کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەسێدارەدانی ٤ بەندکراو لە زیندانی ورمێ، لاپەڕەیەکی ڕەشی ترە بە کارنامەی حکوومەتی ئیسلامییەوە.

Aram Wafa Rahman

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ ٢٩ی دێسامبری ٢٠٢٣ی زایینی، چوار زیندانی بە ناوەکانیئارام عومەری، وەفا هەنارە، ڕەحمان پەرهاز و نەسیم نمازیلە زیندانی ورمێ ناوەندی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سێدارە دران. بە وتەی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی، تۆمەتی ئەو کەسانە بریتی بووە لەسیخوڕی و کاری تێکدەرانەبۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. جێگای ئاماژەیە کە هەر ئێستا ٦ کەسی تریش بە هەمان تۆمەت لە زینداندان. ئاژانسی هەواڵیمیزانسەر بە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، ئێعدامکراوەکانی بە هەوڵدان بۆ کاری تێکدەرانە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، تاران، هورمزگان و هەروەها ئاگرتێبەردانی ئۆتۆمبێل و بینای دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و ناردنی وێنە بۆ ڕێکخراوی سیخوڕیی ئیسرائیل (موساد)، تۆمەتبار کردووە. شەوێک بەر لە ئێعدامکرانی ئەو کەسانە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ژووری تاکەکەسی، پارێزەرەکانیان و کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤ، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە ئەگەریلەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە دەربڕیبوو. بە پێی هەواڵەکان، ئێعدامی ئەو چوار کەسە لە دۆخێکدا بە کردەوە دەرهاتووە کە تەنیا ٤ ڕۆژ بەسەر پەسەندکرانی حوکمی ئێعدامەکەیان لە لایەن دادگای باڵای ڕژیمەوە تێپەڕیوە و پارێزەرەکانیان داوای پێداچوونەوەیان بە پەروەندەکانیاندا کردبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە پەلە و پێش لە دادگاییکردنەوە، زیندانییەکانیان لە سێدارە دا. لەسێدارەدانی ٤ زیندانی بێ دیفاع و سەرجەم تۆمەتەکانی بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی لە دژیان، لەوانە سیخوڕیکردن بۆئیسرائیل، کە لەژێر ئەشکەنجەیەکی وەحشیانە و بێبەزەییانەدا بەرێوەچووبوو، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەنگیزەیەکی بەهێزی سیاسی لە پشت ئەم تاوانەوە بووە. ئەم تاوانە دڕندانەیە تەنیا ڕۆژێک دوای ناشتنی ڕەزی موسەوی یەکێک لە فەرماندە باڵاکان و یاریدەدەری قاسم سولەیمانی بەرێوە چوو کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دەمێشق کوژرا. دوابەدوای ئەوە بەرپرسانی ورد و درشتی سپای پاسداران و بەرپرسە سەربازییەکانی تری کۆماری ئیسلامیهەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل کرد. بەڵام وادیاره ئەو تۆڵەیان لە زیندانیانی بێ دیفاع و کۆت و بەندکراوی ناو سیاچاڵەکانی ڕژیم کردەوە. کردەوەیەکی کە بێ پێشینە نییە و لە کاتی شکستی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئێران و عێراقیشدا، ڕژیمی ئیسلامی بە فەرمانی دامەزرێنەر و ڕێبەرە سیاسی و ئایینیەکەی واتەڕوحوڵڵا خومەینی، تۆڵەیخواردنەوەی جامە ژەهرەکەی و شکستەکەی لە شەڕی ٨ ساڵەدا، لە زیندانیانی سیاسی کردەوە. لەو جینایەتەدا سەرەتاکۆمیتەیەکی مەرگیان دیاریکرد کە ئەم سەرۆککۆمارەی ئێستا (ڕەئیسی) یەکێک لە ئەندامەکانی بوو، دواتر لەماوەیەکی کورتدا بە هەزاران زیندانی سیاسی بێ دیفاعیان لەسێدارەدا. لەسێدارەدانی جینایەتکارانەی ئەم چوار کەسەش، نموونەیەکی دیکەی کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی ڕژیمی ئیسلامییە، کە ئەمجارەیان لە تۆڵەی فەرماندەیەکی باڵایسپای قودسلە سوریا کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە کوژرا، لە زیندانیانی بەندکراوی کوشتارگەی ورمێ کرایەوە.

کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنییەوە تا ئێستا، بە ڕشتنی خوێنی ئینسانی بێ دیفاع، بە کوشتار و سەرکوتی تاک و بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگادا، بە قەتیس کردنی کۆمەڵگای ئێران لە قەفەزی ستەم و سەرەڕۆیی مەزهەبیدا و بە هەناردەکردنی تیرۆر و جینایەت بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و نائەمنکردنی جیهان، ئەمنییەت و درێژەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی پاراستووە، بە لەسێدارەدانی ٤ بەندکراوی دیکە لە زیندانی ورمێ و ڕاگرتنی سەدان بەندکراو لە ژێر تیغی جەلاد و لە چاوەڕوانی لە سێدارەدان و مەرگدا، لاپەڕەیەکی دیکەی بە کارنامەی پڕ لە جینایەتی خۆی زیاد کرد. کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی مەزهەبی و پشتیوانی سەرمایە، ڕۆژانە و بە بەردەوامی کرداری توندوتیژی و سەرکوت لە کۆمەڵگادا، لە فۆرمە هەرە دژە ئینسانییەکەیدا بەرێوە دەبات و سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێنێتەوە. لە سێدارەدان، کردەوەیەکی جینایەتکارانە و بێبەزەییانەی حکوومەتی ئینسان کوژە لە دژی تاوانبارانی کۆت و بەندکراوی بێدەسەڵات، کە گیان و ژیانیان لە دەست دەسەڵاتدارانی ستەمکاردایە. هەر وەک مارکس دەڵێت،ئەمە چ جۆرە کۆمەڵگایەکە کە ئامرازێکی باشتر لە جەلاد بۆ بەرگریکردن لە خۆی ناناسێت؟ لە کۆمەڵگایەکدا کە ئینسان کوژ و جەلاد دەسەڵاتدارە، تروسکەیەک لە دادپەروەری بەدی ناکرێت. بێ گومان کۆمەڵگایەکی لەم جۆرە، شایستەی مرۆڤی ئەمڕۆ نییە و پێویستە ژێر و ژوور بکرێت و کۆمەڵگایەکی دیکە بنیات بنرێت. کۆمەڵگایەک کە تیایدا هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدان و نەهێشتنی زیندانەکان، ئازادیی بێ شەرت مەرجی سیاسیی، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی باوەڕ و چاپەمەنی و زیندانی نەکردنی ئینسانەکان لەسەر بیروباوەڕ، لە زومرەی بنەڕەتیترین مافەکانی هاووڵاتیان بێت. لە چوارچێوەی شۆڕشی زیندوو و چالاکیژن، ژیان، ئازادیدا، پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە بە پشت بەستن بە ئامرازە ڕزیوەکانی زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام، نەک هەر وەڵامدەرەوە نییە و ناتوانێت کۆمەڵگای پڕ جۆش و خرۆش و چاونەترس و خوازیاری گۆڕانکاریی ئێران، بێدەنگ بکات، بەڵکوو ئاگری تووڕەیی و نەفرەتی جەماوەر لەدژی خۆی بڵێسەدارتر دەکات و دەبێتە هۆی هۆشیاری و ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی زیاتر لەپێناو گۆڕانکاریدا.