگرتن لە کۆبونەوەی “مونەزەم و ئاوێتە بە بێدنگی موعەلیمان”، لە رۆژی ٣١ ی پوشپەڕدا و بانگ کردن و هەڕەشە کردن لە موعەلیمان لە لایەن ناوەندەکانی سەربە دەوڵەتەوە بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچونی ئەم کۆبونەوەیە، بێدەنگی ئاوێتە بە رەزامەندی نوێنەرانی مەجلیس لە بەرانبەر ئەم سەرکوتە ئاشکرایەدا بە روونی نیشانی ئەدات کە هەرسێ قوەی قەزاییە، موجریە و یاسادانان لە دوژمنایەتی کردن لەگەڵ داواکاری و ویستی رەوای موعەلیمان و سەرکوتی ناڕەزایەتی ماف خوازانەیان سیاسەت و هەڵوێستێکی وەک یەک و هاوتایان هەیە. ئەم ئەزمون و تەجروبانەی تائێستای خەباتی موعەلیمان نیشانی ئەدات کە سیاسەتی نەرم و تەوەهوم ئامێز سەبارەت بە دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی و باڵێک لە مەجلیس نشینان تا چ رادەیەک دەتوانێ لەتمە لە خەباتی رەوای موعەلیمان بدات. مامۆستایانی پێشڕەو و تێکۆشەر پێویستە بە رۆشنگەری سەبارەت بە ماهیەتی ئەمجۆرە تەوەهوم پەراکەنیانە لەسەر حەیاتی بوونی درێژەی خەباتی موعەلیمان بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان جەخت بکەنەوە.
بە سهرنجدان بە مەوقعیەت و وەزنێکی کۆمەڵایەتی کە موعەلیمان هەیانە و لە رێگای بە ملیۆن قوتابی و خوێنداکارەوە پێوەندیان بە کۆمەڵگەوە هەیە، مەسایل و موشکلاتی پێوەندیدار بە ژیان و بەڕێچونی ئەوان بەشێوەیەکی بەرین لە کۆمەڵگەدا دەنگی داوەتەوە و خەباتی موعەلیمان بۆ دەستەبەر کردنی داواکاریەکانیان خاوەنی مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتیە. موعەلیمانی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەرپا کردنی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە رۆژی پێنجشەممە ١٦ی مانگی رەزبەر، دەیانەوێ جارێکی تر لەسەر داواکاریە رەواکانیان پێداگری بکەنەوە. دانش ئاموزان و کەسوکاریان، هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و هەموو ئینسانە ئازادی خوازەکان پێویستە لە هەر رێگایەکەوە بۆیان دەکرێ پشتیوانی لەم حەرەکەتە بکەن.