کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەگەڵ قەیرانی ئاو و هاوینێکی گەرەم لەبەردەم ئێراندا 

Untitled 19

  هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ ی مانگی جۆزه‌ردان بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ئاوی خواردنەوەی زۆرێک لە گەڕەکی شارەکانی ئوستانی مەرکەزی، لە وانە تاران و کەرەج بۆ چوارەمین جاری بەردەوام بڕاوە. لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری کەرەج بە تانکەر ئاویان دابەش کردوە. هەواڵنێریی دەوڵەتی ئیلناش لە زمان یەکێک لە کارناسانی حەوزەی ئاوەوە نووسیویەتی:” ئێمە قەیرانی ئاوی تارانمان چارەسەر نکردوە، لەبەرانبەردا ئوستانەکانی دیکەی دەوروبەریشمان خراپ کرد و ڕۆژانەش چاومان لە ئاسمانە“.

ئێستا لە سەرودەمی هاتنی وەرزی هاوین نیگەرانیەکان سەبارەت بە قەیرانی ئاو لە سەرتاسەری ئێراندا ڕوو لە زیاد بوونە کە ئێران لە هاویندا یەکێک لە دژوارترین دەورەکانی کەم ئاوی خۆی دەبینێ. کاربەدەستانی ڕژیم بۆ کەمبوونی ئاو دوو هۆکار باس دەکەن: یەکەم، کەم بوونەوەی ڕێژەی باران بارین و دووهەم، بەکارهێنانی زۆری ئاو لە کشتوکاڵدا. هەڵبەت هەردووکیان ڕاستن، بەڵام تەنیا بەشێک لە ڕاستیەکەن. ئەوان گرنگترین هۆکاری کەم بوونی ئاو کە بریتی بێت لە گەندەڵی نیهادینە بوو لە سیستمی ڕژیمدا بە تەواوی لەبیر کردوە. سەبارەت بە یەکەمیان دەبێ بپرسین کە چ کەسانێک بە نەزانم کاری و قازانج پەرستی، بوونەتە هۆکار تا کەم بوونی باران بارین، ئێران بەم شێوەیە بەرەوڕووی کەم ئاوی زۆر بکاتەوە؟ یەکێک لەم هۆکارانە، خاڵی کردنی بێ بەرنامەی ئاوی ژێر زەویە کە تەنانەت بە باران بارینی زۆریش پڕ نەبۆتەوە. بەپێی ئامارە دەوڵەتیەکان ڕەقەمێکی نزیک بە ملیۆنێک بیر لە ئێراندا بوونیان هەیە کە ٧٥٨ هەزاریان لە دەورەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا لێدراون. لەم نێوانەدا زیاتر لە ٢ سەد هەزار بیر تەنانەت بەبێ ئیجازە و پەروانەن کە زیاتریان بۆ مەسرەفی ویلا و باخە تەفریحیە شەخسیەکانی سەروەتمەندان و سەرمایەداران لە گۆشە و کەناری ئێران بوون. تەنیا لە ساڵی ١٣٨٩ دا دەوڵەتی مەحمود ئەحمەدی نیژاد بە دانی لایەحەیەک بە مەجلیس ئیجازەی بۆ لێدانی بە دەیان هەزار بیری ئاوی بێ پەروانە دەرکرد.

  سیاسەتی کەڵانی خودکەفایی کەشاوەرزی، بەبێ لەبەرچاو گرتنی زیان و هۆکارەکانی، کەمتەرخەمی و پڕۆژەی کارناسی نەکراو، مەفیای پیشەسازی و ڕانت خۆری سپای پاسداران، گەندەڵی نیهادینە بوو لە دامودەزگا دەوڵەتیەکاندا، بەگشتی دەستیان دایە دەستی یەک و خەسارێکی قەرەبوو نەکراویان بە سەرچاوە سروشتیەکانی ئاو گەیاندوە و هاوسەنگی ئیکۆلۆژیک و هاوئاهەنگی توخمە سروشتیەکانیان تێکداوە. ئەم چەند نونەی خوارەوە زۆر ڕوون و ئاشکران: گەورە ترین کارخانە پیشەسازیەکانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان نەک لە لێوارەی دەریایی باشور، بەڵکو لە بیابانەکانی ناوەندی ئێراندا دروست کردوە و بە گواستنەوەی ئاوی کاروون پەرەی پێدراوە. سەدی گتوەند لە باشوری ئێران وێڕای سەرفی هەزینەی زۆری، بە ملیۆن میتر سێجا خوێی کێوەکانی ناوچەی کۆبوونەوەی ئاوی سەدەکەی لەخۆیدا تواندۆتەوە و بە هەزاران هێتار لە باشترین زەویە کشتوکاڵیەکانی پشتی سەدەکەی کردۆتە شۆرەکات. بە وتەی خودی سەرچاوە دەوڵەتیەکان ٣٠ لەسەدی ئاوی نێو تۆڕەکانی ئاوی لولەکەشی شاری بەکردەوە لەنێو دەچێت و هیچ هەوڵێک بۆ نۆژەن کردنەوەی لولەکان ئەنجام نادرێت. لە حاڵێکدا کە دروست کردنی بێ بەرنامەی سەدە کارناسی نەکراوەکان دەبنە هۆکاری وەشک بوونی دەریاچەی ژیانبەخشی ورمێ، لە عەینی حاڵدا زیاتر لە ٣٠ لەسەدی ئاوە پاشەکەوت کراوەکانی پشت سەدەکان کە بۆ کشتوکاڵ بەکار دێن، بە فیڕۆ دەچێ. ئیستانداردی جیهانی زایەبوونی ئاو لە کشتوکاڵدا بە شێوەی مامناوەند ٦ لەسەدە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە، تا کاتێک کە ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە و نان، مەسکەن و ئازادی و ژینگەی خەڵکی لە گروگان گرتوە، دیمەنگایەک بۆ چارەسەری ئەم جۆرە گرفتانەی کە داوێنگیری زۆربەی خەڵکی ئێرانە، بوونی نییە. دەزگایەکی گەندەڵی ئیداری کە ئەم ڕژیمە دایمەزراندوە، توانایی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خەسارە سروشتیەکان لەوانە وشکەساڵی، چارەسەری بنەرەتی و ساختاری کەمبوونی ئاوی نییە. بۆ ئەم ڕژیمە ئەولەوییەت، بەردەوام سەرکوتی خەباتی عەدالەتخوازانە و ئازادیخوازانەی خەڵک و زیندانی کردنی نەیارانی بووە. ئەم ڕژیمە هیچ داخوازیەکی بەبێ ئەوەی کە لە لایەن خەڵکەوە هەست بە مترسی جیدی بکات، دابین ناکات. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دەست خاوەنانی بەرحەق و بە توانایەوە واتە کرێکاران و شۆڕاکانی سەرچاوەگرتو لە ئیرادی ئازادانەی خەڵکەوە، لە ئاوا وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن سەروەتی گەورەی سروستی و هێزی کاری داهێنەری لەبن نەهاتوو کە هەیەتی، بێ گومان کێشە و گرفتەکانی ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی خەڵک کە بەم شێوەیە وێرانیان کردوە، چارەسەر دەبێت.