کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ئیدانەکردنی سیاسەتی قێزەونی توندکردنەوەی گوشار لەسەر بەهاییەکان

photo 2025 12 13 15 20 59

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە زنجیرەیەک سزای قورسی زیندانی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان، سەرکوتی بەهاییەکانی چڕتر کردووەتەوە.

سەرکوتکردنەکانی ئەم دواییە کە بە تایبەتی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل لە مانگی جۆزەردان و  پووشپەڕی ئەمساڵەوە پەرەی سەندووە، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لێپرسینەوە، درکردنی سزای ناڕەوا و زیندانیکردن و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لەخۆ گرتووە. دەوترێت کە دەسەڵاتی دادوەری بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، ئەم کەمینە ئایینییەی کردووەتە ئامانج و ئەزیەت و ئازار و بەدواداچوون لە دژیان ئاراستە دەکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهایی، کە ڕێکخراوێکی مەدەنی و بەرگریکاری مافی بەهاییەکانە، ڕایگەیاندووە کە لە مانگی پووشپەڕەوە تا خەزەڵوەری ١٤٠٤ زیاتر لە ٧٥٠ کردەوەی ئەزیەت و ئازار و بەدواداچوونی لە سەرانسەری ئێران بەڵگەمەند کردووە، کە ئەم ڕێژەیە سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیە کە لە هەمان مەودای زەمنیی ساڵی ١٤٠٣دا تۆمار کراوە. کە بریتین لە زیاتر لە ٢٠٠ جار هەڵکوتانە سەر ماڵ و شوێنی کار و کاسبی و  دواتریش لێپرسینەوە و دەستگیر و زیندانیکردنی لانیکەم ١١٠ کەس لە بەهاییەکان. بەناو دادگاکانی ڕێژیم جەلەسەی لێکۆڵینەوەیان بۆ زیاتر لە ١٠٠ کەس بەڕێوەبردووە و کۆمەڵێک سزای نوێیان لە نێوان دوو بۆ دە ساڵ زیندان لە دژی بەهاییەکان دەرکردووە. لەم ماوەیەدا لانیکەم ٤٥ کەس بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای زیندانیکردنیان بانگهێشت کراون. لەنێو زیندانیکراوەکاندا، ئەو دایکانەش هەن کە لە منداڵە بچووکەکانیان دابڕاون.

ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا بەردەام کاری کردووە بۆ لەناوبردنی جەستەیی بەهاییەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەوان و هەروەها چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا بە سەپاندنی سزای قورس و بەردەوام بەسەریاندا و ڕازیکردنی دواکەوتووترین بەشی کۆمەڵگەی شیعەئەم ڕژیمە لە لایەن خومەینی و خامنەیی و ئایەتوڵڵا پلە باڵا دەوڵەتییەکان و بە پشتبەستن بە یاسا، ئایین و بیروباوەڕی بەشێک لە خەڵکیان، بە چەواشە و قبوڵنەکراو لەقەڵەم داوە و ژن و پیاوی بەهایی، گەنج و پیر و تەنانەت مناڵەکانی ئەوانی زیندانی کردووە، گەنجانی بەهایی لە خوێندنی زانکۆ و دامەزراندن بێبەشکردووە و دەیان گرفت و نەهامەتی دیکەی بەسەر بەهاییەکاندا سەپاندووەئەوەی کە حکوومەتی ئیسلامی لە دژی دانیشتوانی بەهایی کردوویەتی و دەیکات، ڕێک سیاسەتی ئاڵمانی نازی و فاشیستەکانی تری سەدەی ڕابردووە کە لەدژی یەهوودییەکان و کرێکارە بیانی و سۆسیالیستەکان بەکاریان دەهێنا، یان هەمان سیاسەتی داعشە کە لە شنگال لەدژی کوردانی ئێزیدی بەڕێوەیان برد

بەڵام گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵک و لەوانە بەهاییەکانیش ناتوانێت زۆر بەردەوام بێتڕژیمێکی کە شەرعییەتی خۆی لەدەستداوە، خاوەنی ئابوورییەکی داڕماوە و کێوێک جینایەت لەسەر شانی قورسایی دەکات، خاوەنی ژینگەیەکی وێران و دیپلۆماسییەکی دۆڕاوی ناوچەیی و جیهانییە و لە دۆخێکیشدا کە لەگەڵ جەماەرێک بەرەوڕووە کە ئاواتی مەرگی دەخوازن، ناتوانێت زۆر بەردەوامبێتئەوە له حاڵێکدایە که کرێکاران، خانه نشینان، مامۆستایان، ژنان، لاوان، دادخوازان، هەڵسووڕاوانی مافی نەتەوەیی، مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزان، لە درێژەی دەیان ساڵ خەباتی خۆیان و بەردەوامی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، خەریکن هەنگاو بە هەنگاو بەروگۆڕی دەبەنجیایی دین لە دەوڵەت، نەبوونی ئایینی فەرمی، جیاکردنەوەی ئایین لە پەروەردە، ئازادی ئایین و لە هەمووی گرنگتر ئازادی بێ باوەڕی و نەبوونی هیچ چەشنە ئایینێک، بڕینی هەر جۆرە هاوکارییەکی دارایی و دەوڵەتی لە دامەزراوە و دام و دەزگا ئاینییەکان و هەروەها وەرگرتنی باج لە سەرچاوە دارایی و بازرگانییەکانی دامەزراوە ئاینییەکان، مەرجێکی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتانەی کە بەسەر دانیشتوانی بەهایی و کەمینە ئایینییەکانی دیکەدا دێتئەگەرچی زیاتر لە چوار دەیەیە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندوتیژیترین شێوە پێشێل دەکرێت، بەڵام لەم نێوەندەدا بەهاییەکان تەنیا بە هۆی بیروباوەڕەکانیانەوە، بەدەست بێبەشی و نەهامەتی زیاترەوە دەناڵێنن و هەست و نیستیان بەردەوام لە مەترسیدا بووەلە سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕەئیسی دا، بە پەروەندەسازی و تۆمەتی درۆ و بێبنەما سزای لەسێدارەدانیان لەدژی دەیان بەهایی دەرکرد.

پێویستە لەمڕۆوە بە هەموو ئیمکاناتێکی کە لەبەردەستماندایە و بەبێ هیچ ئەمما و ئەگەرێک داکۆکی بکەین لە مافی ئینسانی هاووڵاتییانی بەهایی لەبەرامبەر ڕژیمی ئیسلامی ئێراندایەکێک لە شانازییەکانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بریتی بووە لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایینەکان و لەوانە بوون و تەحەمولی بەهاییەکانیشکوردستان ئێستاش تاکە شوێن یان لەو بەدەگمەن ناوچانەیە کە بەهاییەکان لەلایەن خەڵکەوە بە باوەشی ئاواڵەوە قبوڵ کراون و ئایین وەک بابەتێکی تایبەتی خەڵک چاوی لێکراوەبەهاییەکان و پەیڕەوانی هەر ئایین و مەزهەب و بیر و باوەڕێک، دبێ بتوانن لە ئازادی و ئاسایشدا بژین و ژیان و ماڵیان لە هەر چەشنە دەستدرێژییەکی حکوومەتی یان توندوتیژیی تاقم و گروپە لات و چەقۆکێشە ئایینییەکان پارێزراو بێتپێویستە هێرش و توندوتیژی لەدژی بەهاییەکان و چاندنی تۆوی ڕق و بێزاری لەدژی ئەوان دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و بەهاییەکان بتوانن لە ئەمنییەت و ئازادیدا درێژە بە کار و ژیانی خۆیان بدەن.