کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە وتووێژی فریوکارانەی شۆڕای باڵا سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەست، نانێک بە سفرەی کرێکاران زیاد نابێت

بەپێی یەکێک لە ڕاپۆرتەکان ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی شۆڕای باڵای کار لەسەر پرسی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٣ی کرێکاران، بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، کۆبوونەوەکە بەبێ هیچ ئاکامێک کۆتایی هاتووە. تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام لەو قسانەی بەشدار بووانی کۆبوونەوەکە کە گەیشتووەتە دەستی ڕۆژنامەکان، دەردەکەوێت کە ئەمجارەشیان وەک ساڵانی ڕابردوو، سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەستەکان، هەمان یاری مشک و پشیلەی ناو فیلمە کارتۆنییەکان دووبارە دەبێتەوە. نوێنەرانی خانەی کارگەر کە بەشداری ئەم کۆبوونەوانە بوون دەڵێن، بەو پێیەی تا ئێستا دەوڵەت ئاستی سەبەتەی بژێوی، کە بنەمای گفتوگۆکانە سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران، دیاری نەکردووە. کۆبوونەوەکە بە کردەوە نەیدەتوانی هیچ بڕیارێک بدات. ڕۆژنامەی کار و کارگەر هەر لەو پێوەندییەدا لە قەولی یەکێک لە نوێنەرانی خانەی کارگەر لە شۆڕای باڵای دیاریکردنی حەقدەستەکان دەنووسێت: “لە بارودۆخی ئێستادا تەنانەت ئەگەر پایەی حەقدەست بە ڕێژەی ١٠٠% زیاد بکرێت و لە پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار تەمەنەوە بگاتە دە هەزار و شەش سەد تمەن، هێشتا کێشەی کرێکاران چارەسەر نابێت، هەر بۆیە چاوەڕێین ژمارەی کۆتایی سەبەتەی بژێویی دیاری بکرێت، جا دواتر لەسەر بنەمای نرخەکەی، بچینە ناو دانوستانێکی جددیەوە. ئەم قسانە دووبارەبوونەوەی هەمان یاریی ساڵی ڕابردووە لەم ڕۆژانەدا. نوێنەرانی دیاریکراوی دەوڵەت بۆ کرێکاران، بەم لێدوانانە دەست پێدەکەن و سەرەنجام هەربەو ژمارانە ڕازی دەبن کە لەلایەن دەوڵەت و خاوەنکارانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

خامنەیی لە پەیامی نەورۆزیی ساڵی ڕابردوودا، ساڵی ١٤٠٢ی وەک ساڵیکۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و گەشەی بەرهەمهێنانناوبرد. ڕۆژنامەی کار و کارگەر لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممە، سەروبەندی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا، لێکۆڵینەوەیەکی کردووە لەسەر کارنامەی دەوڵەت سەبارەت بە ڕادەی بە کردەوە دەرهێنانی ئەو دروشمە و دەنووسێت: دەوڵەت هیچ سەرکەوتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی ئەو دروشمەی ساڵدا، واتە نە بەرهەمهێنان زیادی کردووە، نە کارگەکانیش پاڵپشتی کراون و نە هەڵاوسانیش کەم بووەتەوە. ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت ئاماژە بە هەڵاوسانی ٤٠% دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بواری کەلوپەلە سەرەتاییەکان و جلوبەرگدا، زۆر زیاترە لە ٤٠% و نزیکەی ١٠٠% هەڵاوسانمان هەبووە“. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەیەکی گشتی سیستەمی سەرمایەداریی ئێران لە داوی قەیرانێکی ئابووریی هەمەلایەنەدا گرفتارە و وەک هەمیشە بۆ کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە پەنا بۆ بەردەستترین ئامرازەکان دەبات کە بریتییە لە چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری کرێکاران. هەربۆیە بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی گفتوگۆی فریوکارانەی شۆڕای باڵای دیاریکردنی حەقدەستەوە نانێک بە سفرەی کرێکاران زیاد ناکرێت. بەڵام کرێکاران بە هەماهەنگ کردن و یەکخستنی خەباتی ڕوو لە گەشەی خۆیان دەتوانن هەلومەرجی کار و گوزەرانی باشتر بەسەر ڕژیمی و چینی سەرمایەداری ئێراندا بسەپێنن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان بەسەر سەرچاوەی سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایەدا گرتووە، هەتا نەکەونە ژێر گوشاری خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەریی کرێکاران، ژیانی کرێکاران و بنەماڵەکانیان باشتر ناکەن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سەرجەم ئەو سەرمایەدارانەی کە لە دەوری ئەم ڕژیمە کۆبوونەتەوە، لە غیابی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کرێکاریدا، هەروا بەردەوام دەبن لە کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان و پاراستن و بەهێزکردنی دام ودەزگاکانی سەرکوت. ئەوان توانیویانە بە پشتبەستن بە لەشکری ملیۆنی بێکاران، هەژاری و دووبەرەکی و دژوارترین بارودۆخی کارکردن و حەقدەستی کەم بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن. لەم دۆخەی ئێستادا کە چینی کرێکار و نەوەی داهاتووی ئەو چینە، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، تەنها بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاریی تەوەر دەتوانرێت بەر بەم لەناوچوونە بگیرێت. بزووتنەوەیەکی لەم چەشنە، لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا دەتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی. بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاری تەوەر، پێویستە ئەو خەباتانەی ئێستا خۆیان لەم پرش و بڵاوییە ڕزگار بکەن. پێویستە داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی چینی کرێکار لە ئاستێکی سەراسەریدا ببێتە پرسی سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، ژن و پیاو، کرێکاری سادە و لێهاتوو، فەرمی و گرێبەستی. وەدیهاتنی ئەم پرسەش لە گرەوی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاریی دايە لە ڕەهەندێکی سەرتاسەریدا. بە بەشداری و دەخالەتی چالاکانە لە خەباتەکانی ئێستای کرێکاران و بەهێزکردنی ڕۆحی هاوپشتی چینایەتی لەم خەباتانەدا، دەتوانرێت هاوسەنگی هێزی چینایەتیی بە قازانجی کرێکاران بگۆڕدرێت و بزووتنەوەی کرێکاریی پێگەیەکی گونجاوتر بۆ خۆڕێکخستن و گەیشتن بە ویست و داواکارییەکانی بەدەست بهێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-