لە ئاگربەستی کاتییەوە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، خواستی دەستبەجێی جەماوەر
ئەو ئاگربەستەی ئێستای شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەی وێرانکارییەکانی کەم کردووەتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە واتای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە نییە. لە ئاگربەستەوە تا ئاشتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئامانج، بەرژەوەندی و پاڵنەرە دژە خەڵکییەکانی لایەنەکانی ئەو شەڕە، هێشتا ڕێگەیەکی دوورودرێژ لە پێشە. هەر بۆیە، لە نێوان داخوازییەکانی ئەمڕۆدا، دەبێ خواستی گۆڕینی بێ شەرت و مەرجی ئەم ئاگربەستە کاتی و لەرزۆکەی ئێستا بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و بەردەوام، لە سەرووی هەموو ویست و داواکارییەکاندا بێت.
ئەوەی ئەمڕۆ هاتۆتە ئاراوە، زیاتر لەوەی کە ئاشتی بێت، وەستانێکی لەرزۆکە لە نێوەڕاستی قەیرانێکی قووڵدا. لۆژیکی سەرەکیی ململانێکان هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە. توانا سەربازییەکانی هەردوولا لەناو نەچوون، ئەنگیزە و پاڵنەری نواندنی هێز و پێشگیری هەر هەیە و بێ متمانەییەکی قووڵیش لە ئارادایە. ئاگربەستی ئێستا کۆتایی ململانێ نییە، بەڵکوو تەنیا وەستانێکی کاتییە بە ئاراستەیەک کە هێشتا بۆی هەیە بەرەو کارەساتێکی گەورەتر بڕوات. لە ئاوا بارودۆخێکدا، هەر ئان و ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم ئاگربەستە هەرەس بهێنێت و شەڕ بە توندوتیژییەکی زیاترەوە دەست پێ بکاتەوە.
ئەم شەڕە نیشانی دا کە ئەمریکا سەرەڕای ئەو باڵادەستییە سەربازییە بەربڵاوە، نەیتوانی ئیرادەی خۆی بەو شێوەیەی کە دەیویست بەسەر لایەنی بەرامبەردا بسەپێنێت. ئەمریکا دەیویست بە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی، لە ناوخۆی ڕژێمدا گۆڕانکارییەک دروست بکات کە لە کۆتاییدا بتوانێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێدا بگاتە ڕێککەوتنی دڵخوازی خۆی. بەڵام ئەم ئامانجە لە ڕێگەی شەڕەوە بەدی نەهات. ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەمریکا توانای سەربازیی خۆی لەدەست داوە، بەڵکوو مەسەلەکە ئەوەیە کە هێزێکی گەورە بەکار هێنرا، بەڵام ئامانجە سیاسییەکەی نەپێکا. لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی تەنیا لەبەر ئەوەی ئامانجەکەی ئەمریکا لە ڕێگەی شەڕەوە نەهاتووەتە دی، دەتوانێت ئیدیعای سەرکەوتن بکات.
بەڵام لە نێوان هەموو ئەم هاوکێشانەی دەسەڵاتدا، ڕاستییەکی ڕوون و حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم شەڕە، شەڕی خەڵکی ئێران نەبوو. نە ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجی خەڵکی ئێران بوون، نە مانەوەی کۆماری ئیسلامی هاوواتای بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە. بۆ خەڵکی ئێران، سەرکەوتن یان شکستی هەر کامیان، بە تەنیا ئازادی، دادپەروەری، خۆشگوزەرانی و ژیانێکی باشتر ناهێنێتە دی.
ئەزموونی ئەم شەڕە جارێکی تر بە ڕوونی نیشانی دا کە موشەک و ئاگر، ڕێگەی ڕزگاریی جەماوەر خۆش ناکەن. لەناوچوونی ژێرخانەکان، وێرانیی شارەکان، ترس، ئاوارەیی، گرانی، ناائەمنی و هەڵوەشانەوەی ژیانی ڕۆژانە، هیچ کام لەمانە خەڵک لە ڕزگاری نزیک ناکەنەوە. ڕاستە کە ڕژێم لەژێر گوشاری شەڕدا لاواز دەبێت و توانای ئابووریی دادەخورێت و کەلێن و ناکۆکییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتدا زیاتر دەبێت، بەڵام لە نێوان لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمێک، مەودایەکی واقیعی و گرنگ هەیە. ئەم مەودایە پێکهاتەی سیاسی، دەزگای کارگێڕی، هێزی سەربازی، تۆڕە ئەمنییەکان و ئامێری سەرکوت پڕی دەکەنەوە. هیچ ڕژێمێک تەنیا لەبەر ئەوەی کەوتووەتە ژێر گوشار، خۆی لەخۆیدا ناڕووخێت. ئەگەر کۆمەڵگە لە خوارەوە خۆی ڕێک نەخستبێت، تەنانەت لاوازبوونی حکومەتیش دەتوانێت نەک ئازادی، بەڵکوو سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شێوەیەکی تری ستەمکاری لێبکەوێتەوە.
