کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەگەڵ نەمانی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی، زەمینەی گه‌شه‌سه‌ندنی توانایی و ئیمکانی بە شادی ژیانی منداڵان فەراهەم دەبێت

230

ئەمڕۆ هەشتی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ١٧ی مانگی ڕەزبەر ڕۆژی جیهانیی منداڵە. ٦٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لە وەها ڕۆژێکدا ئەنجومەنی نێونەتەوەیی تایبەت بە منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (یونیسێف)، ئەم ڕۆژی وەک ڕۆژی جیهانی منداڵان دیاری کرد. لەمرۆدا گەلێک لە وڵاتەکان ئەم ڕۆژەیان بە ڕەسمی وەک ڕۆژی منداڵان قەبوڵ کردووە. لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیشدا ڕۆژی ١٥ تا ٢١ی مانگی ڕەزبەر وەک حەفتەی میللی منداڵان ناو نراوە. بەڵام ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی کە تێیدا ڕیاکارانە بە جێگای یەک ڕۆژ حەفتەیەک بۆ منداڵان دیاری کرادوه‌، وەک یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی دنیا دژ بە منداڵان ناسراوە. چاو گێڕانێکی کورت بە سەر ئەوەدا کە لە ئێران لە ئارادایە قوڵایی ئەم ڕیاکارییە ئاشکرا دەکات.

لەم ڕژیمەدا بەپێی مەوازینی شەرعی شیعەی دوازدە ئیمامی، کە وەک ژێر بینا و مەڕجەعی قانونی ئەساسی و زۆربەی یاسا ئاساییەکانە، کچان لە تەمەنی ٩ ساڵیدا وەک باڵغ دەناسرێن و دەدرێن بە شوو. ئەگەرچی خەڵکی ئێران لە جەریانی ژیانی واقعیدا ئەم جۆرە یاسایانەیان ناوەتە ژێر پێیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەم یاسا ئیسلامیانە تا ئێستا بە سەدان هەزار منداڵی کچ لە کۆماری ئیسلامیدا لەژێر ناوی هاوسه‌رگیری شەرعی دەست درێژی جنسیان کراوەتە سەر. زۆربەی ئەو منداڵانە ئەگەر لە ئاکامی ئەم دەست درێژیەدا توشی خەساری جەستەیی جیدی نەبوو بن، بەڵام پرۆسەی گەشەی سروشتیان ڕاوەستاوە و لەباری ڕەوانییەوە بە توندی لەتمەیان وێکەوتووە. تەنانەت کاتێک لە ئاکامی خەبات و ئاستی فەرهەنگی کۆمەڵگادا تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ کچان گەیشتۆتە ١٣ ساڵ، بەم حاڵەشەوە دەستی کەسوکار و ئاخوندەکان بۆ بە شودانی شەرعی بە کراوەیی هێشتراوەتەوە. بەپێی هەمان شەرع و یاسا، تەنبێ کردنی جەستەیی منداڵان لە لایەن کەسوکارەوە ئیجازە پێدراوە. نمونە ئاشکراکانی منداڵ ئازاری لەمرۆدا لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی چاپی تارانی پڕکردووە.

لە ساڵەکانی دەیەی شەست دا کۆماری ئیسلامی دەیان هەزار منداڵی دانش ئاموزی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق کرد و لەوان بۆ پوچەڵ کردنەوەی مەیدانەکانی مین کەڵکی وەرگرت. موجتەبا جەعفەری یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران لە دەورەی شەڕدا ئیعتیڕافی کرد کە لەم شەڕەدا زیاتر لە ٣٣ هەزار خوێندكار کوژراون. هێشتاش لەم پێوەندەدا دەست لە جەنایەت هەڵناگرێت و ساڵانە منداڵانی دەبستانی بۆ گەڕانی بەناو زانستی دەبه‌ن بۆ بەرەکانی شەڕ تا بیرەوەری شەڕی کۆنەپەرستانە لە زەینەکاندا بە زیندویی بهێڵنەوە. هه‌روه‌ها هەر چەند مانگ جارێک ئێمە شاهیدی تەسادوفێکی دڵ تەزێنی شۆفیرین لەم مەسیرانەدا و مەرگی مەزڵومانەی منداڵانی خوێندكارین.

ئامارەکانی ڕژیم نیشانی ئەدات کە ٤ ملیۆن کەس لە منداڵانی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا لە خوێندن بێبەش کراون و بە ڕیزی منداڵانی کارەوە پەیوەست بوون. ئەم منداڵە بێ دیفاعانە لە بەر مەترسی هەموو نەخۆشیەکی کۆمەڵایەتی دان و لەوانە گیرۆدە بوون بە ماددەی هۆشبەر. دەست درێژی بۆسەر منداڵانی کار و خیابانی و بە تایبەت بۆسەر کچان، لە لایەن باندەکانی جەنایەتکارەوە پەرەی سەندووە. لە نێو منداڵانی کار و خیابانیدا منداڵانی ئەفغانستانی زیاتر لە منداڵانی ئێرانی لەبەر مەترسی چەوسانەوە، ئازار، بێبەش بوون لە مافی کۆمەڵایەتی و دەست درێژی دان. منداڵانی کچ و کوڕی ئەفغانستانی لەسەر بنەمای یاسای دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی لە مافی بەهرەمەند بوون لە ئاموزش، بێهداشت و بیمە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن. مەئمورانی ڕژیم لەگەڵ ئەم منداڵانە وەک تاوانبار هەڵسوکەوت دەکەن.

