کاربەدەستانی دەوڵەتی دەیانوت کە شەپۆلی نوێی گرانی کاتیە و سەرچاوەگرتو لە رۆژەکانی نزیک بوونەوەیە لە سەرەتای ساڵی نوێه. ئهوان دهیانوت دوای جێژن گوایە نرخەکان کەم دەبنەوە. بەڵام جێژن هات و رۆیی و نرخەکان نە تەنیا لەسەر جێی خۆیان مانەوە بەڵکو هەروا روو لە هەڵکشانیشدان. لە نرخی بلیتی ئوتوبوسەوە گرتویەتی کە ٢٠ لەسەد زیادی کرد تا دهكات به نرخی پیواز کە گەیشتە کیلۆی ١١ هەزار تمەن، لهو مابهینهدا کالایەک نەماوەتەوە کە شاملی ئەم بەرز بوونەوەی نرخانە و ڕێسوا بوونی ئیدیعاکانی سەرانی ڕژیم نەبێت.
ئەگەر لە ٦ مانگی دواییدا زیاتر کاریگەری ڕەوانی تەحریمەکان لەسەر بازاڕ بوو کە گرانی کالاکانی جێی پداویستی خەڵکی بەشوێنەوە بوو، لە مانگەکانی داهاتودا کە شاهیدی ئاسەوار و دواهاتی ڕاستەوخۆی تەحریمەکان دەبین كه بێگومان شوێنەواری بهرچاوی لەسەر کالا و خزمەتگوزاریەکان دهبیت. بەم واتایە کە لە ساڵی داهاتوودا هەژاری زیاتر بەسەر کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگادا دەسەپێ. کارگای زیاتر دادەخرێت و بێکاری زیادتر دەبێت. خاوەنکاران بە بیانوی ڕکود و قەیران حقوقی مانگانەی کرێکاران زیاتر وەدوا دەخەن. زیاتر بوونی گرانی و دابەزینی توانایی کڕینی زۆربەی دانیشتوانی کۆمەڵ ئیتر بە یارانە و بەستەی حیمایەتی جاروبارە و بە موحتاجی دەستی یارمەتیەکانی کومیتەی ئیمداد ڕاگرتنی خەڵک، قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئابووری سەرمایەداری ئێران لەژیر هیدایەت و ڕێبەری حکومەتی ئیسلامیدا بە تەواوەتی گەیشتۆتە بونبەست. سەرمایە گوزاری دەرەکی بە هۆی سزا ئابووریەکان و ناسەقامگیری سیاسی زۆر کەم بۆتەوە و له ئاستی سیفر نزیكه. سەرمایە نێوخۆییەکان بە هۆی ڕکودی بازاڕ، لەسەرەوە بوونی هەزینەی بەرهەمهێنان، دڵنیا نەبوون لە داهاتو و هیتر زیاتر بەرەو بازرگانی و توجاڕەت چوون. کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان کە لە ئیختیار دەوڵەت و سپای پاسداران دان بە هۆی لاوازی بەڕێوەبردن و گەندەڵی ئیداری و ماڵی لەژێر زەرفیەتی خۆیاندا کاردەکەن.
گومان لەوەدا نییە کە پهرهسهندنی هەژاری و بێکاری کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بارودۆخی کار و ژیانی ژنان و پیاوانی کرێکار و لەش ساخی منداڵەکانیان داناوە و دادەنێت. دڵەڕاوکێی دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیان، کەمتر دەرفەت بە ئاوڕدانەوە لە بابەتەکانی تر بە کرێکارێک کە بەرپرسی دەستەبەر کردنی نانی شەوی بنەماڵەکەیەتی، ئەدات. لەگەڵ ئەوەدا هەژاری و بێکاری پەرە بە تەفرەقە لەنێو کرێکاراندا ئەدات و لەم بارەیەوە کاریگەریەکی خراپی لەسەر ئاستی خەباتی کرێکاران لەگەڵ سەرمایەداران و دەوڵەت دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ئابووری سەرمایەداری ئێران بە تەحریمەکانی ئەمریکا و یان بەبێ ئەم تەحریمانەش، ڕێگایەکی بۆ دەربازبوون لە بارودۆخی ئێستا له بهردهم نییه. تهنانهت ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئەم ڕژیمەش ئۆلگویەکی جیا لەوەی کە ناوەندی ماڵی سەرمایەداری جیهانی دەیکتەی دەکەن، شک نابەن. کەوایە تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی دابین کردنی بەڕێچوونی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، تەنیا ڕێگایەک کە بۆ ڕزگار بوون ماوەتەوە ئەوەیە کە ئەم خەڵکە خۆی ڕاستەخۆ بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیانیان دەست بەکار بن و مافەکانیان لە گەروی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان دەربکێشن. کرێکاران بە هاوئاهەنگی و یەکگرتو کردنی خەباتی روو لە پەرەسەندنیان دەتوانن بارودۆخێکی کار و ژیانی باشتر بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا بسەپێنن. سەرانی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر سەرچاوەیەکی گەورە لە سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایە رۆنیشتون، تا کاتێک نەکەونە ژێر گوشاری خەباتێکی یەکپارچە و سەرتاسەری کرێکاران و خەڵکی بێبەش باشتر بوونێک لە ژیانی کرێکاران و بنەماڵەکانیاندا بەدی نایت. لەم روەوە خەباتی ئێستای کرێکاران و توێژی ماف خوازی کۆمەڵ بۆ داخوازی دیاری کراو و لە خزمەت هێور کردنەوەی بارودۆخی دژواری ژیانی کرێکاران لە عەینی حاڵدا بۆتە هۆی سەرخوردە نەبونیان و هیوادار بوون بە ئاڵوگۆڕ لە ناخی چینی کرێکاریدا بە زیندووی ڕادەگرێت. بە کرێکاران دەرفەتی زیاتر بۆ بەرگرتن لە بە هەدەر چوونی جەستەیی و دەروونیان ئەدات. ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە هامانحاڵدا کە ئامرازێکی یەکلا کەرەوە بۆ دەستەبەر بوونی ویست و داخوازیەکانی هەنوکەیی بزوتنەوەی کرێکاریە، ڕێگا بۆ نواندنی دەوری چینی کرێکار لە هیدایەت و ڕێبەری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی داهاتو خۆش دەکات. خەباتی ئێستای کرێکاران دەورێکی یەکلا کەرەوەی لە زیندو راگرتن و بەهێز کردنی فەزای خەباتکارانە و کردنەوەی فەزای سیاسی لە کۆمەڵگادا هەیە. بەردەوام بوونی بێ پسانەوەی خەباتی کرێکاران و كۆمهڵانی ههژار و مافخوازه ئەو كه كهش و ههوای سیاسی كۆمهڵگا دهگورێت. خەباتی ئێستای کرێکاران لە عەینی حاڵدا بەستێنێکی گونجاویشە بۆ خۆرێك خستنی چینی کرێکار. تەشەکولە جەماوەری و چینایەتیەکانی کرێکاران بەرهەمی بزوتنەوەی متالباتی ئێستا و ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان ئەو میکانیزمانەن کە کرێکاران لە ڕێگایانەوە پەی بە گرنگی و پێویستی ڕێکخراو بوونیان دەبەن. له ههمان كاتدا، ئهمه تهنیا رێگایهكی سهر راسته بۆ بهرهوروو بوونهوه لهگهڵ گرانێكی بێسنور كه وڵاتی داگرتووه.