لە ئاوا بارودۆخێکدا، سەرەکیترین و دەستبەجێترین ویست و داخوازی دەبێ ڕوون بێت، کە بریتییە لە: گۆڕینی ئەم ئاگربەستە کاتی و لەرزۆکە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بەردەوام و بێ شەرت و مەرج. ئەم داواکارییە، بە واتای بێلایەنی نییە لە بەرامبەر سیستەمی ستەم و سەرەڕۆیی و چەوسانەوە، بەڵکوو بەرگریکردنە لە گیانی مرۆڤەکان، بەرگریکردنە لە دەرفەتی هەناسەدانی کۆمەڵگە، بەرگریکردنە لە هەلی خۆڕێکخستنی جەماوەر و بەرگریکردنە لە داهاتوویەکی کە قرار نییە ئاگری موشەک و گرمەی فڕۆکە دیاری بکات. تا ئەو کاتەی کە ئاگری شەڕ خۆش بێت، بوار بۆ سەرکوت، ئەمنییەتیکردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا، پشتگوێخستنی ویست و داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان و کپکردنی دەنگی جەماوەر زیاتر دەبێت. شەڕی نێوان دەوڵەتەکان لەژێر هەر ناوێکدا بێت، بە کردەوە ڕێگە لە دەخالەتی سەربەخۆی خەڵک دەگرێت. هەر بۆیە، بەرگری لە ئاگربەستی بەردەوام، بەرگریی لە ئەگەری سیاسەتکردنی جەماوەریشە.
تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە چارەنووسی خەڵکی ئێرانەوە هەیە، فاکتەری یەکلاکەرەوە نە سەرکوتنی ئەم دەوڵەتە و نە شکستی ئەو دەوڵەت. بەڵکوو فاکتەری یەکلاکەرەوە، بریتییە لە ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجان و خەڵکی ئازادیخواز. ئەوەی یەکلاکەرەوەیە، دروستکردنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی سبەینێیە لە خوارەوە، ئەو دامەزراوانەی کە بتوانن نوێنەرایەتیی ئیرادەی گشتیی جەماوەر بکەن، بەرگریکاری بەرژەوەندی زۆرینە بن و ڕێگەی ئازادی و یەکسانی خۆش بکەن. ئەم ڕێکخراوبوونە لە ناو جەرگەی خەباتی هۆشیارانە و بەکۆمەڵی جەماوەرەوە سەر هەڵدەدات، لە ناوەندەکانی کار، لە گەڕەکەکان، زانکۆکان، تۆڕەکانی هاوپشتی کۆمەڵایەتی، لە دامەزراوە مەدەنییەکان و لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت ئیرادەی گشتی بکرێتە هێزێکی کاریگەر.
گرنگترین و هەنووکەیی ترین ئەرکەکانی ئێمە لە ئێستادا بریتین لە: خەبات لەپێناو بەدیهاتنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوام، پاراستنی گیان و بژێوی خەڵک، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەمنییەتیکردن و سەرکوت بە بیانووی بارودۆخی شەڕ و بەهێزکردنی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی خەڵک لە خوارەوە. قۆناغی داهاتوو ئەگەر هۆشیاری و ڕێکخراوبوونی لەگەڵدا بێت، دەتوانێت ببێتە قۆناغی نیشاندانی هێزی یەکگرتووی جەماوەرێکی کە لە ناو ئازار و ئاگردا خاراوتر بوون. ئەگەر ئەمڕۆ ئاگربەستی بەردەوام بکەینە داخوازییەکی سەرتاسەری، هەنگاوێکی گرنگمان لەپێناو بەرگریکردن لە ژیان هەڵگرتووە و ئەگەر ئەم ویست و داواکارییە بە ڕێکخراوبوون و دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە گرێ بدەین، ئەو کات دەتوانین هیوادار بین کە سبەینێ نەک هەر لە شەڕ، بەڵکوو لە ستەم و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامیش تێپەڕ دەبین.