یەکێک لە موسیبەتەکانی تر کە لەژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا لە بنا گویی کچان و بنەماڵە کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لە بۆسەدایە لەش فرۆشییە. باندەکان و ماڵەکانی تایبەت بە ڕابواردن، منداڵانی کچ و تەنانەت کوڕان ڕاودەکەن و دەیانێنە ئیختیار خاوەنانی سەروەت و سەرمایەوە. بەڵام گرفتی منداڵانی کار لە ئێران تەنیا منداڵانی سەرگەردان نییە لە سەرشەقامەکان. کاتێک کە لەسەر بنەمای قانونی کاری کۆماری ئیسلامیی، کارگا چکۆلەکانی کەمتر لە ١٠ کرێکار، مەشمولی هیچ بازڕەسی و لێپرسینه‌وه‌ یاسایی نین و بەسەر ئەم جۆرە ناوەندانەی کاردا هیچ کۆنترۆڵێک زاڵ نییە، ئەم ناوەندانە، پڕن لەو منداڵانەی کە بە وەحشیانە ترین شێوە دەچەوسێنەوە و رۆح و جەستەیان بەرەو لەنێو چوون دەچێت. لەم کارگایانەدا هەمان ئەو کارەی کە بە کەسێکی گەورە دەکرێت بەسەر منداڵانیشدا دەسەپێ و واداریان دەکەن تا لە بەرانبەر هەموو ئەمر و دەستورێکدا گوێ ڕایەڵ بن.

ئێستا ئەگەر بە ملیۆن منداڵی ئێرانی لە داوی ئەم موسیبەتە کۆمەڵایەتیانە گیانیان بە سڵامەت ڕزگار کردووە و چوونەتە نێو موحیتی مه‌دره‌سه‌وه‌، لەوێدا چ چارەنوسێک لە به‌رامبه‌ریان دایە؟ ڕژیم بۆ زاڵ بوون بەسەر مەیدانی ئاموزشدا و بەرگرتن لە شکستی دین لە بەرانبەر زانست دا، مەدرەسەی کردووه‌تە ناوه‌ندی ئاموزشی مەزهەب، خورافات و مەکتەبی مەحفوزاتی توتی وار. لەم شوێنەدا بە جێگای ئەوەی کە منداڵان و توێژی لاو یارمەتی بدرێن تا خۆیان دنیا و دەورووبەریان ئەو جۆرەی کە هەیە بناسن، خوێندكاران وادار دەکرێن تا مێشکیان لە بڕێکی زۆر لە مەعلوماتی نا پێویست، زیادی و ئاوەژو کراو بئاخنن. لە قوتابخانە و ئاموزشگاکانی ئێراندا قەبارەیەکی گەورە لە خورافاتی مەزهەبی لە لایەن ئاخوندەکان، پاسدار موعەلیمەکان، خاهەرانی زەینەبەوە دەرخواردی خوێندكاران ئەدرێت.

ئەو ڕاستیانەی کە بە کورتی ئاماژە بە چەند لایەنێکیان کرا، نە تەنیا هیچ هیوایەک بۆ داهاتویەکی شاد و تەندروست بۆ زوربەی منداڵان لەژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نا هێڵنەوە، بەڵکوو زەمینە و بواری لەنێو چوونی جستە و دەروونیان فەراهەم دەکات. ئەگەر خەباتی کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز و کەسوکاری وشیاریان لەدژی ئەو هۆکارەی لەنێوچوونیان نەبوایە، لەمڕۆدا منداڵان لە ئێران لە بارودۆخێکی گەلێک خراپتردا بوون. لەم بارودۆخەدا تەنیا بە هاتنە مەیدانی هێزی گەورەی دانش ئاموزان و خوێندکاران، مۆعەلیمان و ئوستادانی تێکۆشەر و بە پێوەند دانەوەی ئەم خەباتە بە خەباتی کرێکاران و سەرجەم بێبەشانی کۆمەڵگا، دەکرێ هەوڵ بدرێت کۆماری ئیسلامیی بۆ زاڵ بوون بەسەر فەزای ژیانی منداڵاندا پوچەڵ بکرێتەوە و سەرئەنجام بە كۆتایی هێنان به‌ حاکمییەتی ڕژیم، بوارەکانی گەشە و گه‌شانه‌وه‌ی‌ ئیستعدادەکانی منداڵان و ئیمکانی بە شادی و بە سڵامەتی ژیانیان فەراهەم بکرێت.