لە رۆژانی ڕابردوودا، حوکمی سێدارەی سێ بەندکراو بە تۆمەتی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە زیندانە جیاوازەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکێک لەو هاووڵاتییانە بە ناوی “بێهروز سوری” خەڵکی کوهدەشت سەر بە پارێزگای لۆرستان، ساڵی 1401 بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و دواتر حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. حوکمی سێدارەی ناوبراو رۆژی سێشەممە 20ی گەلاوێژ لە زیندانی لاکانی رەشت جێبەجێ کرا. هەروەها شەفیع شەوکەتی، هاووڵاتی خەڵکی شارستانی ئێرانشار و باوکی چوار منداڵ، ماوەی 7 ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە لایەن دەزگای قەزایی رژیمەوە دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و رۆژی دووشەممە 2ی خەرمانان حوکمەکەی جێبەجێ کرا. لە هەمان کاتدا هاووڵاتیەکی دیکە بە ناوی “عەلی زیبایی” تەمەن 48 ساڵ و باوکی دوو منداڵ، رۆژی یەکشەممە 1ی خەرمانان لە زیندانی ناوەندی سمنان لە ئێعدام کرا.
