ڕۆژی ڕابردوو و لە بەردەوامی شەپۆلی لەسێدارەدانی بەندکراوان لە ئێران، سێ دەستبەسەر کراوی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە ئێعدام کران.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی میزان سەر بە دەزگای قەزایی ڕژیم، ئەم سێ کەسە بە ناوەکانی مەهدی قاسمی، ساڵح محەمەدی و سەعید داوودی بە تۆمەتی “موحارەبە” و بەشداری لە کوژرانی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. شایانی باسە کە لەسێدارەدانی ئەو سێ بەندکراوە لە پێش چاوی هەمووان ئەنجام دراوە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی زۆرتری خەڵکی ناڕازی.
